له‌ نسێبین پۆلیس هه‌ڵیكوتایه‌ سه‌ر ماڵان

له‌ شاری نسێبین به‌هۆی هه‌ڵكوتانی پۆلیس بۆسه‌ر ماڵێك، ژنێك گیانی له‌ده‌ستدا و كه‌سێكیش بریندار بوو. دوای ڕووداوه‌كه‌ش به‌دیه‌ ئادیگوزه‌ل، هاوسه‌رۆكی پێشووی ده‌به‌په‌ له‌ نسێبین ده‌ستگیر كرا.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵێكی ئاژانسی میزپۆتامیا، ئێواره‌ی دوێنێ پۆلیس هه‌ڵیكوتاوه‌ته‌ سه‌ر ماڵێك له‌ گه‌ره‌گی كشلای سه‌ر به‌ ناوچه‌ی نسێبینی مێردین. دواتر له‌ ماڵه‌كه‌ ده‌نگی ته‌قه‌ بیستراوه‌ و به‌هۆی ئه‌و پێكدادانه‌ش ژنێك كه‌ ده‌وترێت گه‌ریلای یه‌ژاستاره‌ شه‌هید بووه‌.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه‌، كه‌سێكیش به‌ برینداری ده‌ستگیركراوه‌ و دوای ئه‌وه‌ش پۆلیس هه‌ڵیكوتاوه‌ته‌ سه‌ر چه‌ندین ماڵی دیكه‌.

ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، به‌شێك له‌و ماڵانه‌ی پۆلیس هه‌ڵیكوتاوه‌ته‌ سه‌ریان، خاوه‌نه‌كانیان له‌ ماڵ نه‌بوون و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ده‌رگای ئه‌و ماڵانه‌یان شكاندوو و پشكنیویانه‌ و كه‌لوپه‌له‌كانی ناو ماڵه‌كانی شێواندووه‌.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه‌، ئه‌و ماڵه‌ی كه‌ ڕووداوه‌كه‌ی تێدا ڕوویداوه‌، ماڵی به‌دیعه‌ ئادیگوزه‌ل، هاوسه‌رۆكی پێشووی پارتی هه‌رێمه‌ دیموكراتیكه‌كان (ده‌به‌په‌)یه‌.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، پۆلیس به‌دیعه‌ ئادیگوزه‌لی ده‌ستگیركردووه‌، به‌ڵام تا ئێستا نازانرێت هاوسه‌رۆكی پێشووی ده‌به‌په‌ و ئه‌و كه‌سه‌ی به‌ بڕینداری ده‌ستگیر كراوه‌ بۆ كوێ گواستراونه‌ته‌وه‌.

ژ.ن