لە سلێمانی سەدان کەس لە دژی داگیرکاری ڕژانە سەر شەقامەکان

سەدان هاوڵاتی لە شاری سلێمانی بە پێشەنگایەتیی ژنان لە دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و هاوکارییەکانی پەدەکە بۆ ئەو داگیرکەرییە ڕژانە سەر شەقامەکان.

سەدان هاوڵاتی سلێمانی بە پێشەنگایەتی ژنان، بۆ شەرمەزارکردنی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بە هاوکاریی پەدەکە بۆ سەر ناوچەکانی گەریلا و باشوری کوردستان، کە لە ١٧ی نیسانەوە دەستیپێکردووە، ڕژانە سەر شەقامەکان.

ڕێپێوانەکە بە پێشەنگیی ژنان لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی دەستیپێکرد. لە ڕێپێوانەکەدا پۆستەرێک بەرزکرابوویەوە و لەسەری نووسرابوو "سڵاو لە بەرخۆدانی گەریلا، نا بۆ داگیرکاری و نۆکەرایەتی، بەڵێ بۆ تێکۆشانی هاوبەش". هاوکات چەندین وێنە و بەڵگەنامە لەسەر هاوکارییەکانی پەدەکە بەرزکرابوونەوە. لە هەمان کات دا وێنەی ژنانی پێشەنگی کوردیش بەرزکرابوونەوە.

چالاکوانان تووڕەیی خۆیان لە رێپێوانەکەدا بە وتنەوەی دروشم دژ بە داگیرکاریی تورک و هاوکاریی پەدەکە دەردەبڕی. هاوکات دروشمی پشتیوانی لە گەریلاکانی ئازادیش دەوترایەوە. لە ڕێپێوانەکەدا دروشمەکانی وەک "بژی بەرخۆدانی گەریلا"، "بمرێ خیانەت" و "سوپای تورک بۆ دەربەدەر" دەوترانەوە.

دوای ڕێپێوانەکە، ڕاگەیاندراوێک لەلایەن چرۆ شوانی-یەوە خوێندرایەوە و لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەبێ بەکرێگیراوی ناوخۆیی هیچ هێرش و داگیرکارییەکی ئەنجام نەداوە. ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە بەرەیەکی یەکگرتووی ژنان هەیە لە سەرتاسەری کوردستان لە دژی هەموو هێرش و داگیرکاری و پیلانەکانی دوژمن. پێویستە پشتیوانی لە بەرخۆدانی ژنانی تێکۆشەر و گەریلا بکەین لە چیا ئازادەکانی کوردستان، کە کەرامەت و خاک و بوونمان دەپارێزن. ئەمڕۆ ڕۆژی تێکۆشانە لە دژی داگیرکاری و کاتی ئازادی و تێکۆشانی دژ بە فاشیزمە. ئیتر قبوڵی ناکەین سەروەتی ئەم خاکە ببێتە بۆمب و بەسەر سەرماندا بەر بدرێتەوە".

دوای سوتاندنی وێنەی ئەردۆغان و وتنەوەی دروشمی "تیرۆریست ئەردۆغان" چالاکییەکە کۆتایی پێهات.

ژ.ت