بە دیمەن

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال بانگەوازێکی ئاراستەی سودانی کرد

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال بە ڕاگەیاندراوێک داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق سودانی کرد، لەگەڵ هاتنی جەژنی چوارشەممەی سەری ساڵدا، ٥ شەڕڤانەکەی یەبەشە ئازادبکات.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال سەبارەت بە ڕەوشی ٥ شەڕڤانەکەی یەبەشە کە لە ١٨ی ئاداری ئەمساڵ لەلایەن سوپای عێراقەوە بە دیل گیرابوون، بە ڕاگەیاندراوێک بانگەوازێکی ئاڕاستەی سودانی کرد. لە ڕاگەیاندراوەکەدا داوا لە سودانی کراوە لەم ڕۆژانەدا کە کۆمەڵگەی ئێزدی ئامادەکاری دەکات بۆ جەژنی چوارشەممەی سەری ساڵ، ٥ شەڕڤانەکەی یەبەشە ئازاد بکات.

ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن هاوسەرۆکی مەخەدەشە، نایف شەمۆ بە زمانی عەرەبی خوێنرایەوە، ئاماژە بەوە کراوە کۆمەڵگەی ئێزدی پایەیەکی ڕەسەنی عێراقە، پاش فەرمانەکەی ساڵی ٢٠١٤، هێشتا کاریگەری کۆمەڵکوژی بەسەر ئەم کۆمەڵگەیەوە ماوە، دەڵێت: "هێشتا چارەنووسی هەزاران کەسی بێسەروشوێنمان نەزانراوە، ئەم تراژیدیایە، بەشێوەیەکی جدی هەبوون و ئایندەی ئێمە دەکاتە ئامانج".

"داوا دەکەین ڕۆڵەکانمان ئازادبکرێن"

لە ڕاگەیاندراوەکەدا داوا لە بەرپرسانی عێراق دەکەن و دەڵێن: "وەک کۆمەڵگەی ئێزدی داوا دەکەین لە عارەفەی جەژنی چوارشەممەی سەرەتای نیساندا، ڕۆڵەکانمان ئازادبکرێن. با ئەم جەژنە ببێتە پەیامی دەوڵەتێکی بەهێز، کە تێیدا خۆشگوزەرانی و یەکێتی و دادپەروەری باڵادەستە".

"با دەوڵەت وەڵامی داواکارییەکانمان بداتەوە"

لەکۆتاییدا هاتووە: "بەهیواین دەوڵەت وەڵامی ئەم داوایەمان بداتەوە، ئەم هەنگاوە وەک سەرکەوتنێک بچێتە نێو لاپەڕەکانی مێژووەوە کە یەکێتی هەموو پێکهاتەکان پتەو دەکات".