محەمەد ئەمین جوتیارێكی كورده و نوێنەری جووتیارانی کوردی کەرکوکە، لە رۆژی ١٧ی ئهم مانگه دوای ئهوهی جووتیارانی كورد لە شارۆچکەی سەرگەڕانی کەرکوک، بەنیازبوون زەوییە كشتوكاڵییەكانیان بكێڵن، بەڵام لەلایەن سوپای عیراقەوە رێگریان لێكرا و هێرشیان کردە سەر چەند جوتیارێک، هەروەها سهربازێكی عێراقی ملپێچی ناوبراوی ڕاكێشا و دهیویست لهسهر تراكتۆرهكهی بیهێنێته خوارهوه، ئەو دیمەنەش لە شەقامی کوردی کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. ئەو ڕووداوە بەروارد کرا بە سەردەمانێک کە سوپای بەعسی ڕووخاوی عێراقی لە ڕێگەی تواندنەوە (تەعریب)کردنەوە ستەمی لە گەلی کورد دەکرد و لە خاکی خۆی دەربەدەری ئەکرد.
جێگای باسە، محەمەد ئەمین نوێنهری جوتیارانی شاری کەرکوکی باشوری کوردستانە و تهمهنی ٥٦ ساڵانه و له ساڵی ١٩٨٦ رژێمی بهعس سزای زیندانیكردنی ههتا ههتایی بۆ دهركردوه و زیندانی سیاسی بووە، هاوكات پێنج ئامۆزاشی بهدهستی رژێمی پێشووی بهعس شههیدكراون.
سەبارەت بەو هێرشە بەردەوامانەی دەکرێتە سەر جووتیاری کورد لەلایەن سوپای عێراق و عەرەبی هاوردەوە. وە تۆمارکردنی سکاڵا لەدژی ئەو سەرباز و ئەفسەرانەی کە هێرشیان کردە سەر جووتیاران، هەروەها دواین گۆڕانکارییەکانی کێشەی زەوی جووتیارانی کوردی کەرکوک و بڕیاری گەڕانەوە زەوییە داگیرکراوەکانیان دوای هەڵوەشانەوە بڕیارەکانی رژێمی پێشووی بەعس و چەند پرسێکی گرێدراوی ئەو بابەتە، محەمەد ئەمین بۆ ئاژانسمان دوا.
'لەڕیگەی داگیرکردنی زەوی کورد هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیا دراوە'
سەبارەت بە خاوەنداری زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەی سەگەڕان لە کەرکوک و گۆڕێنی دیموگرافیای شاری کەرکوکی باشوری کوردستان لە چوارچێوەی پرۆسەی بە عەرەب کردنی گوندەکانی کورد لەلایەن رژێمی پێشووی بەعسەوە، محەمەد ئەمین نوێنەری جووتیارانی کوردی کەرکوک، ڕایگەیاند: "خاوەنداری زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەی سەرگەران و گوندەکانی کەرکوک، دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان کە کوردەکانن واتا ئێمەین، ساڵانێکی زۆر پێش دروستبوونی دەوڵەتی عێراق تاپۆی ئەو زەویانە بە ناوی ئێمەی کوردەوە بووە بەڵام لە چوارچێوی پرۆسەکانی بەعەرەب کردن و دەرچوونی بڕیارەکانی "ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆرش" و "لیژنەی کاروباری باکوور"ی سەردەمی رژێمی پێشووی بەعس، ئەو زەویانە لەسەر ناوی خاوەنە ڕەسەنەکانیان ڕەش کراوەتەوە و کراوتە ناو وەزارەتەکانی دارایی عێراقی دواتریش بە گرێبەستی کشتوکاڵی لە چوارچێوەی پرۆسەی بەعەرەب کردن دراوە بەو عەرەبە هاوردانەی کە بەمەبەستی بە عەرەب کردنی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان هێنراونەتە سنورەکە تاوەکو باری دیموگرافیای ناوچەکە بگۆڕن".
'سوپای عێراق هێرشی کردە سەر جووتیارانی کورد'
محەمەد ئەمین ئاماژەی بەوەدا درووستبوونی ئەم کێشانە لە نەبوونی ئەو یاسایانەدایە کە لە سوودی جوتیارانی کوردن و ئەمەی گوت: "بەداخەوە ساڵانێکی زۆرە داوا دەکەین ئەو کێشانە چارەسەر بکرێت لەڕێگەی یاسا و بەڕێوبەرییەوە تاوەکو کێشەکان ئاڵۆزتر نەبێت بەڵام هەتا ئێستا تا مانگی ڕابردوو یاساکە دەرنەچوو بۆیە ئەو کێشانەی ڕوویدا، دوای ڕووداوەکانی هێرش کردنە سەرمان لەلایەن سەرباز و ئەفسەرانی سوپای عێراق لە گوندی شەناغەی سنوری سەرگەڕان، لەسەر داوای وەزیری داد، سەرۆک وەزیران و پارێزگاری کەرکوک لێژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتی بریکاری وەزیری داد لە بەغدا پێکهات و داواکارییەکانی خۆمان پیان ڕاگەیاند، بڕیار وایە کە لە چەند رۆژی داهاتوو داواکارییەکانمان بکرێتە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران کە بەهۆی بڕیارەکە بەشێک لە کێشەکانی ئێمە چارەسەر دەبێت و کاریگەری ئەرێنی دەبێت و لە سوودی تەواوی پارێزگای کەرکووک دەبێت".
'زەوییە کشتوکاڵییەکان بگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانی کە ئێمەی کوردین'
سەبارەت بە گەڕانەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان، ئەو نوێنەری جووتیارانی کوردی کەرکوک وتی: "هیوادارین سەرۆک وەزیران زوو بڕیاری چارەسەری کێشەکان بدات، دوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی "ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆرش"ی رژێمی پێشوو بڕیاردراوە کە زەوییە کشتوکاڵییەکان بگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانی کە ئێمەی کوردین، ئەو بڕیارەش لە ماوەی دوو مانگ ڕێنەمایی جێبەجێ کردنی یاساکە جێبەجێ دەکرێت، ئەوکاتەش هەموو کەس مافی یاسایی خۆی وەردەگرێ".
'سوپای عێراق تائێستا بەو عەقلیەتە شۆڤێنییە مامەلە لەگەڵ جووتیارانی کورد دەکات'
ناوبراو باسی لەو عەقڵییەتە شۆڤێنیە کرد کە لە ئیستا و لە ڕابردوودا هەوڵی سەرکووت کردنی کورد ودەرکردنی کوردی لە زەوی و خاکی باوباپیرانی داوە، و تیشکی خستەسەر ئەوەی کە تاوەکو ئیستا لە سوپای عێراق ئەو عەقڵیەتە دژ بە کوردە بوونی هەیە و وتی: "بەداخەوە سوپای عێراق تائێستاش بەو عەقلیەتە شۆڤێنییە مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیانی ناوچەکە دەکات وەکو ئەوەی کە جوتیارانی کوردی ناوچەکە نامۆبن و کەسانی تاوانباربن لە کاتێکدا کە جووتیارانی کورد خاوەن ماف و خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکەن، بەداخەوە هێرش کردنە سەر جووتیارانی کورد بەو شێوەیە، ئەوە عەقلیەتی ئەو هێزەبوو کە لە سەردەمی بەعس بەو جۆرە پەروەردە کرابوون، بەڵام وادیارە ئێستاش بەشێک لە ئەفسەرانی سوپای عێراق بەهەمان نەفەس و بەهەمان عەقلیەت دەجوولێنەوە، ئەمەش بەڕاستی بۆ ئێمەی کورد مایەی ئەوپەڕی ناخۆشی و دڵتەنگییە کە لە کاتێکدا لە عێراقی نوێ دەبوایە دیموکراتیەت بەرقەرار بێت و یاسا سەروەر بێ و دەستوور جێبەجێ بکرێ بەڵام دەستوەردانی سوپا لەو کێشانە کاریگەری ئاسەواری زۆر خراپی دەبێت، ئێمە پێمان باشە ئەو کێشانە لە ڕێگەی یاسا و دادگاوە لە ڕێگای پۆلیسی خۆجێی و ئیدارە خۆجێیەکانەوە جێبەجێ بکرێ و چارەسەر بکرێ".
'پێویستە هاوڵاتییانی کورد لە هێزە سەربازییەکان نەترسن'
لە بەردەوامییدا محەمەد ئەمین باسی لەو سەرباز و ئەفسەرانە کرد کە هێرشی کردۆتە سەر خۆی و جووتیارانی کورد، و ڕایگەیاند سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو سەرباز و ئەفسارانەی سوپای عێراق تۆمارکردووە کە هێرشیان کردە سەری و ئەمەی گوت"بەشێک لە هۆکاری سکاڵا تۆمارکردنەکەم پەیامی تێدایە کە یەکێک لەو پەیامانە ئەوەیە پیویستە هاوڵاتییانی کورد چیدیکە لە ئەندامانی هێزە سەربازی و دەزگا ئەمنییەکان نەترسن و ئەو ترسە بشکێنن بەوەی کە بتوانن لە دادگاکان داوا لەسەر هەر کەسێک تۆمار بکەن کە پێشێلکاری مافەکانیان دەکات".
'پێویستە کۆتایی بەو عەقڵیەتە بهێنرێت'
محمەد ئەمین بەم شێوەیە درێژە دا بە قسەکانی: "بۆئەوەی ئەو عەقڵییەتە شۆڤێنییەی کە ئەو دەزگایانەی تێدا پەروەردە دەکرێت کۆتایی پێبێت و جارێکی دیکە شێوازێک لە پەروەردە بێتە کایەوە کە مافی مرۆڤ و مافی هاوڵاتی بوون بپارێزێت، لەلایەکی دیکەوە ئەو ئەفسەرانەی کە بڕیار بە سەربازەکانیان دەکەن هێرش بکەنە سەر هاوولاتیانی کورد لەسەر زەوی خۆیان لە ناوچە دابڕیندراوەکان پێویستە ڕێگرییان لێ بکرێت و کۆتایی بەو عەقڵیەتە بهێنرێت کە ناتوانێت ڕێز لە مافی هاوڵاتی بوون لە ئاستی پێویستدا بگرێت".
'یەکڕیز بین لەپێناو پاراستنی ماف و کەڕامەتی کورد'
محمەد ئەمین داوای یەکڕیزی لە تەواوی هاوڵاتیانی کورد و لایەنە سیاسیە کوردستانییەکانی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان کرد کە یەکڕیز و یەکگرتووبن لەپێناو بەرگریکردن لە ماف و کەڕامەتی هاوڵاتیانی کوردی ئەو ناوچانە وتی: "هیوادارم یەکڕیزی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و یەکڕیزی هاونیشتیمانانی کوردستان بپارێزرێت و بەیەکەوە هەموومان هەوڵبدەین تاوەکو بەرگری لە ماف و کەرامەتی هاوڵاتییانی کورد لە ناوچە دابڕاوەکان بەگشتی و لە کەرکوک بەتایبەتی بکەین، پێمان وایە ئیدارەی ئێستای کەرکوک ئیدارەیەکە لەخزمەتی هاوڵاتییان دایە و کەسێک بەڕێوەی دەبات کە دڵسۆزی کوردە و ئەنجوومەنێکی بەرقەرارە، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییە کوردەکانی دیکە "پەدەکە" کە نوێنەریان هەیە لە ئەنجوومەن دەبێت بەشداری ئەنجوومەن بن و هاوشانی ئەنجوومەنە کوردەکانی دیکە هاوکاری ئەو برادەرانەی "یەنەکە"بن و لەوێ بەرگری لە ماف و کەرامەتی هاوڵاتی و هاونیشتیمانیانی کوردستانی بکەن لە کەرکووکدا".
'سەنگەری یەکەمی بەرگری سینگی خۆتان بێت'
لە کۆتایی قسەکانیدا،محمەد ئەمین داواکارییەکی ئاڕاستەی سەرجەم کوردان کرد و ووتی: "داوا لە هاووڵاتیان دەکەم کە لە هەموو شوێنێک سەنگەری یەکەمی بەرگری سینگی خۆیان بێت تاوەکو ئیرادەیان هەبێت و ترسیان نەمینێت پاشان داوا لە لایەنە سیاسیەکان دەکەم بەتەواوی پشتگیرییان بکەن بۆئەوەی کێشەکانیان لەڕێگەی یاسا بنبڕبکرێ بۆ لادانی ئەو ستەمەی ماوەی ٥٠ ساڵە لەسەر هاووڵاتیان و جووتیارانی کوردی ئەم ناوچەیەیە".