زانیاری ورد دەربارەی سێهەم دیداری ئیمراڵی

بەپێی زانیارییەکان لە دیداری سێهەمی ئیمراڵییدا شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە سەردانی زیندانی ئیمراڵییان کردووە، ماوەی ٤ کاتژمێر لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کۆبوونەوە. هەروەها دیمەنی خوێندنەوەی پەیامەکە تۆمار کراوە.

دیداری ئیمراڵی

بەپێی زانیارییە بەدەستگەیشتووەکان، دوێنێ کاتێک شاندی ئیمرالی دەم پارتی سەردانی زیندانی ئیمرالی کردووە ماوەی چوار کاتژمێر لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کۆبوونەوەتەوە و پێکەوە خواردنیان خواردووە و گفتوگۆی چڕوپڕیان لەسەر پەیامە مێژووییەکەی کردووە، هەروەها بە سێ کامێراش دیمەنی ڕێبەر ئاپۆ، کە خۆی پەیامەکە دەخوێنێتەوە، تۆمار کراوە.

ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا لە باکووری کوردستان، ناوەڕۆک و چۆنییەتی ئەنجامدانی دیدارەکەی دوێنێی شاندی ئیمرالی دەم پارتی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئاشكرا کردووە.

زانراوە شاندی ئیمرالیی دەم پارتی کە پێکدەهاتن لە "سری سورەیا ئۆندەر، پەروین بوڵدان، تولای حاتیمۆغولاری، تونجەر باقرخان، ئەحمەد تورک، جەنگیز چیچەک و فایەق ئۆزگور ئەرۆل" دوێنێ لە کاتژمێر ٠٩.٠٠ـی پێش نیوەڕۆ بە فڕۆکە بەڕێکەوتوون و کاتژمێر ٠٩:٣٠ گەیشتوونەتە دوورگەی ئیمرالی.

ڕێبەر ئاپۆ بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازیی لە شاندەکە کرد

شاندەکە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆ و زیندانییانی دیكەی ئیمرالی هەریەکە لە عومەر خەیری كۆنار، حامیلی یەڵدرم و وەیسی ئاكتاشەوە بە گەرمییەوە پێشوازییان لێكراوە.

بە سێ کامێرا دیمەنەکان گیراون

پاشان ڕێبەر ئۆجالان، زیندانییەکانی دیکە و شاندی ئیمرالی چوونە شوێنی ئەنجامدانی دیدارەکە و لەوێ باس لە ناوەڕۆکی بانگەوازەکە کراوە.

پاشان ڕێبەر ئاپۆ ئەو بانگەوازەی خوێندەوە، کە خۆی بە قەڵەم نووسیبووی، زانراوە، کە بانگەوازییەکە بە سێ کامێرا تۆمار کراوە و دوای خوێندنەوەی دەقی بانگەوازییەکە ڕێبەر ئاپۆ بە چەپڵە لەگەڵ شاندەکە کۆتایی بە خوێندنەوەی پەیامەکەی هێنا، دواتر ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ هەریەک لە ئەندامانی شاندەکە وێنەی گرتووە.

پێکەوە نانیان خواردووە

دوای خوێندنەوەی دەقی بانگەوازییەکە، پێکەوە نانیان خواردووە، لە کاتی نانخواردنەکەدا گفتوگۆ لەسەر پرۆسەکە کراوە.

ئەندامانی شاندی ئیمرالی دوای سەردانەکەیان بۆ ئیمرالی، پێکەوە لە باخچەکەدا وێنەیەکی گشتیان گرت، لێرەدا وێنانەکانی پەیوەست بە بانگەوازییەکە ڕادەستی شاندەکە کرا، بەڵام دیمەنەکان ڕادەست نەکرا.

گەڕانەوە و ڕاگەیاندنی پەیامی سەدە

دیدارەکەی ئیمرالی نزیکەی چوار کاتژمێری خایاند و شاندەکە بە فڕۆکە گەڕانەوە بۆ ئەستەنبوڵ.

لە دوای گەیشتنەوەیان بە ئەستەنبوڵ شاندەکە، چوونە ئەو هۆتێلەی کە ڕاگەیاندنەکەی لێ خوێندرایەوە، ئەوانەی لە شوێنەکە ئامادەبوون بە درووشمی “بژی سەرۆک ئاپۆ” پێشوازییان لە شاندەکە کرد و دواتر کاتژمێر ١٧:٠٠ بانگەوازی مێژوویەکە خوێندرایەوە.

دوای ڕاگەیاندنی پەیامە مێژووییەکە، سری سورەیا ئۆندەر ڕایگەیاند، کە ڕێبەر ئاپۆ بە شاندەکەی وتووە: بێگومان بۆ ئەوەی لە پراکتیکدا چەک دابنرێت و پەکەکە خۆی هەڵوەشێنێتەوە، پێویستە سیاسەتی دیموکراسیی و یاسایی جێبەجێ بکرێت.