لە وان پشکنینی ئەشکەنجە لە شوێنی دەستبەسەر کردن ئەنجام دەدرێت

دەبێت پشکنینی ئەشکەنجە لەسەر کەسە دەستگیرکراوەکان تەنیا لە دەزگا تەندروستیەکان بکرێت، بەڵام ئاشکرا بوو کە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی وان داوای رەوانە کردنی پزیشکی لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی شارەکە کردووە بۆ ئەوەی لە شوێنی دەستبەسەرکردن پشکنین بکات.

بە گوێرەی یاسا و پرۆتۆکۆلی ئیستەنبوڵ دەبێت پشکنینی ئەشکەنجە تەنیا لە لایەن دامەزراوە تەندروستییەکانەوە بکرێت، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی وان لە رێگەی نایاساییەوە داوای ئەرکدارکردنی پزیشکی لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی شارەکە کردووە. بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی شارکەش ئەو داواکاریەی قەبوڵ کردووە و پزیشکی دابین کردوە. بەم جۆرە پزیشکێک کە ئەرکدارکراوە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس پشکنین بۆ دەستگیرکراوان دەکات.

بە گوێرەی پرۆتۆکۆلی ئیستەنبوڵ لە دەزگای تەندروستیدا پشکنین لە شوێنێک کە تەنیا پزیشک و کەسی دەستگیرکراوی تێدابن، دەتوانرێت ئەنجام بدرێت. راپۆرتی ئەشکەنجە دەبێت تەنیا لە دەزگای پزیشکی ئامادە بکرێت. بە گوێرەی یاساکان ئەستەمە کە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس پشکنینی ئەشکەنجە ئەنجام بدرێت.

هـ . ب