سەرباری بڕینەوەی داری چیاکان و ئەو وێرانکارییە ژینگەیەی کە تورکیا لە باشووی کوردستان دەستی داوەتێ، کەچی حکومەتی هەرێم و وڵاتانی پەیوەندیدار نەک هەر بێدەنگن بەڵکو ڕێگە خۆشکەرن لەبەردەم ئەو وێرانکارییانەدا، بەرپرسی ڕێکخراوی پارتی سەوزی کوردستانیش دەڵێت، سکاڵاکانمان هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
ملکۆ بازیانی، سەرۆكی پارتی سەوزی کوردستان، سەبارەت سکاڵا و داواکارییەکانیان بۆ ڕێگری کردن لە بڕینەوەی دار و وێرانکارییە ژینگەییەکانی باشووری کوردستان بە ڕۆژنیوزی وت: ئێمە بە فەرمی چوینە نەتەوە یەکگرتووەکان و لەسەر لەشکرکێشییەکانی تورکیا و وێرانکردنی سروشتی کوردستان، بە فەرمی سکاڵامان لە نەتەوە یەکگرتووەکان پاشان لە حکومەت و پەرلەمان.
سەرۆكی پارتی سەوزی کوردستان وتیشی: لەگەڵ تۆماركردنی سكاڵادا، چەندین بانگەوازمان لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و مافی مرۆڤ و کوردانی دەرەوە کردووە دژی تێکدانی ژینگە و سروشتی کوردستان بێنە دەنگ.
لە بارەی ئەنجامی سكاڵاكانیانەوە وتی: پێویست بوو نەتەوە یەکگرتوەکان وەڵامی ئێمەیان بدایەتەوە بەڵام هەتاکو ئێستا سکاڵاکانمان بێ ئەنجام بووە، چ نەتەوە یەکگرتووەکان و چ حکومەتی هەرێم هیچ وەڵامێکیان نەداوینەتەوە.
ف.ق