مەخەدەشە: بڕیاری لێبووردنی گشتی خیانەتە لە خوێنی شەهیدان
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال ناڕەزایەتی دژی دەرکردنی بڕیاری لێبووردنی گشتی نیشاندا کە لە لایەن پەڕلەمانی عێراقەوە دراوە و وتی: "ئەم بڕیارە خیانەتە لە خوێنی قوربانیان فەرمانی ٢٠١٤ی سەر شەنگال."
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال ناڕەزایەتی دژی دەرکردنی بڕیاری لێبووردنی گشتی نیشاندا کە لە لایەن پەڕلەمانی عێراقەوە دراوە و وتی: "ئەم بڕیارە خیانەتە لە خوێنی قوربانیان فەرمانی ٢٠١٤ی سەر شەنگال."
ئەنجومەنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال (مەخەدەشە) پەیوەست بە بڕیاری لێبوردنی گشتییەوە کە لە پەڕلەمانی عێراق پەسەند کرا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و نیگەرانی خۆیان دەربڕی بەوەی بەم بڕیارە ئەو چەتانەی داعش ئازاد دەکرێن کە فەرمانی بەسەر گەلی ئێزدییدا هێناوە.
ڕاگەیاندراوەکە لە لایەن هاوسەرۆکی مەخەدەشە نایف شەمۆوە لە مۆنۆمێنتی شەهیدانی شەهید دڵگەش و شەهید بەرخۆدان خوێندراوەیە.
لە سەرەتای ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە کرا بە فەرمانی ٢٠١٤ی چەتەکانی داعش لەسەر گەلی ئێزدی و ئاماژە کراو بەوەی پەڕلەمانی عێراق تا ئێستا بەرانبەر فەرمانەکە بێدەنگی هەڵبژاردووە و گوترا: "وەک ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال ئەم بڕیاری لێبوردنی گشتییە کە لە ٢٢ی کانوونی دووەم لە لایەن پەڕلەمانی عێراقەوە پەسەند کراوە بە توندی شەرمەزار دەکەین و بە هەموو جۆرێک ڕەتی دەکەینەوە."
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکرا لە بری ئەوەی پەڕلەمانی عێراق بکەوێتە هەوڵ و لێگەڕینی دیل و ڕفێندراوە ئێزدییەکان، وە هەوڵی ڕوونکردنەوەی چارەنووسیان بدات. کەچی بۆ ئەو کەسانەی کە ڕاستەخۆ فەرمانەکەیان ئەنجام داوە بڕیاری ئازاد کردنیانی پەسەند کردووە.
'بڕیارەکە پێشێل کردنی مافی قوربانییەکانە'
لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە کرا بەوەی ئەم بڕیارە پێشل کردن و ونکردنی مافی قوربانیانی فەرمانی ٢٠١٤ی سەر کۆمەڵگەی ئیزدییە و گوترا: "ئەم بڕیارە خیانەتە لە خوێنی شەهیدان و هاوکات بۆ لایەنە سیاسییەکانی پەڕلەمانی عێراقە کە هەوڵدەدەن وێنەی تاوانباری خۆیان پاک بکەنەوە و پەرە بە کولتووری بێ سزادان بدەن. ئەمە نیشاندەری هاودەنگییە لە تاوانی دژ بە ئێزدییەکان."
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا بانگەوازی لە حکومەتی عێراق کراوە دەستبەجێ بڕیارەکە هەڵبوەشێنێتەوە و ڕێگە بە ئازادبوونی تاوانبارانی فەرمانەکە نەدرێت و هاتووە: "لە خواستی دادپەروەری و لێپرسینەوەمان بەردەوام دەبین و ڕێگە نادەین هێرشی سەر گەلەکەمان لە یادگەی مێژوودا بسڕێتەوە."