دەوڵەتی ئێران سزای زیندانیکردنی بەسەر کوردێکدا سەپاند

دەوڵەتی ئێران سزای ١٠ مانگ زیندانیکردنی بەسەر وەهاب خەدیری پووری تەمەن ٣٢ ساڵاندا سەپاند. ناوبراو خزمی یەكێک لە قوربانیانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"یە.

بە گوێرەی ڕێکخراوی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هاوڵاتییەکی کورد بە ناوی وەهاب خەدیری پوور تەمەن ٣٢ ساڵی خەڵکی مەهاباد و ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازان، لەلایەن دادگای دادوەری باڵای ئێران سزای ١٠ مانگ زیندانییکردنی بەسەردا سەپێندرا.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە وەهاب خەدیری پوور بە تۆمەتی 'ئەندامێتی لە یەکێک لە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژ بە ئێران' سزادراوە.

جێگای ئاماژەیە، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا وەهاب خەدیری پوور لەدوای بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی  شاری مەهەباد بۆ ماوەی سێ هەفتە دەستگیر کرا و بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا، هەروەها ناوبراو ئامۆزای شەماڵ خەدیریپوور، یەکێک لە قوربانیانی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادیی"یـە.