له‌ خۆپیشاندانه‌كانی دژی كوژرانی ژینا ئه‌مینی ٤ كه‌س كوژران و زياترله‌ ٨٥ كه‌سیش برینداربوون

مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ دژی كوژرانی ژینا ئه‌مینی شاره‌كانی تاران، ره‌شت، ئیسفه‌هان و مه‌شهه‌دیشی گرته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامی توندوتیژی هێزه‌كانی رژێمی ئێران لانیكه‌م ٤ خۆپیشانده‌ر كوژراون و زیاتر له‌ ٨٥ خۆپیشانده‌ریش برینداربوون.

ناڕه‌زایه‌تییه‌كان دژی كوژرانی ژینا ئه‌مینی سه‌رتاسه‌ری رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی گرته‌وه‌. رۆژی دووشه‌ممه‌ وه‌ك به‌ده‌نگه‌وه‌هاتن بۆ بانگه‌وازی حزبه‌ سیاسیه‌كان، رۆشنبیران، چالاكوانان و هونه‌رمه‌ندان بۆ مانگرتنی سه‌رتاسه‌ری، دوكانداران و كاسبكارانی زۆرینه‌ی شاره‌كانی رۆژهه‌ڵات دوكانه‌كانیان داخست و ژنان و گه‌نجان له‌ شاره‌كانی سه‌قز، سنه‌، دیوانده‌ڕه‌، قوڕوه‌، كامیاران، دێوڵان، بانه‌، مه‌ریوان، مه‌هاباد، بۆكان، كرماشان، پاوه‌، ئیلام، ماكۆ، تیكاب، شنۆ و نه‌غه‌ده‌ به‌ هاتنه‌ سه‌ر شه‌قام و گۆڕه‌پانه‌كانی ئه‌و شارانه‌ به‌ دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بوون به‌ خۆپیشاندانه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كانه‌وه‌.

به‌پێی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ له‌ سه‌رهه‌ڵدانی خه‌ڵك له‌ سه‌قز، لانیكه‌م ٥ خۆپیشانده‌ر، له‌ دیوانده‌ڕه‌ ٨ خۆپیشانده‌ر له‌وانه‌ منداڵێكی كچ، له‌ بۆكان ٣ له‌وانه‌ منداڵێكی كچ، له‌ سنه‌ لانیكه‌م ٤ مێرمنداڵ و له‌ مه‌هابادیش ژنێكی به‌ته‌مه‌ن به‌ فیشه‌كی هێزه‌ به‌كرێگیراوه‌كانی رژێمی داگیركه‌ری ئێران برینداربوون. چه‌ند راپۆرتێكی پشتڕاست نه‌كراوه‌ش ئاماژه‌ به‌ لانیكه‌م گیانله‌ده‌ستدانی ٣ كه‌س له‌ نه‌خۆشخانه‌ی كه‌وسه‌ری سنه‌ ده‌كه‌ن.

٤ كوژراو و زیاتر له‌ ٨٥ بریندار

به‌گوێره‌ی راپۆرتی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان له‌ سه‌رهه‌ڵدانی سه‌رتاسه‌ری رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا زیاتر له‌ ٨٥ كه‌س له‌وانه‌ سێ منداڵ و ژنێكی به‌ته‌مه‌ن برینداربوون.

به‌پێی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌ رووماڵی پرسی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كات، فوئاد قه‌دیمی و موحسین محه‌مه‌دی له‌ دیوانده‌ڕه‌، فه‌ره‌یدون ئه‌حمه‌دی له‌ سه‌قز و ره‌زا لوتفی له‌ دێوڵان به‌هۆی ته‌قه‌ی به‌كرێگیراوانی رژێم به‌ سه‌ختی برینداربوون و دوای گواستنه‌وه‌یان بۆ نه‌خۆشخانه‌ ژیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

به‌شداری میلیشیای به‌سیجی سوپای پاسداران له‌ ئه‌شكه‌نجه‌ و سه‌ركوتی ناڕازییان كورد

به‌وته‌ی شایه‌تحاڵان هێزه‌كانی به‌سیجی سوپای پاسداران له‌ هێرشی بۆ سه‌ر هاوڵاتیان راسته‌وخۆ به‌شداربوون. له‌و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیانه‌دا لانیكه‌م ٢٥٠ كه‌س ده‌ستگیركراون و بۆ شوێنی نادیار گواستراونه‌ته‌وه‌.

ئینته‌رنێتی موبایل له‌ شاره‌كانی سنه‌، سه‌قز، دیوانده‌ڕه‌، دێوڵان، مه‌ریوان و كامیاران پچڕاوه‌.

ناڕه‌زایه‌تیه‌كان گه‌وره‌شاره‌كانی ئێرانیشی ته‌نیه‌وه‌

هاوكات له‌گه‌ڵ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌ تارانی خۆپیشانده‌ران له‌ شه‌قامه‌كانی حیجاب، بولڤاری كیشاوه‌رز، گۆڕه‌پانی وه‌لی عه‌سر و گۆڕه‌پانی سادقیه‌ به‌ وتنه‌وه‌ی دروشمه‌كانی "نه‌مان بۆ دیكتاتۆر"، "ژن، ژیان، ئازادی"، "یه‌كگرتن، یه‌كگرتن"، "له‌ كوردستان تا تاران سته‌م له‌ دژی ژنان" كوژرانی ژینا ئه‌مینی شه‌رمه‌زار كرا. ژنانی ناڕازی ئاگریان له‌ له‌چكه‌ و سه‌رپۆشه‌كانیان به‌ردا.

خوێندكارانی زانكۆكانی عیلم و سه‌نعه‌ت، عه‌لامه‌، زانكۆی تاران، زانكۆی به‌هه‌شتی، زانكۆی ته‌ربیه‌ت موده‌ڕس، زانكۆی هونه‌ر و زانكۆی شه‌ریف به‌ وتنه‌وه‌ی دروشمه‌كانی "نه‌مان بۆ دیكتاتۆری، حیجاب و گه‌شتی ئیڕشاد"، "مه‌رگ بۆ خامنه‌یی"، "به‌سیجی، به‌سیجی نه‌فره‌ت له‌ فرت و فێڵت/ خوێنی گه‌نجانمان له‌ ده‌چۆڕێت له‌ په‌نجه‌ت"، "ده‌یكوژم ئه‌وه‌ی خوشكه‌كه‌می كوشت"، كوژرانی ژینایان له‌لایه‌ن گۆپاڵ به‌ده‌ستانی رژێمی دیكتاتۆری ئاخوندی شه‌رمه‌زار كرد.

له‌ زانكۆی ئیسفه‌هانیش خوێندكاران به‌ سازكردنی گردبوونه‌وه‌ تاوانی كوژرانی ژینا ئه‌مینییان له‌لایه‌ن به‌كرێگیراوانی رژێمی ئاخودی شه‌رمه‌زار كرد.

له‌ شاری ره‌شت خۆپیشانده‌ران به‌ گردبوونه‌وه‌ له‌ گۆڕه‌پانی دایك دروشمه‌كانی "ژن، ژیان، ئازادی"، "نه‌مان بۆ خامنه‌یی"، "پۆلیسه‌ گه‌مژه‌كانمان، مایه‌ی شه‌رمن بۆ ئێمه‌"یان وته‌وه‌ و ژنان وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك دژی كوژرانی ژینا له‌چكه‌كانیان لابرد و ئاگریان تێبه‌ردان.

له‌ شاری مه‌شهه‌دیش خۆپیشانده‌ران به‌ وتنه‌وه‌ی دروشم تاوانه‌كانی رژێمی ئێرانیان شه‌رمه‌زار كرد.

هـ . ب