مانگی سوور هاوکاری بۆ خانەوادە زیانلێکەوتووانی رۆژهەڵاتی کوردستان نارد

رێکخراوی هاوکاری مانگی سوری کوردستان ٣٧ هەزار و ٥٥٠ یۆرۆی وەک هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی رۆژهەڵاتی کوردستان نارد.

ڕێکخراوەکە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ بە مەبەستی هاوکاریکردن ئەو خانەوادانەی کە لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان زیانیان بەرکەوتووە و رووبەرووی هێرش و قڕکردنی دەوڵەتی ئێران بوونەتەوە، لە دەرەوەی وڵات دەستی بە کەمپەین کردبوو.

رێکخراوەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی، " مانگی سووری کوردستان لە چوارچێوەی کەمپەینی ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ بە دروشمی ' رۆژهەڵات بە تەنیا نییە' تاوەکو ئێستا ١٩ هەزار و ١٥٠ یۆرۆ هاوکاری کۆکردووەتەوە و بە دەرفەتی خۆی ٣٧ هەزار و ٥٥٠ یۆرۆی بۆ ١٢٧ خانەوادەی زیانلێکەوتوو و بریندارانی رۆژهەڵاتی کوردستان ناردووە . هەروەها مانگی سووری بریاریداوە کە ناردنی هاوکاریەکانی بەردەوامی پێبدات و بە گشتی ١٠٠ هەزار یۆرۆ بگەیەنێتە ٥٥٠ خانەوادە و برینداران."

مانگی سووری کوردستان لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا سوپاسی ئەو کەسانە کرد کە بەشداریان لە کەمپەینەکەدا کردووە و بانگەوازی لە کوردستانیانی ئەوروپا کرد کە هاوکاری زیاتر پێشکەش بە خانەوادەی زیان لێکەوتووانی رۆژهەڵاتی کوردستان بکەن.

ف.ق