مەلا مستەفای بارزانی چی بە سەرنووسەری ڕۆژنامەی کەیهان وت؟

ڕۆژی ١٠ـی ئایاریی ١٩٧٥ ڕۆژنامەی کەیهانی هەوایی، پاش هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول و هەڵهاتنی مەلا مستەفا و دەستوپێوەندەکەی بۆ کەرەج، دیدارێکی لەگەڵ مەلا مستەفا بڵاو کردەوە. ئەم گفتۆگۆیە ئەمیر تاهریی، سەرنووسەری ڕۆژنامەی کەیهان لەگەڵی سازی دا.

دیدارەکە بە قسەکانی مەلا مستەفا دەست پێ دەکات کاتێک دەڵێت:

کاری من تەواو بووە، من ئیتر ڕۆڵێکی وام لە ڕابەرایەتیی کوردەکانی عێراقدا نابێت.

ڕۆژنامەکە دەڵێت: ئەم جەختکردنەوەیەی مەلا مستەفا نیشانی دەدات کە سەردەمێکی گرنگی مێژووی خوێناویی عێراق بۆ هەمیشە داخراوە.

پاشان ڕۆژنامەکە لە درێژەدا دەڵێت:

بارزانی ئێستا لەگەڵ خێزانەکەی لە نزیک تاران دەژی. سەرنووسەرەکەی کەیهان دەڵێت: کاتێک هەفتەیەک لەمەوبەر چوومە دیداری، زۆر خۆشحاڵ دەینواند، کاتێک باسی دامرکانەوەی جەنگی لە سەرووی عێراق و کۆتایی ژیانی سیاسیی و جەنگیی خۆی دەکرد، بچووکترین نیشانەی تاڵیی و پەژارە بە قسەکانییەوە دیار نەبوو.

ڕۆژنامەکە لە درێژەدا دەڵێت: مەلا ئێستا جلوبەرگی کوردیی وەلا خستووە و چاکەتوپانتۆڵ دەپۆشێ و بۆینباخ دەبەستێ، لە سەرانسەری ئەو دیدارە ٩٥ خولەکییەدا پەیتا پەیتا دووپاتی دەکردەوە:

من بەندەیەکی ناچیزی خوای گەورەم، هەموو شت پێشتر لە سیپارەی چارەنووسدا نووسراوە و بەندەکانی ناتوانن لێێ هەڵبێن.

بارزانی وتی: هەرگیز وەک ئەمڕۆ هەستم بە تەندرووستی و ئارامیی نەکردووە، ناتوانم پێشبینیی پاشەڕۆژ بکەم، بەڵام ئەتوانم بڵێم ئێستا لام وانییە هەرگیز بگەڕێمەوە عێراق.

لە درێژەی گفتوگۆی ڕۆژنامەکەدا مەلا مستەفا لە باسی ڕێککەوتنی جەزایردا دەڵێت: هیچ ئاگام لە ڕێککەوتنەکە نەبووە، بەڵام پشتیوانیی ئەم ڕێککەوتنە دەکەم، چونکە چاکەی گەلانی ئێرانی تێدایە، هەرچی خێری ئێرانی تێدا بێت، جێی ڕەزامەندیی هەموو کوردەکانە.

لەوکاتەی مەلا مستەفا ئەم قسانە دەکات لە باشووری کوردستان هەڵمەتی ڕاوەدوونان و تۆپباران و هەڵواسین و گولـلەبارانکردن و دامرکانەوەی پاشماوەی شۆڕشەکە هێشتا بڵێسەی دەسەند و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش گەلی کورد لە بن هەڕەشەی دەزگا ترسناکەکەی ساواک و ئایدۆلۆژیای ڕەگەزپەرەستیی شاهەنشاهیی فارسییدا بوون.

بارزانیی لە درێژەدا دەڵێت: لە ماوەی یەک ساڵ شەڕدا جگە لە ئێران کەس یارمەتیی کوردی نەدا.

بارزانی دەڵێت: ئەوانەی فرمێسکی تیمساحی بۆ کورد دەڕێژن، مەبەستیان تەنیا هێرشی میدیاییە دژی ئێران، ئێمە ئێرانی لێ بترازێ، خۆمان بە قەرزاری هیچ دەوڵەتێک نازانین.

ڕۆژانامەکە دەڵێت: مەلا مستەفا کە دوو مانگە وازی لە دارجگەرە هێناوە و ئێستا پایپ دەکێشێت، ئاوا درێژە بە قسەکانی دەدات:

ئیمە هەموومان مەمنووین لەوەی کە ئێران بۆی کردووین، ئێمە لە ئێران لە ژێر سایە و سێبەری شاهەنشا، ڕابەری هەموو ئارینەژادەکان بە حورمەت و ئاسوودەیی دەژێین.

ڕۆژنامەکە لە مەلا مستەفا دەپرسێت: کەواتە ئەی کوردەکان چی بکەن؟

مەلا مستەفا لە وەڵامدا دەڵێت:

"من لێرەم و ئەوان لەوێ، هەموو شت پەیوەندیی بە خۆیانەوە هەیە. من ئیتر ڕابەر نیم و ئێوەش دڵنیا دەکەمەوە کە هەرگیز جارێکی تر نابمەوە بە ڕابەر، من تەواو بووم، موتڵەقەن تەواو بووم، ئارەزووم ئەوەیە ناوم لە مێژوودا بسڕنەوە، بەڵام ئێوەی ڕۆژنامەنووس وازم لێ ناهێنن".

بارزانیی هێرشیکی توند دەکاتە سەر ئەو کوردانەی دژی ئێران قسە دەکەن و دەڵێت:

"ئەوانە مرۆڤ نین، کورد نین، پیاو نین".

بۆ نموونە دەربارەی یەکێک لەوان، واتە عیسمەت شەریف وانلی، بە "خۆفرۆش"ی ناو دەبات و دەڵێت "ئەوە دەعبایەکە لە شێوەی مرۆڤدا".

شایەنی باسە عیسمەت شەریف وانلیی یەکێکە لە شۆڕشگێڕ و نووسەر و یاساناس و  توێژەر و مێژوونووسەکانی کورد و خەباتی هەرچوارپارچەی پێکەوە گرێ داوە، بە سەفیری کوردایەتیی بەناوبانگە و زۆرینەی ژیانی لە ئاوارەیی و ڕاکردندا بووە لەدەست دەزگا هەواڵگرییەکانی عێراق و ئێران و سووریا و تورکیا، تەنانەت بۆ ئەمە دەزگای هەواڵگریی عێراقیی پاش ١٩٧٥ هەوڵی تیرۆرکردنیان داوە. هەروەها نوێنەری شۆڕشی ئەیلوول بووە لە ئەورووپا و سەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بووە.

کەچی مەلا مستەفا مشتی گرێ دەدات و لەمەڕ ئەو زانایە دەڵێت:

"کەسێ کە بەم جۆرە ئیش بکات و خۆی بە سەفارەتێکی بێگانە بفرۆشێ، موسڵمان نییە، خواوەند هەموو مەوجووداتێکی بێشەرەفی لەم جۆرە سزادەدات".

سەرەڕای جیهێشتنی گەلی باشووری کوردستان و پێشمەرگە دڵسۆز و گیانلەسەردەستەکانی، کە لە کاتی ئەو دیدارەدا لە ژێر سایەی شمشێری دەزگای هەواڵگریی عێراق و سوپا فاشیستەکەیدا بوون، کەچی مەلا مستەفا بە ناوی ئەوانەوە قسە دەکات و دەڵێت:

"بە باوەڕی من زۆرینەی کوردەکانی عێراق لەگەڵ بڕانەوەی جەنگ بوون".

هـ . ب