لە ئامەد هەڵمەتێکی واژۆکردن بۆ داننان بە ستاتۆی ڕۆژاوا دەستیپێکرد

بە سەدان لایەنی سیاسی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەڵمەتێکی واژۆ کۆکردنەوەیان بە دروشمی، "ستاتۆ بۆ ڕۆژاوا، ئازادی بۆ گەلان" بۆ داننان بە ستاتۆی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستپێکرد.

لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی واژۆ لە بە دروشمی، " ستاتۆ بۆ ڕۆژاوا، ئازادی بۆ گەلان" دەستیپێکرد و تێیدا داوای دانپێدانان بە ستاتوی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرا. ئەم لێدوانە لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی باشووری ڕۆژهەڵات (GGC) ڕاگەیەندراوە. هەروەها کەسکین بایندر هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان و نوێنەری زۆرێک لە پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش تێدا بەشداریان کرد. بەیاننامەکە بە زمانی کوردی و تورکی خوێندرایەوە.

لە بەیاننامەکەدا بەمشێوەیە هاتووە:

"لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە کانگای کولتوور، زمان و بیروباوەڕی گەلانە، گرژیەکان هەر سات قووڵتر دەبنەوە. ئەو سنوورانەی کە لە شەڕی یەکەمی جیهانی کێشرابوون، نکۆڵی واقیعی کولتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی ناوچەکەیان کرد، یانێ کێشەکانی ناوچەکەیان گەورەتر کردەوە. ئەو دۆخەی لە ساڵانی ڕابردوودا جێبەجێ کراوە، ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی قەیران و شەڕی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێنێتە کارەوە. سەدەی ڕابردوو نیشانیدا کە هیچ هاوکێشەیەک یان سیاسەتێک کە نکۆڵی لە ڕاستی جوگرافیای ئێمە بکات چارەسەری بەدوای خۆیدا ناهێنێت. هەر هاوکێشەیەک لەسەر ئەم بنەمایە بێجگە لە شەڕ و مردن هیچی تر پێشکەش بە گەلان ناکات.

هەروەها لە واقیعی سوریادا، ئەو پێشهاتانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتوونە ئاراوە، نیشاندەری ئەوەن کە پڕۆژەکانی دەوڵەت نەتەوە کە لەسەر نکۆڵیکردنی گەلان و جیاکارییەکان بنیات نراون، چیتر ناتوانن بەردەوام بن. لە سوریا تاکە چارەسەر ئیرادەی گەلانی ناوچەکەیە بۆ خۆبەڕێوەبەری. لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا مۆدێلی بەڕێوەبەری کە بە پێشەنگایەتی ژنان بنیات نراوە، دەرفەتی ئاشتی و ئارامی بۆ گەلانی ڕەخساندووە. حکومەتی تورکیا کە سەد ساڵە کێشەی کوردی چارەسەر نەکردووە، ئەمڕۆ لە هەوڵی تێکدانی مۆدێلی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی ڕۆژاوایە. زۆر جار ڕوون بووەتەوە کە سیاسەتی لەم جۆرە دەرئەنجامی نییە و هیچ سوودی بۆ چارەسەری پرسی کورد نییە، نە لە تورکیا و نە لە سووریا و نە لە هیچ شوێنێکی دیکە. بەپێچەوانەوە بەهۆی ئەو سیاسەتانەوە پرسی کورد بووەتە پرسێکی جیهانی."

ئێمە وەک پارت و لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە دیموکراتیکەکان کە واژۆیان لە خوارەوە هاتووە؛ لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی سوریا و ڕۆژاوا دەکەین.

لەسەر ئەم بنەمایە ڕای گشتی ئاگادار دەکەینەوە کە 'پەیماننامەی جڤاکی ڕۆژاوا' ئامانجی دامەزراندنی دادپەروەری و ئازادی و دیموکراتیک لە کۆمەڵگەیەکی یەکسان و ئیکۆلۆژیدا کە جیاکاری لەسەر بنەمای ئایین و زمان و ڕەگەز و باوەڕ و مەزهەب و ڕەگەز نەمێنێت و بۆ بەدەستهێنانی بەهاکانی ژیانێکی هەمەچەشنی دامەزراوە کە تێدا ڕێز گرتن لە مافەکانی ژنان و منداڵان و ڕێزگرتن لە بیروباوەڕەکان لەسەرووی هەمووانەویە. ئێمە وەک گەلانی هەرێمە دیمۆکراتیکەکان؛ کورد و عەرەب و سریانی و تورکمان و چیچانی ئەم پەیمانە پەسەند دەکەن.

بانگەوازی ئێمە ئەمەیە؛ ئەو گەلانەی لە ناوچەکەدا دەژین، چیتر ناتوانن بەبێ شوێن بژین. بە تایبەتی چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کورد دەبێتە هۆی ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەسەر ئەم بنەمایە داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین دان بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا بنێن و پشتیوانی لە دامەزراندنی ئیدارەیەکی دیموکراتیک بکەن لە سوریا کە تێیدا مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت."