پاژک: ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەر ئۆجەلان چەقی تێکۆشانمانە

بەبۆنەی ٤ی نیسان، ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵلا ئۆجالان، دەستەی بەڕێوەبەری پاژک ڕاگەیاندراوێکی پیرۆزبایی بڵاودەکاتەوە، ئەم بۆنەیە لە گەلی کورد و تەواوی گەلانی جیهان پیرۆزدەکات.

لە ڕاگەیاندراوەکەیدەستەی بەڕێوەبەری پارتی ئازادی ژنانی کوردستان (پاژک) هاتووە:

«پیرۆزبایی حەفتاوچوارەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەر لە ژنان و گەنجان و گەلی کورد و هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز دەکەین. هەروەها پیرۆزبایی لە هەموو دایکانی تێکۆشەر و خەباتگێڕ دەکەین لە نموونەی دایە عوەیش، دایکی ڕێبەر ئۆجەلان، کە بەرهەمی کەلتووری دایکەخوایە [مێ‌خوا]. یادی لەدایکبوونی ڕێبەر مێژوو و ئێستا و ئایندەی ژنان و مرۆڤایەتییە، پاراستنی  ڕێباز و بەهاکانی، پاراستنی مێژوو و ئێستا و ئایندەیە، بۆیە ئێستا زیاتر لە هەر کاتێک، ئازادیی جەستەیی ڕێبەر، دەبێتە بەرپرسیارێتی ژنان و سەرتاپای مرۆڤایەتی».

لەدایکبوونی ڕێبەر، سەرەتایەکی نوێ و پەرەسەندنێکی نوێیە لە پەڕەکانی مێژووی مرۆڤایەتی. لەدایکبوونێکی نوێی خەباتە لەپێناو ئازادیی ژنان، بۆ گەلی کورد و هەموو گەلانی چەوساوە ئومێدی ئازادی و سەرکەوتنە. هەڵبەت مۆدێل و هێڵی ئازادیی ژنان کرۆکی ئەم پرۆژەیە پێکدەهێنێت، سیستەمی مۆدێرنیتەی دیموکراتی و کۆنفیدراڵیزمی ژن شێوازی ئەم ژیانکردنەیە. لەدایکبوونی ڕێبەر، هەڵگری بایەخ و مانایەکی مێژووییە لای ژنان و لاوان و کۆی خەڵک.

ڕێبەر کاروانی خۆی ڕووەو ئازادی و بەها مرۆییەکان و مێژووی بەرخۆدانەکەی لە خاکێکدا دەستپێکرد کە بەشێکی گەورەی لەم کەلتوورە هەڵگرتووە. لە کاروانی ئازادی خۆیدا، زۆرێک لەو کەسانەی دەربازکرد کە لە زانین و فەلسەفەی بوونی خۆیان دوورکەوتبوون. هەڵوێستی ڕێبەر ئۆجەلان دژی چاخ و سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، هەڵوێستێکی زانستی و کۆمەڵایەتی و فەلسەفی و نێونەتەوەییە دژی زیهنیەتی پیاوسالاری، ڕێبەرمان بناغەی هزری ئازاد و ژن و کۆمەڵگەی ئازادی بەگوێرەی بەهاکان و کەلتووری پیرۆزی دایک دامەزراند، لەم پێناوەدا تێکۆشانێکی مەزنی پێکەوەنا. بۆ یەکەمین جار لە کوردستاندا، ڕێبەر بناغەی شۆڕشێکی مرۆڤایەتی داڕشت، بناغەی بزووتنەوەیەکی سۆسیالیستی و شۆڕشگێڕ بە ڕابەرایەتی ژن. ئێستاش مۆدێلی ژیانی ئازاد و یەکسان، بۆتە سەرچاوەی ئومێد و تێكۆشانی ژنان و مرۆڤایەتی لە جیهاندا لەسەر هێڵی خەباتی ژن لەپێناو ئازادی و ئایدۆلۆژیای ڕزگاریخوازی و ژنۆلۆژی.

ڕێبەر ئۆجەلان بە کەسێتییە مێژوویی و ڕێبەرایەتی و بەرپرسیارێتی تێکۆشانەکەی لەپێناو خەباتی ژندا بەناوی ژنان و کۆمەڵگەوە، لەڕێگەی بەرخۆدانێکی بێ‌وێنەوە، قوربانییەکی گەورەی پێشکەشکرد. ڕێبەرمان لێرەدا دژی هەموو هێزە باڵادەستەکانی جیهان دەوەستێتەوە، چونکە ئەم هێزانە کەسێتی ڕێبەرمان وەک ‌هەڕەشە بۆ سەر هەژموونی خۆیان دەبینن، بۆیە بەتوندی دژی دەجەنگن. لەگەڵ حەفتا و چوارەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەرمان، ئەم جەنگە مەزنە دژی ڕێبەرایەتی هێشتا بەتوندترین شێوە درێژەی هەیە، جەنگی دژ بە ژن و کۆمەڵگە گەیشتۆتە ترۆپکی فاشیزم.

ئێمەی ژنان و گەلی کورد، لە ٥١مین ساڵیادی خەباتکردن لەپێناو ئازادی، ئەم یادە دەکەینەوە. دووپاتی دەکەینەوە، چەقی خەباتەکەمان ئازادیی جەستەیی ڕێبەرە، بەم پێیە، ئازادیی جەستەیی ڕێبەرمان، پێداگری و بەستەری ڕاستەقینەی ئێمەیە بە ڕێبازە ئازادیخوازییەکەیەوە، بەم هەستوسۆزە و بەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەی دەکەوێتە ئەستۆی ئێمەی ژنان، یادی لەدایکبوونی ڕێبەر دەکەینەوە. پێویستە لەسەر ژنانی کورد وزە و هێزی خۆیان کۆبکەنەوە لەپێناو ئەم بەرپرسیارێتییە مێژووییە، هەروەک دەبێت ڕۆژ و شەو بخەینە سەریەک بۆ ئازادیی ڕێبەر ئۆجەلان، بەم پێداگرییەوە یادی لەدایکبوونی ڕێبەر دەکەینەوە و تێکۆشان بۆ ئازادکردنی درێژە پێ دەدەین.