لە سلێمانی مەراسیمێکی فراوان بۆ یادکردنەوەی دیار غەریب (هەڵمەت) رێکخرا - نوێکرایەوە

لە شاری سلێمنای بە بەشداری سەدان هاوڵاتی و نوێنەرانی لایەنە سیاسیەکانی باشوری کوردستان، بۆ یادکردنەوەی دیار غەریب (هەڵمەت) ئەندامی دەستەی گشتی کەجەکە و هەردوو هەڤاڵەکەی شاهین و دەوران کە پێکەوە شەهید بوون، مەراسیمێکی فراوان رێکخرا.

مەراسیمەکە بە خولەکێک رێزگرتن بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد. دواتر گروپی منداڵانی گەرمیان ئەو سرودەی کە شەهید دیار غەریب خۆشی دەویست، پێشکەشیان کرد.

لەسەر ناوی خانەوادەی دیار غەریب، لاڤە غەریب خوشکی شەهید پەیامی خانەوادەکەی خوێندەوە. لە پەیامەکەدا باسی ئەمەکرا: "ئێمە بەڕێزەوە یادی شەهید دیار غەریب و هەموو شەهیدانی کوردستان دەکەینەوە. رێباز و تێکۆشانی هەڤاڵ هەڵمەت، رێگەی رزگاری کوردستانە. ئێمە دەمانەوێت کە هەموو کەسێک لەسەر رێبازی هەڤاڵ هەڵمەت بەردەوامی بە خەباتەکەی بدات و رێگەی ئازادی زیاتر گەش بکەن."

دوای خوێندنەوەی پەیامەی خانەوادەکە، لەسەر ناوی کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی دایە سارا قسەی کرد و وتی، "هەڤاڵ هەڵمەت پێشەنگی شۆرش بوو، پیشەنگی ئێمە بوو، ئێمە بەڵێن دەدەین تا سەرکەوتن و جێبەجێکردنی خەیاڵەکانی هەڤاڵ هەڵمەت، بەردەوامی بە رێبازەکەی بدەین."

دواتر پەیامی کەجەکە بە بۆنەی دووەمین ساڵیادی شەهیدبوونی دیار غەریب و هەردوو هەڤاڵی خوێندرایەوە.

چەندین شاعر کە لەناویاندا هەڵۆ بێکەس کوڕی شێرکۆ بێکەسیش هەبوو، شیعرەکانیان لەبارەی شەهید هەڵمەت خوێندەوە.

دوای خوێندنەوەی شیعر تارا حسێن هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی قسەی کرد. تارا حسێن لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە هێڵی خیانەت و هاوکاری کرد کە وایکرد دیار غەریب (هەڵمەت) ئەندامی دەستەی گشتی کەجەکە شەهید ببێت و رایگەیاند، بۆ خاوەنداریکردن لە بیرەوەری دیار غەریب پێویستە هەموو کەسێک لە بەرانبەر داگیرکەری دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان و هێڵی خیانەت و هاوکارانی دوژمن هەڵوێستی خۆیان پیشان بدەن.

مەراسیمەکە دوای پەیامی هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی، بە نیشاندان سینەڤزیۆنێک لەبارەی ژیان و تێکۆشانی دیار غەریب بەردەوام بوو.

لە کۆتاییدا مەراسیمەکە بە دروشمی 'شەهیدان نامرن ' ، 'هەڵمەتەکان نامرن' و 'بمرێت خیانەت' کۆتایی هات.

ف.ق