مامۆستا شەماڵ… شەهیدی ڕێی سەرڕاستکردنەوەی مێژووی کوردستان

نووسەر بوو، مامۆستا و ئەرشیفڤان و سیاسیی بوو، مێژووی دەنووسییەوە و بەڵگەی بۆ کوردستانیبوونی ناوچە دابڕێندراوەکان دەهێنایەوە، هەوڵیدەدا لە هەر ڕێگەیەکەوە، خزمەت بە نیشتمانەکەی بکات و مێژووەکەی ڕاستبکاتەوە، تا شەهیدبوونیشی نووکی قەڵەمەکەی لە نووسین ڕانەگرت.

مامۆستا شەماڵ، نووسەر و سیاسەتمەدار و مێژووناس و ئەرشیفڤان، کەسایەتییەکی دیاری گەرمیان و یەکێک لە ڕۆشنبیرەکانی شاری وەزیرانی کفریی، کە بە بەرهەمەکانی مۆرکی خۆی دا لە مێژووی کوردستان بە گشتیی و گەرمیان و کفریی بە تایبەتیی.

سوهەیل خورشید عەزیز، ناسراو بە مامۆستا شەماڵ، لە ساڵی ١٩٦٠ لە شارۆچکەی کفریی سەر بە ئیدارەی گەرمیان لەدایک بووە، وەک خۆی دەڵێت: سەرەتا باوانی لە بناری ئاژداخەوە هاتوونەتە کانی گۆمەی سلێمانیی، لە کۆتاییەکانی سەردەمی عوسمانیی، باپیرەی هاتووەتە کفری.

قۆناغەکانی خوێندنی لە کفری خوێندووە، دەرچووی کۆلێژی ئەندازیاریی کشتوکاڵییە لە زانکۆی بەغدا، هاوسەرگیری کردووە و چوار منداڵی هەن. جگە لە زمانی کوردیی؛ زمانەکانی تورکمانیی و عەرەبیی زانیوە، لە ژیانی تایبەتییدا ماوەیەکی زۆر بە کشتوکاڵەوە سەرقاڵ بووە، کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کفریی بووە.

لە کار و خەباتی سیاسییشدا بە وتەى خۆی، لە نەوەدەکان و لەگەڵ گەشەی بیر و ڕامانی ئاپۆچێتیی لە باشووری کوردستان، لە ساڵی ١٩٩٦ ئاشنای فەلسەفە و تێزەکانی ڕێبەر ئاپۆ دەبێت.

لە ساڵی ۱۹۹۷ دەبێتە ئەندامی یەنەدەکە، پاشان ئەندامی پەچەدەکە، تا شەهیدبوونیشی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بووە.

مامۆستا شەماڵ لە هەشتاکانەوە دەنووسێت و لە ١٩٨٢ شیعری بە زمانی عەرەبیی نووسیوە، لە ١٩٩٧-١٩٩٨ بابەتی سیاسیی لە ڕۆژنامەى وڵات نووسیوە، پاش ساڵانی ٢٠٠٠، لێکۆڵینەوە جوگرافیی و مێژووییەکانی لە شێوەی چەندین پەرتووکدا چاپ کردووە.

سەرەتا بە شیعر دەستی پێ کردووە و پاشان ماوەیەک نووسینی بۆ ڕۆژنامە نووسیوە، دواتر چەندین لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە سەرڕاستکردنەوەی مێژووی باشووری کوردستان، بەپێی گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانی دەوڵەتی عوسمانیی و پاشایەتیی و کۆماریی لە ئێراق، دەنووسێت، ئەو پێی وابووە ئەم گۆڕانکارییە دیمۆگرافییانەى سنوور و خاکی باشووری کوردستان، لە ڕێی فەرمانی کارگێڕییەوە پاساوی بۆ هێنراوەتەوە، هەر بۆیە گرنگییەکی زۆری بەو ساڵنامە و نەخشانەى دەوڵەتی عوسمانیی و بەڵگەکانی تری دەوڵەتی ئێراق داوە سەبارەت بە باشووری کوردستان و بە تایبەتی ناوچە دابڕێندراوەکان.

وەک نموونەیەک بۆ ئەمە، خۆی دەڵێت: لە زێی بچووکەوە تا سیروان، لە قەرەداغ تا حەمرین سنووری کەرکووکە، بەڵام ئێستا بەسەر پارێزگاکانی دیالە و سەلاحەدیندا پارچەپارچە کراوە، هەروەها لە شێواندنی کەلتوور و جوگرافیای کەرکوکدا، دەستی تۆرانیزم و فاشیزمی تورکیی بە تاوانبار دەزانێـت و ڕەگوڕیشەی ئەمە دەگەڕێنێتەوە بۆ بەڵگەنامەکانی نێو دەوڵەتی عوسمانیی خۆی.

شارەزاییەکی بەرفراوانی لە سیستمی ئیداریی و سەربازیی و سیاسیی عوسمانییەکان هەبووە و هەر لەسەر ئەو بنەمایە لێکۆڵینەوە جوگرافیی و سیاسییەکانی خۆی لە گۆشەی ستەم و داپڵۆسینی سەر کوردان و داگیرکردن و پاوانی خاکی باشووری کوردستان، لە عوسمانییەوە بۆ سەردەمی پاشایەتیی و کۆماریی لە ئێراق ڕوانیویەتی.

لە ڕێی هەڵسەنگاندنە مێژووییەکانییەوە دەگاتە ئەو ئەنجامەى، کە لە سۆنگەی بەڵگەنامەکانەوە، زاڵێتیی زمانی تورکمانیی بە هۆی دەسەڵاتەوە بووە و زۆرینەی خەڵکی سنووری کفری و شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری کورد بوون، هەروەها پێی وابوو گەر دەوڵەتان و دەستی دەرەکیی بهێڵن، پەیوەندی کورد و تورکمان باش دەبن.

مامۆستا شەماڵ چۆن لە کفری ڕووبەڕووی شۆڤێنیزمی بەرەی تورکمانیی بووەوە؟

ئەو لە دیدارە میدیاییەکانی و لە نووسین و لێکۆڵینەوەکانیدا، ڕووبەڕووی بەرەی تورکمانیی دەبێتەوە لە کفریی، کاتێک کفریی بە موڵکی تورکەکان دەزانن، ئەمە وای لێ دەکات ئەم چەواشەکارییە سەرڕاست بکاتەوە و لێکۆڵینەوەیەک لە ٢٠٠٢ بە عەرەبی بە ناوی (چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی ناوچەی کفریی) بڵاو بکاتەوە.

خۆی دەڵێت “بێدەنگیی ڕۆشنبیرانی کورد وای کردووە، وەڵامی ئەو چەواشەکارییەی بەرەی تورکمانی بداتەوە”، خۆی ئەمە وەک وەڵام و سەرڕاستکردنەوەیەک بۆ چەواشەکاریی چەمکێکی فاشییانەى وەک (تورکمان ئیلی) بۆ تەلەعفەر و خانەقین و کفریی و هەرێمی گەرمیان و گەرمەسێری کوردان دادەنێت.

پاشان ئەو کتێبە دەکاتەوە بە کوردیی و دەوڵەمەندتری دەکات و دەبێتە چوار پەرتووک بەم ناوانەى لای خوارێ:

١. مێژووی ناوچەی کفری

٢. مێژووی ناوچەی کفری لە کۆنەوە تا ساڵی ١٩٥٨

٣. پڕۆسەکانی پاکتاوی ڕەگەزیی لە ناوچەی کفریی

٤. مێژووی ناوچەی گەرمیان (چینە کۆمەڵایەتیی و ڕیکخراوە سیاسییەکانی، لە نێوان ساڵانی ١٨٧٠-١٩٧٠)

پاشان ئەتڵەسی کەرکوک بەپێی ڕاستییە مێژوویی و کۆمەڵگەییەکان دەنووسێت، لەوێدا ئاماژە بە گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانی نێوان ١٩٤٧-١٩٨٧ دەدات، هەروەها پەرتووکی (ئابووریی ناوچەی کفریی) لە نێوان ساڵانی ١٨٥٠-٢٠٠٨ دەنووسێت.

هەروەها ئەتڵەسی باشووری کوردستانی ئامادە کردووە، یان بە وتەى خۆی ویلایەتی موسڵ و گۆڕانکارییە کارگێڕییەکان.

هەروەها ئینسکلۆپیدیای کفریی لەژێر چاپ دایە و دوایین بەرهەمی نووسینییەتی، کە خۆی فریای بڵاوکەوتنەوەی نەکەوت.

مامۆستا شەماڵ و سەرڕاستکردنەوەی میژووی کفری

شەهید شەماڵ، گرنگییەکی زۆری بە شوێنەوار داوە و ئەمەى بە شاڕێیەکی تری سەرڕاستکردنەوەى مێژوو زانییوە لە ژێر چەپۆکیی فاشیزم و دەستێوەردانی دەوڵەتانی داگیرکەری کورد، بۆ نموونە گرنگی بە گردە دەستکردەکانی کفری داوە و دەڵێت: ١٥٦ گردن، گرنگیی بە شوێنەوار داوە و ئەمەى گەڕاندووەتەوە بۆ سۆمەریی و ژیارییە کۆنەکانی زاگرۆس و کوردستان، بەم کارە ڕاوەستەی بەرانبەر مێژووی ساختە و تەڵەکەبازیی فاشیزمی دەوڵەت نەتەوەى تورکی کردووە، جا بۆ ئەمە ئاماژەی بە ناوە کۆنەکانی کفریی وەک (لاخیرۆ، کیماش، کودرۆ و ڤیرجیا) کردووە

ئەشکەوت و گۆڕستانی زەردەشتییەکان دیسانەوە گومانی بۆ ئەم مێژووە ساختەیەی وا دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەم ناوچەی داتاشیوە، بۆ درووست دەکات، بۆیە، بە گرنگەییەوە لە سامانی کەلتووریی، ئایینی و ژیارییە کۆنەکانی کورد لەو ناوچە دەڕوانێ و دەیکات بە دەساوێژێک بۆ سەرڕاستکردنەوەى مێژووی کۆمەڵگە و ڕاستینەی کورد.

وەک دەنگێکی ناڕازیی لە بەرانبەر پشتگوێخستنی مێژوو و کەلتووری کورد لە شارەکە، دەنگی بەرانبەر بێخەمیی دەسەڵاتی کوردیی و ئێراقیی هەڵبڕیوە، بۆ پاراستنی شوێنەوار و کەلەپووری کورد لە ناوچەکە خۆی دەڵێت: کۆڵ نادەین، بەڵام تا ئێستا سەرنەکەوتووین.

لە دوای ساڵانێکی زۆر تێکۆشان و هەوڵێکی بێوچان لەبواری کەلتوور، مێژوو، ئەرشیف، شوێنەوار و نووسیندا، ڕۆژی ٢٨ی ٨ی ٢٠٢٢ مامۆستا شەماڵ لەکاتژمێر ٠١:٠٠ی دوانیوەڕۆ لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە کفریی لەلایەن چەند چەکدارێکەوە درایە بەر دەسڕێژی گوللـە و شەهید کرا.

هـ . ب