لەلایەن کەسانێکی نەیارەوە تابلۆی شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد لە سەیدسادق سووتێندرا

بە پێی راگەیاندراوی ڕۆژنیوز، تابلۆی شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد کە لە مەراسیمی ناساندنی لە سەر ڕێگەی سەیدسادق سلێمانی دانرا، لە لایەن کەسانێکی نەیارەوە شکاوە و سووتێندراوە.

لە ڕۆژی ٢٣ـی ئابی ٢٠٢٤، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە نزیک شارۆچکەی سەیدسادقی سلێمانی ئۆتۆمبێلێکی کۆمپانیای چەتر بۆ کاری میدیایی کردە ئامانج و بە هۆیەوە هەردوو ڕۆژنامەنووسی ڕاگەیاندنی ئازاد “گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین” شەهیدبوون.

دوای ژمارەیەک لە چالاکوانانی شارۆچکەی سەیدسادق بە نووسراوێک داوایان لە قائیمقامییەتی شارۆچکەکە کرد، وەک ڕیز لێنانێک ئەو جووتسایدەی کە هەر دوو ڕۆژنامەنووسەکەی تێدا شەهیدبوون بکرێت بە ناوی “شەقامی ڕۆژنامەنووسانی شەهید گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین”.

پاش ڕەزامەندی قائیمقامییەتی شارۆچکەکە، بە مەراسیمێک لە ١٠ـی شووبات پەردە لەسەر تابلۆی شەهیدان لادرا و شەقامەکە بەو ناوەو" شەقامی ڕۆژنامەنووسانی شەهید گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین" ناسێندرا.

ئەمڕۆش پەیامنێری ڕۆژنیوز لە سنوورەکە ڕایگەیاندووە، تابلۆکە لەلایەن کەسانێکی نەیارەوە شکاوە و سووتێندراوە.

جێی ئاماژەیە بەدواداچوونەکان لە لایەن ڕۆژنیوزەوە لەسەر ئەو کردەوەیە لە گەڵ بەڕێوبەرانی شارۆچکەکە تا ئێستا ئەنجامێکی نەبووە.