لە سنە و مەریوان نەورۆز بە جۆش و خڕۆشێکی گەورە پیرۆز کرا

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جۆش و خڕۆشی نەورۆز بەردەوامە و چەندین ئاهەنگ ئەنجامدران.

مەریوان

چەند ڕۆژێکە لە زۆر شار و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدژی قەدەغە و کردەوەکانی ڕژێمی ئێران، ئاهەنگی نەورۆز ئەنجام دەدرێت. لە مەریوانیش بە هەزاران کەس بۆ پیرۆزکردنی نەورۆز رژانە نێو گۆڕەپانەکانی نەورۆز.

دەستپێشخەری دیموکرتیکی گەل ئەمڕۆ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لە هەموو مەریوانیەکان کرد کە بەشداری لە ئاهەنگی نەورۆزدا بکەن.

دەستپێشخەریەکە رایگەیاندبوو، لە ٥ گوندی مەریوان: کانی دیندار، چۆرونەن، دەشتی بیلۆ و گوێزەکڕە، ئاهەنگی نەورۆز ساز دەکرێن.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە هەزاران کەس لە گوندەکانی دەورۆبەرەوە بەشداریان لە ئاهەنگی نەورۆزی مەریواندا کرد.

سنە

دوێنی لە سنەش ئاهەنگێکی گەورە سازکرا. ٧ تاوەکو ٧٠ ساڵ، هاوڵاتیان بە جلوبەرگی کوردیەوە بەشداریان لە ئاهەنگەکەدا کرد. گەل دروشمی وتەوە و چەندین کاتژمێر هەڵپەڕین.

کۆدار، پژاک و کەژار و زۆر ڕێکخستنی کوردی و کەسایەتی رایانگەیاندبوو کە رژێمی ئێران هەوڵ دەدات نەورۆز بێواتە بکات . بۆیەش داوایان کرد کە هەموو کەسێک بەشداری لە ئاهەنگەکاندا بکات بە رۆح و ئیرادەی کوردەواری و تێکۆشان بەرز بکەن.

ف. ق