مامۆستایەکی کورد لەلایەنی هێزەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە دەستگیرکرا

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، کە ١٨ی ئاب چالاکوانی خەڵکی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان موختار ئەسەدی دەستگیرکراوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هێزەکانی دەوڵەت بە بێ ئەوەی مۆڵەتی پشکنینیان هەبێت هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مامۆستای سنەیی موختار ئەسەدی و دەستبەسەریان کردووە.

دوای دەستگیرکردن و گواستنەوەی بۆ ئەمنیەتی ئینتەرنێتی سنە، ئەسەدی گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویشیکردووەتەوە کە ئەو مامۆستا کوردە دوای دەستگیرکردنی مانی لەخواردن گرتووە.

ئەسەدی ئەندامێکی دیاری یەکێتی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان و لە هەمان کاتدا خوێندکاری کارناسی باڵا لە زانکۆی تاران بووە و بەهۆی چالاکیەکانیەوە چەندین جار دەستبەسەرکراوە.