بە دیمەن

لە کۆبانێ تەرمی ٥ شەهید بەخاکسپێردرا

سەدان دانیشتووی کانتۆنی فورات تەرمی ٥ شەهیدیان بە مەراسیمێکی جەماوەریی بەخاکسپارد.

ئەمڕۆ سەدان دانیشتووی کانتۆنی فورات و ئەندامانی دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی سەر بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، لە گۆڕستانی شەهید دیجلە بەشداربوون لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی شەڕڤانانی کۆماندۆس، هەبوون (عەبدولقادر ئەحمەد)، چیا (محەمەد کەنجۆ)، لەشکر کۆبانێ (نەجم کەرحۆ عەتۆ)، کە لە ٣ی نیسانی ٢٠٢٥، لە ئەنجامی ڕووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر ڕێگای ڕەقە–حەسەکە شەهید بوون، دڵشێر کۆبانێ (یاسر شێخ بۆزان) کە لە ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لە بەنداوی تشرین شەهید بوو، شەڕڤانی یەپەژە دەستان ڕۆژهەڵات (دەریا حاجی) کە لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لە بەنداوی تشرین شەهید بوو.

مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێ کرد، هاوسەرۆکی پەیەدەی کانتۆنی فورات، بێریڤان ئیسماعیل سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان کرد و ڕایگەیاند لەسایەی تێکۆشان و بەرخۆدانی شەهیدان گەیشتوون بەم ئاستە.

ئەندامی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی سەربازی کۆبانی ئیسماعیل ڕایگەیاند دەبێت خاوەنداری لە میراتی شەهیدان بکەین.

خاڵۆزای شەهید چیا، ئەڵماس ڕۆمی گوتی: "بە هێزی قەسەدە و هێزی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی شکستمان بە دەوڵەتی تورک و هاوپەیمانەکانی هێنا، بۆیە دەبێت تێکۆشان و بەرخۆدان بەهێزتر بکەین".

پاشان ناسنامەی شەهیدان خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا.

تەرمی شەهیدان بە درووشمی "شەهید نامرن" بەخاکسپێردرا.