لە سلێمانی یادی شەهیدانی ١٧ی شوبات و ڕۆژانی دوایی کرایەوە

یادی دەیەمین ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات و ڕۆژانی دوایی لەلایەن کەسوکاری شەهیدانەوە بە مەراسیمێک کرایەوە، لە مەراسیمەکەدا وێڕای شەرمەزارکردنی دەسەڵات و دووپاتکردنەوەی داخوازیی و پەیامی شەهیدان داواکرا سزای سەر گیراوانی بادینان هەڵبوەشێنرێتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە کتێبخانەی جەمال عیرفان، لە شاری سلێمانی، ١٠یەمین ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات لەلایەن کەسوکاری شەهیدانی ١٧ی شوبات و ڕۆژانی دوایی بەڕێوەچوو، لە مەراسیمەکەدا وتاری کەسوکاری قوربانیانی ١٧ی شوبات پێشکەشکرا و خەڵاتی ساڵانەی ١٧ی شوباتیش پێشکەش بە سێ کەسایەتیی کرا.

سەرەتا تارا حسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: دوای ١٠ ساڵ لەو یادە لە سلێمانی خۆپیشاندەر دەکوژرێت و لە هەولێریش گرتن و سزادانی ئازادیخوازان بەردەوامە، دادگاییەکەی دوێنێی هەولێر پەیامی دەسەڵاتبوو، کە ئازادیخوازان ماف-یان نییە، یان سزادەدرێن یان دەخرێنە زیندان یان تیرۆردەکرێن، ئەوەش هاوکاتبوو بە پلانگێڕی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەر ئۆجالان و ١٧ی شوبات.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا: ئێمە بەڵێن دەدەین کە وەفاداردەبین بەرامبەر بە خوێنی ئەوان و درێژەپێدەری ڕێگاکەیان دەبین و پاشەکشەناکەین لە داخوازییەکانیان.

دواتر پەیامی خانەوادەی شەهیدانی ١٧ی شوبات لەلایەن شێخ فاروقەوە پێشکەشکرا و وتی: دەسەڵات باکی لە میللەت نییە و تەنها بیر لە گیرفانی دەکاتەوە، خەریکی دزی و قاچاخچێتی و تاڵانین، لە بەرامبەر داواکردنی مافی خۆمان فیشەک دەنێن بە نێوچاومانەوە، بەڵام هەتا ئێمە هەبین دەنگی ئازاد هەردەمێنێت، تاکە شت کە دڵی ئێمەی ڕاگرتووە تەنها کەسانی ئازادیخواز و ئەو خەڵکەن کە ١٧ شوبات لەبیرناکەن.

لە درێژەی مەراسیمەکەدا چەند وتارێک لەلایەن کەسوکاری شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات و ڕۆژانی دوایی پێشکەشکرا، وێڕای بیرهێنانەوەی شەهیدان و بەڵینی درێژەدان بە ڕێگاکەیان دەسەڵات شەرمەزارکرا و داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای سەر گیراوانی بادینان کرا.

لە کۆتایشدا خەڵاتی ساڵانەی ١٧ی شوبات و ڕۆژانی دوایی دابەشکرا بەمجۆرە:

خەڵاتی یەکەم درا بە مێرمنداڵێکی تەمەن دە ساڵ بە ناوی ڕێژوان، کە ١٠ ساڵ لەمەوبەر باوکی بەهۆی شەهید ڕێژوان یەکەم شەهیدی ١٧ی شوباتەوە ئەو ناوەی لێدەنێت.

خەڵاتی دووەم درا بە سەبیحە محەمەد کە یەکێک بوو لەو چالاکوانانەی بەدرێژایی ٦٢ ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات، لە سەرای ئازادیی بووە و بە دایکی خۆپیشاندەران ناسرابوو، بەڵام خۆی لە ئێستادا لە ژیاندا نەماوە و خەڵاتەکە لەلایەن محەمەد مەهدی کوڕییەوە وەرگیرا.

خەڵاتی سێیەمیش درا بە زانا عەلی کە یەکێکە لەو چالاکوانانەی لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات و زۆربەی خۆپیشاندانەکانی دیکە ڕۆڵی هەبووە، زانا عەلی دوای وەرگرتنی خەڵاتەکەی خۆی پێشکەشکرد بە گیراوانی بادینان و هەولێر.

ف.ق