لە ئامەد بە سەدان هەزار کەس نەورۆزیان پیرۆز کرد

لەگەڵ هێرش و ئاستەنگیەکانی پۆلیسی تورک، سەدان هەزار کەس لە ئامەد نەورۆزیان پیرۆز کرد. لە ئاهەنگەکەدا داوای هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد و خاوەنداری لە زیندانیان و هەدەپە کرا.

گۆڕەپانی نەورۆزی ئامەد کە هەموو ساڵێک میوانداری سەدان هەزار کەس دەکات، ئەمساڵ بە بەشداری سەدان هەزار کەس پیرۆزکرا. پارکی نەورۆز کە لە ساڵێ ٢٠١٣ نامەی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد تێدا خوێندرایەوە و زیاتر لە ملیۆنێک کەس بەشداریان کرد، ئەمساڵ بە بەشداری سەدان هەزار کەس بە جۆش و خڕۆشەوە پیرۆز کرا. هەموو ساڵێک کە شارەوانی لە دەستی هەدەپەدا بوو، ئۆتۆبوسی شارەوانی گەلی دەبردە گۆڕەپانەکە. بەڵام ئەمساڵ شارەوانی کە داگیرکراوە لەلایەن قەیومەوە، ئۆتۆبۆسیان نەکردە خزمەتی گەل. ئەم جارە ئۆتۆبۆسەکان پۆلیسیان بردە گۆڕەپانی نەورۆز.

لەگەڵ هەموو ئاستەنگیەکان جەماوەر بە جلی سەوز و سوور و زەر گۆڕەپانی نەورۆزیان نەخشاند و کەلتوری کوردیان پیشاندا. ئەندامانی تۆڕی کەلتور و زمان و پلاتفۆرمی زمانی کورد کە لە ٢٢ی شوباتەوە دەستیان بە کەمپینی زمانی کوردی کردبوو، لە گۆڕەپانەکە ستاندنیان دانا و ئیمزایان کۆکردەوە. گەل پێشوازیەکی گەرمی لە کەمپینەکە کرد و چالاکوانان بە هەزاران ئیمزایان کۆکردەوە.

بە سەدان هەزار کەس بەشداری لە نەورۆزدا کرد و تا کۆتایی ئاهەنگەکە دروشمیان بۆ ئازادی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد وتەوە. لەگەڵ هەموو ئاستەنگیەکان، گەل پۆستەری عەبدوڵلا ئۆجالانیان بردە گۆڕەپانەکە و بێوەستان دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ و بێ سەرۆک ژیان نابێتیان وتەوە.

لە گۆڕەپانی نەورۆز ئەوەی سەرنجی رادەکێشا، ئاڵاکانی پەکەکە بوو. دوای ئەوەی سولەیمان سویلۆی وەزیری ناوخۆی تورک وتی ئێمە لەناومان بردوون، زیادبوونی ئاڵاکانی پەکەکە سەرنج رادەکێشێت.

گەل تۆڕەیی خۆی لەدژی گۆشەگیری پیشاندا و خاوەنداریان لە چالاکی مانگرتنی زیندانەکان کرد. جەماوەرەکە بێوەستان دروشمی ' بژی بەرخۆدانی زیندانیان' وتەوە. هەروەها پانکارتی ' رۆحی نەورۆز لە زیندانەکان لە سەرتاسەری ژیان زیندوو بووەتەوە و گەیشتووەتە واتای مێژوویی خۆی'.

جەماوەری ئامەد ناڕەزاییان لەدژی هەوڵی داخستنی هەدەپە پیشاندا و رایانگەیاند، هەدەپە گەلە و گەل لێرەیە، دەست لە ئیرادەمان هەڵبگرن. هەروەها گەل داوای یەکێتی نەتەوەیی کوردی کرد و قسەی جگەرخوێنیان وتەوە کە دەڵێت 'ئەگەر نەبنە یەک هەمووتان دەڕۆن یەک بە یەک'.

بە هەزاران کەس بە پێشەنگایەتی ئەنجومەنی گەنجانی هەدەپە پانکارتی 'سڵاو لە ڕۆژمان' ، ' بەرخۆدانمان بەردەوامە' بەرزکردەوە و سڵاوی خۆیان بۆ ئۆجالان نارد. گەنجان بە گۆرانی هونەرمەند قادر چات ' دیرەن ها دیاربەکرد دیرەن' زیاتر گۆڕەپانەکەیان گەرم کرد و داوای ئازادی ئۆجالانیان کرد.

ژنان و گەنجان لەدژی کشانەوە لە پەیمانی ئەستەنبوڵ ناڕەزاییان پیشاندا و ئاکەپەیان شەرمەزار کرد.

دواتر ئاهەنگەکە کۆتایی هات و گەنجان پۆل پۆل لە گۆڕەپانی قامشلۆ تا گۆڕستانی یەنیکۆی ڕێپێوانیان ئەنجامدا. گەنجان بێوەستان دروشمی ' بژی سەرۆک ئاپۆ، هەدەپە گەلە و گەلی لێرەیە، بێ سەرۆک ژیان نابێت' وتەوە. پۆلیسیش ٥ کەسی بە لێدان دەستگیرکرد.

ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد بە داواکاری ئازادی بۆ ئۆجالان دەستیپێکرد و بە هەمان داواکاری کۆتایی هات.

ف.ق