لە وان ناڕەزایەتی لە دژی داخستنی هەدەپە

رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە وان ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە داخستنی هەدەپە دەربڕی.

عەلی کالچک سەرۆکی کۆمەڵەى ژینگە پارێزانی وان – (چەڤ دەر / ÇEV-DER)، حوسێن یاڤیچ سەرۆکی ژووری پزیشکانی وان و جۆلەمێرگ، حەنیفە گیوزەل هاوسەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەى کۆچ لە وان لە دژی دۆزی داخستنی هەدەپە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.

عەلی کالچک باسی ئەوەیکرد، ئەگەر حیزبی سیاسی نەبێت دیموکراسیش نابێت و وتی، "هەوڵەکان بۆ داخستنی حیزبێک، کە ٦ ملیۆن دەنگدەری هەیە، پەیوەندیی بە هیچ ئەخەلاق و ویژدانێکەوە نییە. بۆچوونی حیزبێکی سیاسی قبوڵ نەکرێت ئەوەش هەر دیموکراسییە، بەڵام ئەوەی ئێستا ئەنجام دەدرێت فاشیزمە، ئێمە ئەوە بە راست نازانین. ئەوە هێرشێکە لە دژی ئیرادەی کوردان و نکۆڵیکردنی کوردان".

حەنیفە گیوزەل رایگەیاند، هەدەپە دەنگی ٦ ملیۆن کەسی هەیە، ئەوەش بە مانای ئەوەیە نزیکەی ٢٠ ملیۆن کەسی لە پشتە و وتی، "ئەستەمە سکاڵای داخستنەکە قبوڵ بکرێت. دەبێت هیچ دەنگدەرێکی ئاکەپە، مەهەپە و جەهەپەش ئەوە قبوڵ نەکەن. لە رووی دیموکراسی و ئاشتییەوە ئێمە نیگەرانین و داوا لە حکومەت دەکەین، کە دەست لەو هەڵوێستەى هەڵگرێت".

حوسێن یاڤیچ وتی، "دەبێت رێکخراوەکان لە دژی داخستنی هەدەپە کار بکەن. پێشتریش حیزب داخراون. ئەو ئەنجامەى لەو داخستنی حیزبەکان روویدا بۆ هەموان روونە. گەل ئیرادەی هەیە، حیزبێکی سیاسی هەیە، کە دەنگی ملیۆنەها کەسی بە دەستهێناوە".

ژ.ت