لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوردێکی بەشداربووی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستگیرکرا

هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوڵاتیی کوردی دانیشتوویی شارۆچکەی شنۆ، سلێمان قادر گەلوانی دەستگیرکرد.

ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند: "ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو هاوڵاتییەکی کورد بە ناوی سلێمان قادر گەلوان لە شارۆچکەی شنۆی سەر بە شاری ورمێ لەدوای بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکە دەستگیر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە."

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشداوە سلێمان قادر گەلوان برایی یەكێک لە شەهیدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"ییە و هاتووە: "ئەو هاوڵاتییە برای عەبدولسەلام قادر گەلوانە، کە یەکێکە لە قوربانیانی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادیی” و لەدوای دەستگیر کردنی بنەماڵەکەی ئاگادار کراوەتەوە."

جێگای ئاماژەیە، لە مانگی ڕابردوودا لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٦٣ هاوڵاتیی و چالاکوانی کورد بانگهێشتی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران کران و دەستگیر کران، کە لەو ژمارەیە چوار کەسیان ژن بوون.