مانگرتنی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد
بۆ ئیدانەکردنی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی رژێمی ئێران لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی گشتی دەستیپیکردووە و دوکان و بازاڕەکان داخراون و شەقامەکان چۆڵن.
بۆ ئیدانەکردنی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی رژێمی ئێران لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی گشتی دەستیپیکردووە و دوکان و بازاڕەکان داخراون و شەقامەکان چۆڵن.
لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی رژێمی ئێران لە شاری تاران، لایەنەکان و رێکخراوەکان و کەسایەتییەکان و چالاکوانان لە دژی ئەو کوشتنە ناڕەزایی نیشاندا و داوای مانگرتنی سەرتاسەرییان کرد.
هاوکات پەژاک و کۆدار و کەژار بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراو بانگەوازیان بۆ مانگرتنی سەرتاسەری لە هاووڵاتییان کرد. کەژەکە و تەژەئا و هەدەپەش بە توندی کوشتنی ژینا ئەمینییان ئیدانە کرد.
لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشوازی لە بانگەوازی مانگرتنی سەرتاسەری کرا و هاووڵاتییان دوکان و بازاڕەکانیان داخستووە و شەقامەکان چۆڵن.
بەپێی زانیارییە گەیشتوەکان تا ئێستا شارەکانی کرماشان، سنە، مەریوان، سەقز، بانە، دیواندەرە، بۆکان، شنۆ، مەهاباد، نەغەدە، پیرانشار (خانێ) و زانکۆی پۆلەتەکنیکی تاران لە مانگرتنی گشتی و خۆپیشانداندان.
ژینا ئەمینی لە ١٣ی ئەیلول دا لەلایەن هێزەکانی رژێمی ئێران لە دوای ٢ کاتژمێر لە دەستگیرکردنی لە وێستگەى میترۆی حەقانی بەهۆی ئەشکەنجەى قورسەوە لە بنکەى پۆلیسی وزەرا گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە. لە ئەنجامی ئەشکەنجەکاندا تووشی خوێنبەربوونی مێشک ببو و خوێن لە گوێی هاتبوو و خوێن لە ژێر چاوەکانیدا مەیبوون و لە دوای ٣ رۆژ بەرەنگاری لەگەڵ مەرگ دا لە ١٦ی ئەیلول نەخۆشخانەی کەسرا کۆچی دوایی کرد.
تەرمەکەى ژینا برایەوە بۆ شاری سەقز و بە بەشداریی هەزاران کەس و بە دروشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"، "شەهید نامرێ" بەخاکسپێردرا.
لە شارەکانی سنە، سەقز، مەهاباد، زانکۆی تاران، کەرەج زنجیرەیەک ناڕەزایەتیی مەدەنی لە دژی ئەو تاوانە ئەنجامدرا و لە شاری سەقز بەهۆی تەقەی هێزەکانی رژێمی ئێرانەوە خۆپیشاندەرێک کوژرا و چەندین خۆپیشاندەری تریش برینداربوون و ژمارەیەکیش لە خۆپیشاندەران دەستگیرکران.
سەرباری ئەوەی رژێم هێزێکی زۆری بە شەقامەکان و شارەکاندا بڵاوکردووەتەوە، بەڵام ناڕەزایەتییەکان بەردەوامن و ئەمڕۆ خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەوپەڕێ شکۆوە مانگرتنی گشتییان دەستپێکرد.
ژ.ت