لیژنەی ئاسایش و بەرگری ڕاپۆرتەکەی بەرزدەکاتەوە

لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق زانیارییەکانی دەربارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی کۆکردۆتەوە، بڕیارە ڕاپۆرتەکەی بەرزبکاتەوە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، هەرێم کەمال سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی لیژنەکە، عەباس زاملی گوتی: «ئەم دەستدرێژییە بۆ سەر خاکی عێراق ئیدانە و شەرمەزار دەکەین، لیژنەی ئاسایش و بەرگری چاویکەوت بە حکومەتی سلێمانی و دەزگا ئەمنییەکان، زانیاریی پێویست سەبارەت بە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی کۆکردۆتەوە».

هەروەها گوتی: «لیژنەکە ڕاپۆرتی کۆتایی بەرزدەکاتەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران و پێشنیارەکانی دەربارەی ڕووداوەکە دەخاتەڕوو، ئەنجوومەنی نوێنەران لای خۆیەوە حکومەتی ناوەندی ناچاردەکات بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست سەبارەت بە پێشنیارەکانی لیژنەکە».

زاملی ئاماژەی کرد بەوەی: «ئامانج لە سەردانی وەفدەکەیان بۆ سلێمانی، پاڵپشتییە بۆ پارێزگای سلێمانی و هەرێمی کورستان»؛ دووپاتی کردەوە «لیژنەکەیان ڕۆڵێکی هاوشێوەی هەبووە لە هێرشەکانی سەر هەولێردا».

لای خۆیەوە، پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر ستایشی ڕۆڵی حکومەت و پەرلەمانی عێراقی کرد پەیوەست بە ڕووداوەکانی سلێمانی، ڕوونی کردەوە «سەردانی وەفدەکە بۆ دوو هۆکارە. یەکەمیان پەیوەستە بە وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکان بە ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لەلایەن تورکیاوە؛ دووەمیان پەیوەستە بە دوایین هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەکە».

لەکۆتایی قسەکانییدا گوتی: «سلێمانی و فڕۆکەخانەکەی سەلامەتن، هیچ پاساوێکی ئەمنی و سیاسی نییە بۆ وەستانی گەشتە ئاسمانییەکان بەرەو سلێمانی»، دووپاتی کردەوە «ئیدارەی سلێمانی پەیوەندی بە کۆنسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کردووە بۆ چاوخشاندنەوە بە بڕیاری ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکاندا».

لای خۆیەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، هەرێم کەمال ڕایگەیاند: «لیژنەکە ڕاسپێردراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی پەیوەست بە فڕۆکەخانەکە و لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە ڕاسپێردراوە بە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێکی ورد بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنەکە، پاشان وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕادەسپێردرێت بۆ گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان سەبارەت بەم پرسە».

هەروەها گوتی: «عێراق دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ تورکیا بکات و فشاری بخاتەسەر، لە هەردوو ڕەهەندی دیبلۆماسی و ئابوورییەوە، بەتایبەت مادام پرۆسەیەکی ئاڵوگۆڕیی بازرگانیی گەورە لەنێوان هەردوو وڵاتەکە لەگۆڕێیە».