ئەنجومەنی خۆبەربەڕێوەبەریی دیموكراتیکی شنگال(مەخەدەشە)، ڕاگەیەندراوێكی سەبارەت بە بڕیاری پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ بە جینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان بڵاوكردەوە. مەخەدەشە ئاماژەی بەوەکردووە، کە تەنیا بە قسە ناکرێت، دەبێت وڵاتان ئەو کۆمەڵکوژیە وەک پاکتاو بناسن لە بواری کردراریدا کاروچالاکییەکانیان بەڕێوەببەن. هەروەها ئەنجومەنەکە داوای لە وڵاتانی نێونەتەوەیی کرد کە ئەو کەسانەی بوونە هۆکاری فەرمانەکە دادگایی بکرێن.
لە راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگالدا هاتووە:
"پێش هەموو شتێك سوپاسی دەوڵەتی ئەڵمانیا و سەرجەم پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە دەكەین، كە پشتیوانیان لە بڕیاری بەجینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژیی ئێزیدییەكان كرد، ئەم بڕیارە بۆ كۆمەڵگەی ئێزدی گرنگە و پێویستە هەموو وڵاتانی دیكەش ئەم كۆمەڵكوژییە بە جینۆساید بناسن.
بڕگەیەکی بڕیارەکە، لەبارەی قەبوڵکردنی ئەو منداڵانەی لە چەتەکانی داعشەوە دروستبوون، پێویستە چاوی پێدابخشێنرێتەوە، لەبەر ئەوەی لە ناو کۆمەڵگای ئێزدیدا قەبوڵ ناکرێت. ئەرکی ئەنجومەنی ڕۆحانی ئێزدییەکانە ڕاوەستە لەسەر ئەو بابەتە بکات.
فەرمان و كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان تا ئێستا كۆتایی نەهاتووە، پەدەكە، كە هۆكاری ئەو فەرمانەیە، لەسەر گەلی كۆچبەرمان سیاسەت بەڕێوەدەبات و بۆ بەرژەوەندی حزبی بەكاریان دەهێنێت و دەیانكاتە دوژمنی ڕیشەی خۆیان. ڕێككەوتنی ٩ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٠ هەمان پلانە بۆ لەناوبردنی ئێزدییەكان، ئێمە پێشتر ئەو ڕێككەوتنەمان وەك فەرمانێك لە ژێرناوی یاسا پێناسە كردبوو، داوا لە هەموو ئەو وڵاتانە دەكەین، كە دەیانەوێت كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان بە جینۆساید بناسن و دەیناسن، ڕێككەوتنی ٩ی تشرینی یەكەم، هەڵبوەشێننەوە.
بەفەرمی ناسینی جینۆساید گرنگە، بەڵام لەوەش گرنگتر ڕێگریكردنە لە فەرمان، ئێمە گەیشتوینەتە ئەو بڕوایەی، كە ئەگەر شنگال خۆبەڕێوەبەر نەبێت، رێگری لە فەرمان ناکرێت، جێبەجێكردنی ئەم داواكارییەی کۆمەڵگای ئێزدی پێویستە پەسەند بكرێت".
هـ . ب