“لەناو زیندانەکانى پەدەکەدا دەستدرێژى سێکسى دەکرێتە سەر دەستگیرکراوان”

جوانا، ئەندامی ڕژاک کە ٧١ ڕۆژ لە زیندانەکانی پەدەکەدا لە ئاسایشى گشتى هەولێر ماوەتەوە دەڵێت: یەکێک لە ڕێگاکانى ئەشکەنجەدان لە ناو زیندانەکانى پەدەکە دەستدرێژی سێکسی بوو.

جوانا، ئەندامی ڕژاکە و تەمەنى ٢٥ ساڵە، ٧١ ڕۆژ لە زیندانەکانی پەدەکەدا لە ئاسایشى گشتى هەولێر ماوەتەوە دەڵێت: یەکێک لە ڕێگاکانى ئەشکەنجەدان لە ناو زیندانەکانى پەدەکە دەستدرێژی سێکسی بوو، بەجۆرێک دەیانکردینە ژوورێکەوە، کە کامێرای تێدابوو پێیان دەوتین، جلەکانمان دانێین و لە کامێراکانیشەوە پیاو نامانبینێت، بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت لە دەرەوە پیاو سەیری کامێرەکان دەکات.

جوانا عەبدولباقی، لەدایکبووی ساڵى ١٩٩٦، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاکە و لە دیمانەیەکى تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسى نوژنها، دۆخی خۆی و ژنانی زیندان لە ژێر دەستی پەدەکەدا دەگێڕێتەوە.

لە قسەکانیدا دەڵێت: ئەشکەنجەکان سەرەتا لێدان بوو بە دار، دواتر کارەبایان لێدەدایت، سێیەمیان دەستدرێژی سێکسی بوو، بەجۆرێک لە کاتی ئەشکەنجەداندا دەیانکردینە ژوورێکەوە، کە کامێرای تێدابوو پێیان دەوتین، دەبێت جلەکانمان دانێین و جەختیان دەکردەوە، کە کامێرەکانیش پیاو نایبینێت، بەڵام من وەک چالاکوان دواتر بەدواداچوونم کرد، بۆم دەرکەوت، کە لە دەرەوە پیاو سەیری کامێراکان دەکات، هەموو ئەمەشیان دەکرد، تا کەسایەتی ئەو ژنەى پێبشکێنن و دان بەو شتانە بنێت، کە ئەوان دەیانویست.

جوانا لەبارەى چۆنێتى ئەشکەنجەدانى خۆى لەناو زیندان دەڵێت: بەهۆی ئەشکەنجەوە لەهۆش خۆم چووم، بەڵام هیچ چارەسەرێکیان نەکردم، کە زیندانیەکانی دیکە داوایان کردبوو، چارەسەری پزیشكیم بۆ بکرێت، پێیان وترابوو، لە هۆش خۆچوونەکەی هی پێشترە و نوێ نییە، “سێ کەسیان بە ناوی چالاکوانەوە هێنا تا قسەیان لەگەڵ بکەم، بۆ من بە ئازار بوو ژنێک لەژێر دەسەڵاتی ئاسایشدا کاربکات و سیخوڕی بکات، فشاریان لەمن دەکرد تا قسە بکەم و دواتر بیبەن بۆ ئاسایشەکان”.

لەبارەى هەڵوێستى وەزارەتى کاروبارى کۆمەڵایەتیى و پەرلەمانى هەرێمەوە جوانا ئاماژەى بەوەداوە: لە زینداندا وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و پەرلەمانتاران سەردان دەکەن و لە دۆخی زیندانییەکان دەپرسنەوە، بەڵام بە هیچ جۆرێک ناهێڵن چاویان بە زیندانییەکان بکەوێت، نە بادا قسەیەک بکەن و خراپی مامەڵەی ئاسایش و سەرپەرشتیارەکانیان باس بکەن، داوامکرد، کە کەسێک ببینم، “پەرلەمانتارێکی حزبە ئیسلامییەکانیان بۆ هێنام، بێ ئەوەی گوێ لەمن بگرێت، کتێبێکی ئاینیی پێدام و وتی، تاعەت بکە و ناوی خودا و پێغەمبەر بهێنە، سەربەست دەبیت، لەکاتێکدا ئەمە هیچ پەیوەندی بە کەیسەکەی منەوە نەبوو”.

ئەو ژنە زیندانیکراوە ئەوەشی وتووە: هەموو ئەو فشار، ئەشکەنجە و دەستدرێژیانەی لە زیندانی پەدەکەدا دەکرێت بۆ شکاندنی مرۆڤ و شکۆیەتی، دەیانەوێت ئیرادەی ژن بشکێنن، بیکەنە کۆیلە و کەسی ژێردەستەی خۆیان، داواکارم هەرچەندە لێدان و ئەشکەنجەدان هەبێت، بەڵام ئەو ژنانەی دەچنە زیندان پێویستە ئیرادەیان بەهێز بێت، لەسەر پێی خۆیان بوەستن، چونکە ئەو زیندانانە بۆ لەدەستدانی ئیرادە و فکر و هزری ئەو ژنانەیە”.

لە کۆتایی قسەکانیداجوانا لەبارەى تۆمەتەکانى، کە بۆى دروستکراوە باسی لەوەکرد: چەند تۆمەتێکیان بۆ کەیسەکەم زیادکرد، کە ماددەی ٢٩٨ی ساختەکاری، ماددەی ٤٠٦ی کوشتن و ماددەی هۆشبەریش بووە، تەنانەت لەناو زینداندا “هیرۆین”یشیان کردە سەر جێگەی خەوەکەم تا تێوەم بگلێنن، دواتر بەڕێوەبەری ژوورەکە وتبوى، ئەوە شەکر بووە “ئەمەش دەریدەخات، کە خۆیان لە پشت بازرگانی ماددەی هۆشبەرەوەن”.

ڕۆژى ٣ی ئابی ئەمساڵ بەهۆى ساڵیادی هێرشی چەتەکانى داعش بۆ سەر شەنگال، شاندێکی ژنانی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک، کە پێکهاتبوون لە جوانا عەبدولباقى، خەولە محەمەد حەسەن و سەیران ئەحمەد حەسەن بۆ پشتوانی لە ژنانی شەنگال چونە ئەو شارۆچکەیە و لە ڕۆژى ٥ی ئاب و دوای گەڕانەوەیان لە بازگەی کەڵەک لە نزیک شاری هەولێر، لەلایەن ئاسایشى پەدەکەوە دەستگیرکران.

ف.ق