ھەر یەک لە کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە)، پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)، بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا)، ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتی، فیدراسیۆنی کۆمەڵەی یاساناسان و پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان و سزادراوانی مەد (مەد-توھادفەد) و چەند ڕێکخراوێکی دیکەی کۆمەڵگەی مەدەنی، لەبارەی هێرشی پەدەکە لە هەرێمی باشووری کوردستان بۆسەر گەریلاکانی ئازادی لە نووسینگەی فەرمانگەی پشتیوانی گشتی دەبەپە لە ناوچەی ڕەزانی ئامەد کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان بە ناونیشانی "ئەرکی ئێمە پاراستنی دەستکەوتنەکانمانە و ڕێگریکردنە لە براکوژی" ئەنجامدا. لە کۆنگرەکەدا ھەروەھا نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش ئامادە بوون.
لە کۆنگرەکەدا ڕاگەیەندراوێک لەلایەن بەردان ئۆزتورک، هاوسەرۆکی کەجەدە خوێندرایەوە. کە تێیدا ھاتووە، "گەلی کورد بە قۆناغێکی مێژووییدا تێدەپەڕێت، کە لە لایەک لە ڕووی ئازادییەوە دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەمدایە و لە لایەکی دیکەوە ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە دەبێتەوە. مێژوو و هەلومەرج، بەرپرسیارێتی پاراستنی دەستکەوتەکانمان و پاراستنی ئازادیی خستووەتەسەر شانی هەر یەک لە ئێمە. هەرکەسێک کە دەیەوێت گەلی کورد بەشێوەیەکی ئازاد جێگەی خۆی لە مێژوودا بگرێتەوە و بووەتە ھاوبەشی ئەو ئامانجە، لە پێناو بەدیهاتنی پێویستە بەو هەستیارییەوە مامەڵە بکات.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، "لەم سەردەمەدا کە گەلی کورد لە هەموو لایەکەوە ڕووبەڕووی هێرشی دژوار دەبێتەوە و هێزە نێونەتەوەیی و ناوچەییەکان هەوڵ دەدەن دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەناو ببەن، ئەگەری شەڕ و پێکدادان لە نێوان کورد هەرگیز قبوڵ ناکرێت. چوونکە ساڵانێکە لەپێناو بەدیهێنانی یەکڕیزی نێوان گەلی کورد و پێکھێنانی یەکێتی نەتەوەیی هەوڵدەدەین، داوا لەو کاربەدەستانە دەکەین، کە بە کردەوە و پەیوەندییەکانیان تادێت دەبنە ھۆی دروستبوونی پێکدادان، بە خۆیاندا بچنەوە و بەرژەوەندییەکانی گەلەکەیان لەبەرچاو بگرن".
ئۆزتورک وتیشی، "ئەوان ھێشتا لەژێر کاریگەری شەڕی براکوژی و شەڕی نێوان کوردان لە ڕابردوودان، کە کارەسات و ماڵوێرانی قورسی لێکەوتەوە، ئەمڕۆش وەک ڕابردوو ئەو هێزانەی دەیانەوێت گەلی کورد شکست بھێنێت و چەوساوە، بن دەست و بێ قەوارەی بکەن، زۆرترین سوود لە شەڕی نێوان کوردان دەبینن. ئەوانەی دەیانەوێت گەلی کورد بەگژ یەکدا بدەن و بۆ سەرخستنی ئەو پلانە لە بۆسەدان، بێ گومان دوژمنی گەلی کوردن. وەک ڕابردوو، ئەمڕۆش ئەوانەی بە ھۆی براکوژییەوە شکست دەهێنن، گەلی کورد و هەرکەسێکە کە بەناوی گەلی کوردەوە سیاسەت دەکات. پەدەکە ماوەیەکی زۆرە ھاوبەشی لەگەڵ تورکیا دەکات و پشتیوانی لە سیاسەتەکانی ئاکەپە لە دژی گەلی کورد دەکات. لەمبارەیەوە بە تایبەتی داوا لە پەدەکە دەکەین دەستبەرداری ھەڵوێستی پێشووی خۆی کە بووە ھۆی وێرانکاری بێت و بە شێوەیەکی جددی و بەرپرسیارانە مامەڵە بکات".
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، دوای ئەو ھەمووە تێکۆشان، قوربانیدان و تێچووی قورس، لە سەردەمێکدا کە گەلی کورد ئەوەندە لەو ئاشتی و ئازادییەی کە شایەنیەتی، نزیک بووەتەوە، ئەوانەی دەبنە ئامرازی سیاسەتی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکان، لە نێو لاپەڕە ڕەشەکانی مێژوودا جێگە دەگرن، کە نە دەسڕێتەوە و نە لەبیریش دەکرێت. گەلەکەمان هەرگیز لەوانە خۆش نابێت کە لەسەر خواستی هێزە ناوچەییەکان، کە سەد ساڵە کوردستانیان داگیرکردووە، زەمینەی براکوژییان خۆشکرد. جارێکی دیکە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، کە ڕۆڵێکی وەها خراپ و وێرانکارانە نەگێڕن، بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی، ویژدانی و مێژووییەوە مامەڵە بکەن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، "لێرەوە داوا لە هەموو هێزەکانی کوردستان، بەتایبەت گەلەکەمان، ڕۆشنبیران و هونەرمەندانمان دەکەین؛ ئەمڕۆ ئەرکی سەرەکی هەر کەسێکە کە گەل و نیشتمانەکەی خۆشدەوێت، دەستکەوتەکانی گەلەکەی بپارێزێت و ڕێگری لە شەڕ و پێکدادانە ناوخۆییەکان بکات، کە زیان بە دەستکەوتەکانمان دەگەیەنێت، هەروەها بۆ پێکھێنانی یەکێتی و یەکڕیزی لە هەوڵدا بن. ڕەنگە سبەی زۆر درەنگ بێت، ناچارین ئەمڕۆ پێکەوە ھەنگاو بنێین. ئەزموونەکەمان کە لە تێکۆشانی سەدان ساڵەی گەلەکەمان پێکدێت، بەرەو پێشمان دەبات. وەک لە کۆبانێ و لە پرسی کەرکوکدا بینرا، کاتێک پێکەوە ھەنگاو بنێین، هیچ هێزێک ناتوانێت ڕووبەڕوومان ببێتەوە، ئەگەر بە یەک دڵ، بە یەک دەنگ مامەڵە بکەین و بجوڵێینەوە، سەردەکەوین. ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە شانبەشان پێکەوە بەرەو ئازادی بڕۆین!"
هاوسەرۆکی کەجەدە لە کۆتاییدا وتی: سبەینێ لەسەر پێشهاتەکانی ھەرێمی باشووری کوردستان لەبەردەم دەروازەی سنووری ناوچەی سلۆپیی سەر بە شڕنەخ کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی سازدەکەین. هاوکات داوای بەشداریکردنی کرد.
ژ.ن