بە دیمەن

لوقمان حەسەن: پێوستە هەمووان پشتیوانی لە پەیامە مێژووییەکی بەرێز ئۆجەلان بکەین

لوقمان حەسەن شرۆڤەکاری سیاسی ئاماژەی بەوەدا پەیامی بەرێز ئۆجەلان قۆناغێکی نوێ ئەبێت لە پرۆسەی سیاسی و هاوکێشەی سیاسی لە ناوچەکەدا و وتی: "پێوستە هەمووان پشتیوانی لە پەیامە مێژووییەکی بەرێز ئۆجەلان بکەین."

لەدوای ڕاگەیاندنی پەیامە مێژووییەکەی ڕێبە عەبدوڵا ئۆجەلان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتەدا لەگەڵ لوقمان حەسەن شرۆڤەکاری سیاسی سەبارەت بە پەیامی ڕێبەر ئۆجەلان و قۆناغی نوێی ئاشتی دوای ئەو بانگەوازییە مێژووییە ، ناوبراو بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) دوا و بەم شێوەیە شرۆڤەی بانگەوازییەکە و پێشهاتەکانی کرد.

'ئەم پەیامە کاریگەری لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکانی ساڵانی داهاتوو دەبێت'

لوقمان حەسەن شرۆڤەکاری سیاسی، سەبارەت بە پەیامە مێژووییەکەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان ڕایگەیاند: "بەڕێز ئۆجەلان بە خوێندنەوەیەکی قووڵی بۆ باروودۆخی ناوچەکە و بارودۆخی جیهان و ئەو گۆڕانکارییە ڕیشەیی و جەوهەرییانەی کە هاتوونەتە ئاراوە، داوا ئەکات ئیتر چەکەکان بێدەنگ بکرێن، پرۆسەیەکی سیاسی، ئاشتی و دیموکراسی دەست پێ بکات، هەڵبەت پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسی سوود و قازانجی نەک تەنها بۆ گەلی کورد هەیە، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە هەیە، ئەم پەیامەی بەڕێز ئۆجەلان کە ئەمڕۆ ڕاگەیاندرا لە ڕێگای شاندی ئیمراڵیەوە، ڕەنگدانەوەی ئەبێت و کاردانەوەی ئەبێت لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان بۆ ساڵانی داهاتوو و قۆناغێکی نوێ ئەبێت لە پرۆسەی سیاسی و هاوکێشەی سیاسی لە ناوچەکەدا".

'کورد بەهێزەوە دەچێتە ناو پرۆسەی ئاشتی'

هەروەها لوقمان حەسەن ئاماژەی بەوەش کرد: "دەبێت لە بیرمان نەچێت کورد لە ڕابردوودا وەکو ئێستا خاوەنی ئەو قەوارە و ئەو هێز و توانایەی خۆی نەبووە، بەڵام ئێستا بە هێزەوە ئەچێتە ناو پرۆسەی ئاشتییەوە و بانگەوازییەکی لەو شێوەیە ئەکات، ئەبێ هەموومان پشتگیری لە پەیامە مێژووییەکەی بەڕێز ئۆجەلان بکەین، دەستخۆشی لێ ئەکەین و هیوادارین لایەنی بەرامبەر کە دەوڵەتی تورکیایە، بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی ئەرێنی بنێن بۆ بەرەو پێشچوونی پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیر بوونی ئارامی و ئاسایش لە ناوچەکە و لە تورکیادا".

'ئەرکی مێژوویی، نشتیمانی و نەتەوەیی کەوتە سەرشانی حزبەکان'

سەبارەت بە سەردانەکانی شاندی ئیمڕاڵی بۆ لای حزبەکانی باشور و رۆڵی حزبەکانی باشوری لە پرۆسەی ئاشتی، ئەو شرۆڤەکاری سیاسییە، ووتی: "لە ساڵانی ڕابردوودا بە تێکڕا گوێمان لە حزبەکانی باشوری کوردستان ئەبوو بە بەردەوامی دەیانگوت پەکەکە چەک دابنێت یان بێدەنگی بکات یان پەکەکە سیاسەتێکی دیموکراسی بکات بەشدار بێت لە پرۆسەی سیاسی لە تورکیادا، لەبەرئەوە بەڕێز ئۆجەلان ئەو شاندەی ئەرکدار کرد و ناردنی بۆ لای هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان، هەڵبەت ئەم پەیامەی بەڕێز ئۆجەلان کە ئەمڕۆ ڕایگەیاند، داواکاری زۆربەی لایەن و حزبە سیاسییەکانی دیکە بوو، هەم لە باشوری کوردستان هەم لە باکوری کوردستان و هەم لە ناوخۆی تورکیاش، لەبەرئەوە ئەرکی حزبە سیاسییەکان ئیتر قوردستربووە، ئەرکی مێژووی، نیشتمانی و نەتەوەیی ئەکەوێتە سەر شانیان کە چۆن ڕۆڵ ئەبینن لەو پرۆسەیەی کە هاتۆتە پێشەوە".

'لە پەیامەکەیدا بەدەم داواکاری شەقام و حزبە سیاسیەکانەوە هات'

لەدرێژەی قسەکانیدا ناوبراو ووتیشی: "ئەوەی حزبە سیاسییەکان داوایان لە بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد، ئەوە بەڕێز ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا بەڕوون و ئاشکرایی بەدەم داواکاری شەقام و حزبە سیاسییەکانەوە هات، ئیتر حزبە سیاسییەکان ئەرکی مێژوویی خۆیان لەسەر شانە و دەبێت لەمەودوا هەماهەنگی و هاوکاری بەڕێز ئۆجالان بکەن لە پرۆسەی سیاسی، بە تایبەت لە تورکیا و باکوری کوردستان".

'گەل بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە بانگەوازیەکەی بەڕێز ئۆجەلان دەکەن'

سەبارەت بە پێشوازی کردنی پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان بە جۆش و خرۆشەوە لەلایەن گەل و وولاتپارێزان و ئازادیخوازن، لوقمان حەسەن ڕایگەیاند: "چونکە کورد هەمیشە قوربانی بووە لە ئەنجامی زیاتر لە سەد ساڵی پێکهێنانی دەوڵەت نەتەوە لە سەر خاکی کوردستان و دابەشکردنی کوردستان بۆ چوار پارچە و داگیرکردنی لە لایەن دەوڵەتەوە، بۆیە خەڵک هەمیشە بەهیوای ئەوەوە ئەژێ ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان ئاشتی بەرقەرار بێت، ئاسایش و ئارامی بگەڕێتەوە بۆ خەڵکی و  ژیانی ئابووری خەڵک گۆڕانکاری بەسەردا بێت،  هەروەها لادییەکان ئاوەدان بکرێتەوە، لەبەرئەوە لە دەموچاوی هەر تاکێک کە لێرەدا ئەیبینین خەڵکی دڵسۆز، وڵاتپارێز، خەڵکی ئازا و ئازاد ئەبینین کە بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو بانگەوازییەی بەڕێز ئۆجالان ئەکەن".

'هیوادارم گەل تێگەیشتنێکی واقیعیانەیان هەبێت بۆ پەیامەکە'

لە کۆتایی قسەکانیدا، لوقمان حەسەن شرۆڤەکاری سیاسی، پەیامێکی ئاڕاستەی گەل وحزبەکان کرد و ووتی: "تەنها دەلێم هیوادارین هەموو لایەنە سیاسییەکان، هەموو تاکێکی وڵاتپارێز، ئازادیخواز و گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان، کە تێگەیشتنێکی واقیعیانەیان هەبێت بۆ پەیامەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و بەلارێیدا نەیبەن".