بە دیمەن

'لە ئێستادا کورد کۆمەڵکوژ دەکرێت .. خەریکە دهۆک و هەولێر لە دەست دەدەین'

داگیرکارییەکانی دەوڵەتی قڕکەر و فاشیستی تورک بۆ سەرخاکی هەرێمی کوردستان بەردەوامی هەیە و چالاکوانانی بواری ئەنفال و فەرمانبەران نیگەرانن و وتیان: " وەک چۆن کورد کیمیاباران و ئەنفال کراوە لە ئێستادا کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدرێت."

داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەرخاکی هەرێمی کوردستان بەردەوامی هەیە و لایەنە سیاسیەکانی باشووری کوردستان لە بەرامبەر لەشکرکێشی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بێدەنگ و بێ هەڵوێستن. سەبارەت بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر؛ هەریەک لە چالاکوانی بواری جینۆساید و ئەنفال مامۆستا دلێر کەریم و فەرمانبەر گۆران ڕەحیم بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)  قسەیان کرد.

'هەڵەی دەسەڵاتی سیاسی کورد وایکردووە خەریکە دهۆک و هەولێر لە دەست دەدەین'

چالاکوانی بواری ئەنفال مامۆستا دلێرکەریم باسی لەوە کرد، وەک کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال ئیدانەی داگیرکارییانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر سەرخاکی باشووری کوردستان دەکات و وتی: "ئەو داگیرکارییانەی لەسەرخاکی کوردستانە، بەتایبەت لەسەر پارێزگای دهۆک بەڕێوەدەچێت شەرمەزار دەکەم. ئەم دەسترێژی کردنە بۆ سەرخاک بە هەموو جۆرەکانی جینۆساید؛ بە کوشتن، بە دەستدرێژی کردنە سەر ژینگە، بە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و چۆڵکردنی ئەو گوندانەیە لە گوندنشینانی. هەروەها دانانی بازگەی سوپای تورکیا کە داوای ناسنامە لە خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە دەکەن بە هەموو شێوەیەک شەرمەزار دەکەم. بەداخەوە هەڵەی سیاسیەکانی کورد و دەسەڵاتی کوردی وایکردووە لە کەرکوک و خانەقینەوە کە دروشمی کوردایەتی پێشوومان بوو لەدەست بدەین، وە ئێستا خەریکە دهۆک و هەولێریش لە دەست دەدەین بە داگیرکارییەکانی تورکیا. ئەم بارودۆخە وادەخوازێ لە هەمووکات زیاتر کورد یەک دەنگ بێت و کۆنگرەی نەتەوەی کاری خۆی بکات و هێزە کوردییەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان یەک بگرن و دژی داگیرکارییەکان بوەستنەوە."

'کورد لە هەرکوێ بێت سوپای تورکیا هێرش دەکاتە سەری'

لە درێژەی قسەکانیدا مامۆستا دلێر ئاماژەی بەوەشکرد ئەو داگیرکارییەی ئێمەی لێی دەترسین تەنها بە داگیرکردنی شاخێک نیە، وە مەبەست لێی بە تەنها دژی پەکەکەش نیە بەڵکو دژی هەموو کوردە و گوتی: " کورد لە هەرکوێ بێت سوپای تورکیا هێرشی دەکاتەسەر، دەوڵەتی تورکیا هیچ کاتێک نەیشاردۆتەوە و شانازی بە داگیرکارییەکانیەوە دەکات. هەروەک ئەوەی چۆن عەفرینی داگیرکردووە لە ڕۆژئاوادا، ئێستاش لە باشوورە و دەستدرێژی کردۆتە سەرخاکەکەمان. بەداخەوە ئاشکرایە بەشێکی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم هاوکارییان دەکات و چاوساغی بۆ داگیرکەر دەکات، ئەبوو ئێستا ئێمە وەک کورد بڕۆشتینایەتە دادگای نێودەوڵەتی سکاڵامان کردبایە کە هێرش دەکرێتە سەر گەنجەکانمان و خاکەکەمان داگیردەکرێت و دەسوتێنرێت. هەروەها هێزێک هاتووە  لە ناو ماڵەکەی خۆتدا دەست دەنێتە قوڕگت. بینیمان دەستردێژییەکان بە زۆر شێوە بەردەوامە؛ هێرشی درۆنی لە کەلار و تیرۆرکردنی مامۆستا شەماڵ لە کفری، هێرشی درۆنی لە سلێمانی و پێنجوێن، بەڵام ئێستادا هێرشەکان گۆڕاون و بە ڕاستەوخۆ ئەیەوێت سنورەکە داگیربکات، ئەیەوێت لێرەوە بەشێک لە هەژموونی عوسمانی کە لە ڕابردوودا هەیبووە بسەپێنیت بەسەر ناوچەکەدا."

لە کۆتایی قسەکانید مامۆستا دلێر باسی لەوەشکرد هەڵوێستی گەل لە دژی داگیرکاریی وهاوکاری و خیانەتە، بەڵام پێویستە بەشێوەیەکی بەهێزتر دەرببڕێت و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: " پێویستە ڕۆشنبیران و هێزە سیاسیەکان یەکبگرن و بڕژێنە سەرشەقام دژی ئەم داگیرکاریی بوەستنەوە. ڕۆشنبیرانی کوردی دەرەوەی وڵات لۆبی دروست بکەن و سەردانی ناوەندە گرنگە نێودەوڵەتییەکان بکەن. وەک چۆن کورد کیمیاباران و ئەنفال کراوە لە ئێستادا کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدرێت  پێویستە ڕێگە نەدرێت بەم دەستدرێژییانە.  بتوانین وەک ڕۆشنبیر و تاک لە کاتێکدا گەر دەسەڵاتی ئەمەی نەکرد هەڵوێستمان هەبێت و بە گردبوونەوە ئەنجام بدەین. لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئەو هێزانە شەرمەزاربکرێن کە پشتیوانی ئەو هێزانە دەکەن کە کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن."

'چەندین شار و شارۆچکە مەترسی داگیرکردنی لەسەرە'

فەرمانبەر گۆران ڕەحیم باسی لەوە کرد دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەمێکە هێرش و داگیرکاری لەسەر خاکی کوردستان ئەنجام دەدات و گوتی: " ئەم لەشکرکێشەی تورکیا لە ئێستادا جیاوازترە لە هێرشەکانی پێشتری، چونکە ئامانجی داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستانە. بۆ ئەوەش گەلی سڤیل لە گوندەکان خۆیان دەرپەڕێنێ و بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە زەوی کشتوکاڵی و ڕەز و باخ و کەرەستەی جوتیارەکانی سوتاندووە و تێکداوە، جگە لەوەش سەدان خێزان ئاوارەبوون و چەندین شار و شارۆچکە مەترسی داگیرکردنی لەسەرە."

'بێدەنگی دەسەڵاتدارانی هەرێم و عێراق جێگەی گومانە'

گۆران ڕەحیم ئاماژەشی بەوەکرد لە بەرامبەر داگیرکارییەکان دەسەڵاتدارنی هەرێم و عێراق بێدەنگن و نەبوونی هەڵوێستیان گومانی ئەوە دەکرێت ڕێککەوتن ئەنجام درابێت و وتی: " ئەوەی پێویستە لە بەرامبەر داگیرکارییەکان بکرێت بانگەواز لە هێزە نیشتیمانیەکان، هێزە سیاسیەکان، خەڵکی گەرمیان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەڵوێستی نیشتیمانی و نەتەوەی خۆیان ڕابگەینن لە بەرامبەر داگیرکارییەکانی تورکیا."

لە کۆتای قسەکانیدا گۆران ڕەحیم وتی: " ئەم داگیرکارییە مەترسی لەسەر چینێکی کۆمەڵگا نیە و مەترسی بۆ هەموومان هەیە و پێویستە ڕۆشنبیران هەڵویستیان لە پێش هەڵوێستی گەلەوە بێت."