لە ئامەد گەل پۆل پۆل روو لە گۆڕەپانی نەورۆز دەکەن

لەشاری ئامەد گەل بەرەو پارکی نەورۆز کەوتەڕێ کە بڕیارە لەوێ نەورۆز پیرۆز بکرێت.

نەورۆزی ٢٠٢٣ لە دەیان شاری باکوری کوردستان و تورکیا بە دروشمی "هەموو شوێنێک نەورۆز، هەموو کاتێک ئازادی" و "بە ئاگری نەورۆزەوە بەرەو ئازادی" بە شێوەیەکی شکۆمەندانە پیرۆزکرا.

نەورۆزی ئەمساڵ کراوەتە دیاری قوربانیانی بومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی مەرەش. کۆتا مەراسیمی ئەمساڵی نەورۆزیش لە ئامەد بەڕێوە دەچێت.

جەماوەر لە بەیانی زووەوە روویکردووە پارکی نەورۆز لە ناوچەی رەزان.  ئەوەی سەرنج رادەکێشێت زۆری بەشداربوونی ژنان و گەنجانە. جەماوەرەکە بۆ ماوەیەکی زۆر لە خاڵەکانی پشکنین راگیران.

لە پێنج قۆڵەوە خەڵک دەچنە ناو پارکی نەورۆز. لە بولواری قامیشلۆ ٢ خاڵی پشکنین، لە شەقامی نەورۆز و گەڕەکی باغجلاریش ٦ خاڵی پشکنینی جیاجیای پۆلیس دانراون.

دوای ئەوەی دەست بە چوونە ناو گۆڕەپانەکە کرا جەماوەر لە کاتژمێر ٠٩:٣٠ لە دەرگای فەرمیەوە چوونە ناو گۆڕەپانەکە.

شانۆی گۆڕەپانەکە بە هۆی قوربانیانی بومەلەرزە بە رەنگی رەش رازێنراوەتەوە و پەیامی 'سەری گەلەکەمان ساغ بێت' لە سەر شانۆکە هەڵواسراوە.

هەروەها پۆستەری ژینا ئەمینی بە نوسراوی "بە تاڵی قژی ژینا ئەمینی ئێمە گوڕ بە تێکۆشانی ژنان دەدەین" و پۆستەرێکی کەمال کورکوت بە نوسراوی "کەمال کورکوت نامرێ" لە گۆڕەپانەکە هەڵواسراوە.

لە گۆڕەپانەکەدا زۆر پۆستەر هەڵدراون و گەنجان و ژنان بە جلوبەرگی نەتەوەییەوە بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کردووە.

ژنان و گەنجان بە ئاڵاکانی ئامەدسپۆر، سەوز و سور و زەرد چوونە ناو گۆڕەپانەکە، دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "بێ سەرۆک ژیان نابێت" و "ژن، ژیان، ئازادی"ی دەڵێنەوە و بە هەلهەلە و چەپڵەڕێزان بەرەو گۆڕەپانەکە دەڕۆن.

بەسەدان پۆلیس لە دەوروبەری شانۆی نەورۆز جێگیر کراون. پۆلیسەکان لە دەوروبەری میکسەرەکانن و هەرکات دەنگی دروشمەکان بەرزدەبنەوە دەستوەردان لە میسکەرەکاندا دەکەن.

پەرلەمانتاری هەدەپە فەلەکناس ئوجا لە دژی دەستوەردانی پۆلیس لە سیستمی دەنگی گۆڕەپانەکە وەستایەوە. پۆلیسەکان لە نێوان گۆڕەپانەکە و شانۆی نەورۆز تەلبەندیان دروسکردووە. بەرزی تەلەکان پێنج مەترە و ژمارەیەکی زۆر پۆلیس لەبەردەم تەلبەندەکەدا ریز کراون.

هـ . ب