مەخەدەشە بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال (مەخەدەشە) لە راگەیەندراوێکدا جەژنی نەورۆزی لە گەلی کورد، کۆمەڵگای ئێزدی و هەموو ئازادی خوازان پیرۆز کرد.
راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:
"ئێمە جەژنی نەورۆز لە تەواوی گەلانی ئاری، گەلانی ئازادیخواز و کۆمەڵگای ئێزدیمان پیرۆز دەکەین. هیوادارین کە ئەو جەژنە ببێتە مایەی ئاشتی، ئارامی وپێکەوەژیانی گەلان لە سەرتاسەری جیهان و شەنگال.
وەک دەزانرێت گەلەکەمان لە شەنگال بە جۆش و خرۆشێکی گەورەوە بە پێشەنگایەتی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال نەورۆزی پیرۆز کرد و پەیامی شەنگالێکی ئارام و سەقامگیری دایە هەموو کەس.
بەڵام بەداخەوە لەبەر ئەو قوربانیانەی لەم ماوەیەی رابردوودا گەلەکەمان بەخشی، هەروەها بۆ رێزلێنان لە بومەلەرزەکەی باکور و رۆژئاوای کوردستان، ئێمە وەک خۆبەڕێوەبەری بڕیارماندا کە هیچ ئاهەنگێک ساز نەکەین، بەڵام ئەوە بەو واتایە نایات کە گەلەکەمان نەورۆز پیرۆز نەکەن. لە ئێوارەی نەورۆزدا گەلەکەمان لە زۆر شوێن ئاگریان کردەوە و نەورۆزیان پیرۆز کرد.
ئەمرۆ دەبینین کە زۆر پلانی دوژمن بەسەر شەنگالدا جێبەجێ دەکرێن و دەیانەوێت گەلی شەنگال لە راستی خۆیانەوە دووربخەنەوە. پێویستە گەلەکەمان لە رۆژانی نەورۆزدا خاوەنداری لە رۆژە پیرۆزەکانیان بکەن و رێگە نەدەن پلانەکانی دوژمن بگەنە ئەنجام.
چی دەبێت با ببێت بەرخودانمان لە پێناو شەنگالی خۆبەڕێوەبەر و ئازاد سەردەکەوێت و هەموو ساڵێک ئاگری نەورۆز لەسەر خاکی پیرۆز بە گیانی بەرخودانی گەریلا لە چیا ئازادەکان بە گوڕتر دەکەین و کولتوری هەزاران ساڵەمان دەپارێزین".
هـ . ب