"لۆزان دەرگای لەبەردەم جینۆساید و سڕینەوە و نکۆڵی کردن لە کورد کردەوە"

ئەبوبەکر هەڵدەنی: "دەبێت لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەرزبنەوە بۆ ئاستی نەتەوەسازی و واز لە حزبایەتی بهێنن چونکە یەکڕیزی وەڵامدانەوەیەکی پراکتیکی پەیماننامەی لۆزانە".

 ئەبوبەکر هەڵدەنی سیاسەتمەداری دیاری باشوری کوردستان و پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان، کە لەهەمان کاتدا ئەندامی کۆنگرەیی نەتەوەیی کوردستان(کەنەکە)یە، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەبارەی ساڵرۆژی سەد ساڵەی پەیمانی لۆزان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) دوا.

 یەکڕیزی لایەن کوردستانییەکان گەورەترین وەڵامدانەوەی واژووکەرانی لۆزانە

 ئەبوبەکر هەڵدەنی ئەندامی کەنەکە و سیاسەتمەداری دیاری باشوری کوردستان، سەبارەت بە سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) ووتی: "ڕێکەوتننامەی لۆزان دەرگای لەبەردەم جینۆساید و سڕینەوە و نکۆڵی کرد لە کورد کردەوە، لەیادی سەد ساڵەی ڕێکەوتن نامەی لۆزان ئەرک دەکەوێتە سەر لایەنە ناخۆییەکانی کوردستان و زڵهێزەکانی جیهان و ووڵاتانی هەرێمی، کە یەکەمیان ئەرکەکە لەسەر سەرجەم هێز و لایەنەکانی کوردستانە، لەسەد ساڵی ڕابردوو بۆ ناوخۆی خۆمان چەند دەرفەتێک دەرکەوت کە دواینیان هەرێمی کوردستان بوو چونکە ئەزموونی باشوری کوردستان شەبەقێق بوو لە پەیماننامەی لۆزان، بەڵام خۆمان نەمانتوانی گەشە بە هەرێمی کوردستان بدەین یەکڕیزی هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان گەورەترین وەڵامدانەوەی بڕیاربەدەستان و واژووکەرانی لۆزانە".

 چارەسەرکردنی دۆزی کورد لە قازانجی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە

 هەروەها ئەبوبەکر هەڵدەنی لە درێژەی قسەکانیدا ووتی: "لە  دەربارەی بڕیار بەدەستانی ووڵاتە جیهانی و هەرێمییەکان پیان دەڵێن کە چارەسەرکردنی کێشە و دۆزی کورد لەم ناوچەیە تەنها لە قازانجی گەلی کورد نیە، بەڵکو بەقازانجی تەواوی نەتەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و گەڕانەوەی ئاسایش و ئاڕامییە بۆ ناوچەکە، وە بە فەرمان و واژووی بڕیاربەدەستانی جیهان کوردستان دابەش کراوە و ئەو هەموو مەرگەساتە بەسەر کوردا هاتووە بۆیە پێویست دەکات بەشێک لەو قەرزە بدەنەوە بە کورد چونکە ئەوان ئەو بەرپرسیارەتییان ئەکەوێتە ئەستۆ، بەڵایەنی کەمەوە کاتێک کە ووڵاتەکانیان بۆ کەنداوی عەرەبی دروست کرد ئەیانتوانی قەوارەیەک بۆ کورد دروست بکەن تا گەلی کورد ئەو هەموو مەرگەسات و جینۆسایدەی لە هەرچوار پارچەی کوردستان ڕووبەڕوو نەبوایەتەوە".

 هەڵە ناوخۆییەکانی خۆمان چارەسەر بکەین

 ئەو سیاسەتمەدارەی باشوری کوردستان ڕەخنەی لە کەمتەرخەمی لایەنە ناوخوییەکانیش گرت و ووتی: "هەر چوار داگیرکەرەکەی کوردستان لە سیاسەتی سڕینەوەی گەلی کورد لەهەر چوار پارچی کوردستا و لە تەماحی شۆڤێنی خۆیان نەوەستاون، بەڵام هەمیشە ووتراوە حەق ئەسەندرێت، ئێمەی کورد نزیکبووین لە ئازادی هەرسێ پارچەی کوردستان ئەگەر هەڵە ناوخۆییەکانی خۆمان چارەسەر بکەین و پێداچوونەوەی بەخۆماندا بکەین ئەتوانین بۆ هەموو جیهانیش بیسەلمێنین کە شایەنی پاڵپشتی ئەوانین، چۆن لە شەری دژی داعش جیهان هاوپەیمانمان بوون، هەروەها لە تێکشاکاندنی سەدام حوسێن و نوسینەوەی دەستوری عێراق هەروەها دروستکردنی ناوچەی دژە فڕین لەباشوری کوردستان بە بڕیاری ٦٨٨ کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەگەڵمان بوون کەواتا بەشێکی بەستراوەتەوە بەخۆمان".

 سەرەڕای جینۆساید و هەوڵی سڕینەوەی، هۆکاری مانەوەی کورد بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە

  ئەبوبەکر هەڵدەنی تیشکی خستەسەر بەرنگاربوونەوەی گەلی کورد دژ بە تەواوی شاڵاوەکانی داگیرکەران بۆ جینۆساید و سڕینەوە و نکۆڵی کردن لە کورد و ووتی: "مێژوو سەلماندی و دەرکەوت کە هیچ میللەتێک هەندەی کورد ئەگەر بچەوسێندرێتەوە و جینۆساید بکرێت و ئەوەی بەسەر گەلی کوردا هاتووە ئەگەر بەسەر هەر نەتەوەیەکی دیکەدا بهاتبایە ئیستا ناوی لە مۆزەخانەش نەدەما، بەڵام میلەتی کورد بەرگەی هەموو جینۆساید و سڕێنەوەکانی گرت چونکە کورد توانای مانەوەی هەیە چونکە کورد خاوەن ئەو شارستانیەت، کلتور و کەلەپورێکی گەورەیە و و زمانێکی دەوڵەمەندەی هەیە، بۆیە کورد هەر ئەمینێتەوە و دەبێت داگیرکەرانی کوردستان ئەو ڕاستە بزانن".

 لایەنە سیاسییەکانی کوردستان نەتەوە سازی بکەن و واز لە حزبایەتی

 ئەو ئەندامەی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد(کەنەکە)، سەبارەت بە گرنگی یەکڕیزی کورد دژ بە داگیرکەران و دوژمنانی، ناوبراو ڕایگەیاند: "دەبێت هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەرزبنەوە بۆ ئاستی نەتەوە و بێن نەتەوە سازی بکەن و واز لە حزبایەتی، ئایدلۆیا، کێشە ناوخۆیی و حەز کەسایەتییەکانی خۆیان بهێنن، تا بەرزبینەوە بۆ ئاستی نەتەوە سازی ئەوەندە گەلی کورد تۆکمە دەبێت و بەرامبەرەکەشمان ناچار دەبن کە گوێ لە کورد بگرن دانی بەبوونی و مافەکانی دابنێن، کەواتا یەکڕیزی و تەواوی ناوخۆی لەسەر ئاستی هەرچوارپارچەی کوردستان وە لەسەر ئاستی حزب و لایەن و خەڵکی وەلامدانەوەیەکی پراکتیکی پەیماننامەی لۆزانە، ئەم خەباتەش دەبێت خۆمان ئەنجامی بدەین".

 ئازادی ئۆجەلان کلیلی گەڕانەوەی ئاشتی-یە

 هەروەها ئەو سیاسەتمەدارە دیارەی باشوری کوردستان، باسی گرنگی ئازادی جەستەی ڕێبەری گەلی کورد ڕێبەر ئۆجەلان-ی کرد بۆ چەسپاندنی ئاشتی، و ڕایگەیاندن: "ئەو ڕەوشەی ئیستا لە باکوری کوردستان دەگوزەرێت ڕەوشێکی زۆر ناسروشتیە بۆ گەرانەوەش بۆ چارسەری ئاشتی کلیلی ئاشتی لە باکوری کوردستان ئازادی بەڕیز ئۆجەلان دەبێت ئەمەش ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە"

 لە سیاسەتی دژایەتی کورد، تورکیا جگە لە خوێن و ماڵ وێرانی هیچی دیکەی نەچنیوە

 لە کۆتایدا ئەبوبەکر هەڵدەنی سیاسەتمەداری دیاری باشوری کوردستان و ئەندامی (کەنەکە)، تشیکی خستەسەر ماڵوێرانی دەوڵەتی تورکیا بەهۆی بەردەوامی بە سیاسەتی نکۆڵی کردن لە نەتەوەی کورد و ووتی: "دەبێت دەوڵەتی تورکیا ئەوە بزانێت کە لە سەد ساڵی ڕابردوو ئەو هەموو سیاسەتی نکۆڵی کردن جینۆسایدەی لەبەرامبەر گەلی کوردا ئەنجامی داوە هیچیان بەرهەم نەهێناوە جگە لە خوێن ڕشتن و ماڵ وێرانی بۆ گەلانی تورکیا هیچی دیکەی لێ بەرهەم نەهاتووە، بۆیە دانان بە مافەکانی گەلی کورد و بوونی گەلی کورد لە تورکیا و پێدانی مافە دیموکراسییەکانی ئەمە چارەسەر و گەرانەوەی ئاشتی و ئارامییە بۆ ناوچەکە".

هـ . ب