لە ئامەد سەدان هەزار کەس لە گۆڕەپانی نەورۆزدا بوون

سەدان هەزار کەس لە ئامەد لە گۆڕەپانی نەورۆزدان، گۆشەگیریی ئیمراڵی ئیدانە دەکەن و سڵاو لە بەرخودانی زیندانیان دەکەن. لە گۆڕەپانی نەورۆزدا پەیامی "گەلی کورد کۆتایی بە ئاکەپە – مەهەپە دەهێنێت" بڵاوکرایەوە.

پیرۆزبایی نەورۆز لە ئامەد بە دروشمی "بە ئاگری نەورۆز بەرخودان بکەن  و ئازادی بەدیبهێنن" و بە بەشداریی سەدان هەزار کەس بەڕێوەدەچێت. ئاگری نەوزرۆز بە دەم وتنەوەی دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" هەڵکرا. هاوکات لەگەڵ هەڕەشەکانی پۆلیس، بەڵام دەنگی مۆسیقا بە بەرزی بڵاودەکرێتەوە و وێنەکانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەرزکراونەتەوە و دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" دەوترێتەوە.

سەمرا گیوزەل پەرلەمانتاری ئامەدی هەدەپە لەسەر تەختەی ئاهەنگی نەورۆزەوە سڵاوی لە سەدان هەزار بەشداربووی نەورۆزی ئامەد کرد و وتی، "ئامەد ئەمڕۆ بووەتە هاواری کاوەی ئاسنگەر، بووە بە بەرخودانی کاوەی هاوچەرخ، بووە هاوڕێی زەکییە و رەهشانەکان. نەورۆز بەرخودانە، بەرخودانیش ژیان دەئافرێنێت. مانگی ئادار بۆ کوردستان مانگی بەرخودانە. گۆڕەپانی نەورۆز گۆڕەپانی بەرخودانە. سەرباری هەمو شتەکان، گەلەکەمان لە گۆڕەپانەکاندا، لە گوندەکان، لە دەشتەکان، بە پێشەنگایەتیی ژنان و گەنجان ئاگری نەورۆز دەگەشێتەوە. ئەوانەى کورد بە نەبوو دەزانن با سەیرێکی ئەم گۆڕەپانانە بکەن. کورد لەم گۆڕەپانەی بەرخوداندایە. باشە کام دەسەڵات دەتوانێت ئەو راستییە نەبینێت".

ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دوژمنایەتیکردنی ژنان

گیوزەل سەرنجی خستەسەر کشانەوەى تورکیا لە رێککەوتننامەى ئیستەنبول و وتی، "ژنانی بەرخودێر و خۆڕاگر؛ دەسەڵاتداران دەیانەوێت تێکۆشانی ئێمە لە ناو ببەن، دەستکەوتەکانمان لێ زەوت بکەن. ئێمە لێرە جارێکیتر دەڵێین، ئێمە هەین، ئێمە دەبین، ئێمە دەبین بە هی خۆمان. سەرۆک کۆمار لە رێگەی ئەو بڕیارەوە جارێکیتر نیشاندایەوە، کە دوژمنی ژنانە. ئەو بڕیارە هێز و پاڵپشتی بە بکوژانی ژنان دەدات. لە ئێستا بە دواوە، ئاکەپە لە کوشتنی هەموو ژنان بەرپرسیار دەبێت. ئەو بڕیارە بڕیاری رەوایدانە بە کوشتنی ژنان، بڕیاری رەوایدانە بە توندوتیژی لە دژی ژنان، بەڵام ئێمە رێگا نادەین ئەو رێککەوتنە هەڵبوەشێتەوە. رێککەوتننامەى ئیستەنبول وەک هاوسەرۆکایەتی بۆ ئێمە هێڵی سوورە. ئێمە ئەو بڕیارە قبوڵ ناکەن و لە دژی ئەو سیاسەتانە تێدەکۆشین".

خاوەنداریکردن لە بەرخودانی زیندانیان

گیوزەل باسی ئەوەشیکرد، گۆشەگیری لەسەر رێبەری گەلی کورد بەردەوامیی هەیە و وتی، "بۆ ئەوەى ئەو بانگەشانەى بڵاوکراونەتەوە، یەکلایی بکرێنەوە، دەبێت کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنرێت. هەڵسوکەوت بەرامبەر بە ئیمراڵی هەڵسوکەوتە بەرامبەر بە گەلی کورد، هەڵسوکەوتە بەرامبەر بە کێشەى کورد. لە دژی گۆشەگیری ماوەی ١١٥ رۆژە زیندانیان لە مانگرتندان. بەرخودانی مەزڵومەکان و ساراکان لە دژی ئەسەد ئۆکتایەکان بەردەوامیی هەیە. تاوەکو گۆشەگیری درێژەی پێ بدرێت، بەدڵنیاییەوە بەرخودانیش بەردەوامیی پێدەدرێت. تاوەکو گۆشەگیری کۆتایی پێنەهێنرێت، ئاشتی لەم خاکەدا بەدی نایەت. بەرخودانی زیندانیان بەرخودانی ئێمەیە، داواکانیان داوای ئێمەیە".

چیفت یورەک: ئێمە کۆتاییان پێدەهێنین

سینان چیفت یورەک سەرۆکی حیزبی کۆمۆنیستی کوردستان (کەکەپە / KKP)ش نەورۆزی لە گەلی کورد پیرۆز کرد و داوایکرد، پشتیوانی لە کەمپەینی ئیمزا کۆکردنەوە بۆ خوێندن بە زمانی کورد و فەرمیکردنی زمانی کوردی بکرێت.

چیفت یورەک باسی لە گوشارەکان لە دژی گەلی کورد و سیاسەتی کورد کرد و وتی، "ئەگەر بڕیار هی پادشا بێت، ئەوە  گۆڕەپانەکانیش هی گەلەکەمانە. ئەوەیە گۆڕەپان، ئەوەیە گەلی کورد. سیاسەتی کورد سەد ساڵە لە گۆڕەپانەکاندا سیاسەت دەکات. بە هێرش بۆ سەر سیاسەتی کورد لە پەرلەماندا، سیاسەت کۆتایی پێنایەت. ئێمە فەرمان و بڕیارەکانی ئەوان قبوڵ ناکەین، ئەوەیە گەلی کورد، ئەمەیە سیاسەت لە گۆڕەپانەکاندا. ئەو هێرشە لەناوچوونی هاوپەیمانیی جمهورە (هاوپەیمانیی ئاکەپە - مەهەپە). ئیدی لە دۆخێکدا نین، کە بەشداری هەڵبژاردن بکەن. گەلی کورد کۆتایی بە هاوپەیمانیی جمهور دەهێنێت. لەبەر ئەوەیە هێرش دەکەنە سەر گەلی کورد".

"ئێمە یەکبگرین سەرکەوتن نزیک دەبێت"

چیفت یورەک رایگەیاند، دەبێت یەکێتیی نەتەوەیی کوردان پێکبهێنرێت و وتی، "لە سەدەی ٢١دا کوردستان ببێتە سەدەی یەکێتیی نەتەوەیی. ئەگەر ئێمە نەتوانین ئەوە بەدیبهێنین، ئێمە یەک بە یەک لە ناو دەچین، بۆیە کات کاتی یەکێتییە. ئێمە یەکبگرین سەرکەوتن نزیک دەبێت. جارێکیتر لەم گۆڕەپانەوە بانگەواز دەکەین، تورکیا و رووسیا یەکدەگرن، بەڵام حیزبە کوردییەکان یەکناگرن. وەرن یەکبگرین".

دوای پێشکەشکردنی وتەکان، پەرلەمانتارانی هەدەپە سڵاویان پێشکەشی گەل کرد!. نەورۆز بە چڕینی گۆرانییەکان شیلان دۆرا بەردەوامیی هەیە.

ژ.ت