مانگرتنی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەدەچێت

سەرباری هەڕەشە و گوشارەکانی دەوڵەتی ئێران، ئەمڕۆ هاوکات لەگەڵ یەکەم ساڵیادی دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە سەرداوای حزبەکانی رۆژهەڵات و چالاکوانانی مەدەنی مانگرتنی سەرتاسەری لەو بەشەی کوردستان بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ لە یەکەمین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی و دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتن بەڕێوەچوو. دوکانداران و کاسبکاران لە شآرەکانی کرماشان، جوانڕۆ، سنە، مەهاباد، بۆکان، مەریوان، بانە، سەقز، دیواندەڕە، شنۆ، دێوڵان و کامیاران و زۆر شاری دیکە دوکان و بازاڕەکانیان داخست.

هاوکات بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان چەندین رۆژە بەمەبەستی رێگری لە دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان هێزێکی زۆری سەربازی لە ناو شارەکانی رۆژهەڵات کۆکراونەتەوە.

هەر ئەمڕۆ لە شاری سەقز، ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ئەمینی لە کاتی هاتنەدەرەوەی لەماڵەکەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.

ماوەی چەند رۆژێکیشە دەوروبەری گۆڕستانی ئایچیی سەقز کە گۆڕی ژینا ئەمینی لەوێیە، بە هێزی سەربازی تەنراوە و ئەمڕۆ بەمەبەستی رێگری لە رۆیشتنی خەڵک بەرەو گڵکۆی ژینا، هێزەکانی دەوڵەتی ئێران یەکێک لە دەرچەکانی بەنداوی چراغ وەیسیان کردەوە بۆ ئەوەی ئاستەنگی هاتووچۆ لە دەوروبەری گۆڕستانەکە سازبکەن.

لە رۆژانی رابردوو شەش حزبی رۆژهەڵاتی کوردستان (پەژاک، حدکا، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، کۆمەڵە- رێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران، سازمانی خەبات و پاک) ، داوایان کردبوو لە ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی و دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا هاوڵاتیان لە رێگەی داخستنی دوکان و بازاڕەکان و بەسەرکردنەوەی گڵکۆی گینابەختکردووانی ئەو سەرهەڵدان، ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە دەسەڵات دەرببرن.

بنەماڵەی ژینا ئەمینیش رایانگەیاندبوو، کە لە ساڵرۆژی گیانبەختکردنی کچەکەیاندا لە سەر گڵکۆکەی مەراسیمێک ساز دەکەن.

رۆژی ١٣ی ئەیلولی ساڵی رابردوو پۆلیسی بە ناو ئەخلاق لە شاری تاران بە پاساوی حیجاب ژینا ئەمینیان دەستگیر و لە ئەنجامی ئەشکەنجە و توندوتیژیەوە ئەو کچە کوردە کەوتە دۆخی کۆماوە و پاش سێ رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە رۆژی ١٦ی ئەیلول گیانی لەدەستدا و ئەوەش بووە هۆی دستپێکردنی سەرهەڵدانێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە بە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی دەناسرێت و درێژخایەنترین و بەرفراوانترین خۆپیشاندانی تەمەنی ٤٤ ساڵەی کۆماری ئیسلامیە.

لە ئەنجامی توندوتیژیەکانی هێزەکانی دەسەڵات نزیکەی ٥٥٠ کەس لەو سەرهەڵدانەدا گیانیان بەختکردووە و بە هەزاران کەسیش بریندارکران و لانیکەم ٧ خۆپیشاندەریش لەسێدارەدراون.

هـ . ب