عەلی حەمە ساڵح: بێدەنگی سەرۆکایەتیەکانی هەرێم، لە داگیرکاری، سوتاندن و داربڕینەکانی تورک بە ئازارترە

عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان لە نوێترین ھەڵوێستیدا لە ئاستی داگیرکاری و تاڵنکاریەکانی تورکیا دەڵێت: بێدەنگی حیزب و سەرۆکایەتیەکان، لە داگیرکاری و سوتاندن و داربڕینەکانی تورکیا بە ئازارترە.

عەلی حەمە ساڵح  ئەندامی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان لەسەر فراکسێۆنی گۆران لە نوێترین ھەڵوێستیدا، وێرای ئەوەی نێگەرانی خۆێ بەهۆی داگیرکاری و ھێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەربڕی، ھاوکات ڕەخنەی توندی لە حیزبە سیاسیەکان و سەرۆکایەتیەکانی پەرلەمان، حکومەت و ھەرێم دەگرێت کە لە ئاستی ئەو ھێرش و تاڵانیەی تورکیا بێدەنگیان ھەڵبژاردوە و دەڵێت: بێدەنگی حیزب و سەرۆکایەتیەکان، لە داگیرکاری و  سوتاندن  و داربڕینەکانی تورکیا بە ئازارترە.

پەیامەکەی عەلی حەمە ساڵح بەم شێوەیەیە:

"بێدەنگی حیزب و سەرۆکایەتیەکان ، لە داگیرکاری و  سوتاندن  و داربڕینەکانی تورکیا بە ئازارترە..

سوپای تورکیا ھەموو ئەو شوێنانەی کە لە باشوری کوردستان داگیرکردوە یان دەیسوتێنێت یان ھەموو دارەکانی دەبڕێتەوە، پلانەکە ئەوەیە ھەموو دارستانەکانی زاپ، ئاڤاشین، مەتینا و بەدلیس لەناو ببات و بیکاتە سەربازگە.. ..

ئەمە تەنیا داگیرکاری نیە، وێرانکردنی سروشتی کوردستانیشە..

تورکیا ھەر لە باشور ئەمەی نەکردوە، لە ناوچەی دێرسیم لە باکور ،کە جوانترین سروشتی ھەبوو لەناوی بردوە..

تورکیا ئێستا ئەم ناوچانە بە خاکی خۆی دەزانێت..

لەو شوێنانەی کە ھاتوتە باشور.. ڕێگای دروستکردوە، وەک بەشێک بێت لە خاکی خۆی ئێستا لە تورکیاوە ڕاستەوخۆ دێتە خواکوڕک.. ئێستاش دەیانەوێت لە مەتین و  زاپەوە شەقام دروستبکەن!!

من دەزانم ئەوان دژی مرۆڤ و درەخت و ھەواو " پڵنگی تینۆی" کوردن.. بەڵام ئازارەکە ئەمەیە کورد بیت و لە سوتاندنی نیشتیمانەکەت و بڕینەوەی درەختەکان ھاوکاریان بیت، ئەمە "بازرگانی دار" نیە، نیشتیمان فرۆشیە.

کە ناتوانن عەلی ئیحسان بن، بۆ دەبنە ڕاوچی و شاگردی بەردەستی تاریق ئاکنسو ..

ئەم بیدەنگیەی سەرۆکایەتیەکانی ھەرێم و حیزبە سیاسیەکان لە سوتاندن و داگیرکردنی نیشتیمان،  زۆر ئازاربەخشترە لە تاوانەکانی تاریق ئاکنسو."

ف.ق