ناڕەزایەتییەکان لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر تا دێت زیاتر دەبێت لەم بارەییەوە زانای ئایینی مەلا ئیدریس ژاڵەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
'تورکیا هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان دەدات'
مەلا ئیدریس ژاڵەی باسی لەوە کرد وڵاتانی دراوسێمان لە ئایندا هاوبەشین بەڵام بەداخەوە داگیرمان دەکەن و وتی: " بەداخەوە ئێمە وڵاتێکی گەورەین پێمان دەوترێت کوردستان، بەداخەوە لە ئێستادا ئەو واقعە هەیە کوردستان دابەشکراوە بەسەر تورکیا-ئێران-عێراق-سوریا، وڵاتانی دراوسێ کە لە ئاینیشدا هاوبەشین داگیرمان دەکەن و داگیرکارن بەلای تاکی کوردەوە. سەرەڕایی ئەوەش بەداخەوە ئەمڕۆ کە ئەو هێرش و داگیرکارییانەی تورکیا دەیکات ئێمە دووجار داگیرکراو دەبین، ئەم بەشەی کوردستان باشوورە بەداخەوە کە لەسەر عێراق دانراوە، تورکیا بەم دۆخەشەوە وازناهێنێت و ڕێگە نادات لێرەش بژین و ئازادبیین، هێرش دەکاتە سەرخاکی کوردستان، هەوڵ بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان دەدات، هەوڵی تێکدانی شوێنی ژیانی هاوڵاتیان و ڕوخاندنی ماڵەکانیان دەدات. تێکدانی شوێن و پیسکردنی ژینگە لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا ڕێگە پێدراو نیە و پێویستە موسڵمانان لە هەموو دونیا بێنە دەنگ و قبوڵی نەکەن."
'تورکیا دەویەوێت لە ڕێگەی کلتورەوە داگیرمان بکات'
مەلا ئیدریس ژاڵەیی باسی لەوەشکرد کە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان دەیانەوێت مێژوو و زمانی خۆیان بسەپێنن بەسەر گەلی کوردا و بیکەن بە بەشێک لە خۆیان و گوتی: " لە ئێستادا تورکیا لە ڕێگەی زنجیرە فیلمەکانییەوە و لە رێگەی قوتابخانە تایبەتەکان و کۆلێژەکان کە دەیکاتەوە، بە هەموو شێوازێک هەوڵدەدات هەبوونی خۆی لە ناو مێژووی ئێمە بسەلمێنێت و وە گەلی کورد بکات بە بەشێک لە خۆی، هەستی کوردایەتی و هەستی شانازیکردن بە مێژوو و کلتوری کوردی نەهێڵێت، وامان لێبکات خۆمان بە گەلێکی وونبوو و بێ کلتور و بێ مێژوو بزانین. ئەوەشی پێنەکرێت هەوڵی ئەوە دەدات وامان لێبکات ئێمە مەیلمان بەلای کلتور و زمان و ژیانی کۆمەڵاتی ئەوانەوە بێت. ئەوکاتەی لە ڕێگەی کلتوری خۆییەوە داگیرمانی کرد، داگیرکردنی خاک و نیشتیمان ئاسانتر ئەبێت. ئەمەش کارێکی نەشیاوە و سڕینەوەی فەرمانی خودایی پەروەردگارە، کارێکی خوداییە ئێمەی بە کوردبوون دروست کردووە، هەموو گەلێک خاوەنی کلتور و زمانی خۆیەتی و هەوڵدان بۆ سرینەوە و تواندنەوەی دژی فەرمانی خودایە و تورکیاش کە هەوڵی ئەوە دەدات بێ فەرمانی خودای کردووە."
'پێویستە زانایانی ئایینی پارێزگاری بکەن لە خاک و نیشتیمانی کوردستان'
لە درێژەی قسەکانیدا مەلا ئیدریس ژاڵەی ئاماژەی بەوە کرد دوژمنان زۆرجار ئایینیان بەکارهێناوە بۆ داگیرکردنی کوردستان، وە هەستی ئایینی گەلی کوردیان قۆستۆتەوە تاوەکو بەرەنگاری داگیرکەران نەبنەوە بەو پاساوەی گوایە داگیرکەران موسڵمانن، گوتی: "موسڵمان ئەوەیە مافی ڕەوات پێبدات و وڵاتت داگیرنەکات، برایەتی ئیسلامی ئەوەیە کە ڕێگەت بدات بژیت وەک مرۆڤ لە خاک و نیشتیمانی خۆتدا، بەڵام کاتێک ئەو بەناوی برایەتی موسڵمانەوە دێت ڕێگەی ژیان و ماف پێشێل دەکات ئەو برایەتییەی موسڵمان نامێنێت ئەوکاتە ئەو ئەبێتە داگیرکەر و دوژمن، ئەرکی سەرشانی ئێمەیە پێویستە وەک موسڵمان ڕوبەڕوی ئەو داگیرکارییە ببینەوە، هەرکەس لەسەر خاک و نیشتیمان و کەرامەتی خۆی بکوژرێ شەهیدە و بەرگرییەکی پیرۆزی کردووە، لە لای خودای گەورەش بە شەهید دەنوسرێت. ئەرکی زانایانی ئاینیی و موسڵمانانە دژی داگیرکارییەکان بێنە دەنگ، دژی چەوسانەوەکانی گەلی کورد کە لەسەر خاکی خۆی دەچەوسێنرێتەوە زانایانی ئاینی ئیسلامی وڵاتانی تر بێنە دەنگ فتوا بدەن و ڕازی نەبن بە چەوسانەوەکانی گەلی کورد. ئەمڕۆ ١٠ی موحرەمە لە مێژوودا یادی ڕزگارکردنی نەتەوەی بەنی ئیسرائیلە لە لایەن پێغەمبەر موساوە، کراوە بە ڕۆژی سوپاسگوزاری کە موسا نەتەوەکەی لە ستەم و ستەمکاری فیرعەون ڕزگار کرد. زانایانی موسڵمانانی کورد پێویستە ئیلهام لەو پەیامە وەرگرن کە پێویستە میللەتەکەمان ڕزگار بکەین. ئیمامی حوسێن لەم ڕۆژەدا هات بۆ ڕزگارکردنی میللەتێک و شۆڕشی ڕزگاری ڕاگەیاند دژی ستەمەکاری لەم پێناوەدا شەهید بوو. پێویستە ئێمە زانایانی کوردی موسڵمان شۆڕش ڕاگەینێن و ئیلهام وەرگرین بۆ پارێزگاریکردن لە خاک و نیشتیمانی کوردستان."
لە کۆتایی قسەکانیدا مەلا ئیدریس ژاڵەیی وتی: " ئێمە وەک زانایانی ئایینی پەیامان ئەوەیە کوردێکی موسڵمان بن، شانازی بە کوردبوونیانەوە بکەن و سوپاسی خودا بکەن کە خودا بە کوردی دروستی کردوون. داواکاری من وەک زانایەکی ئایینی لە موسڵمانان ئەوەیە هەرگیز داگیرکاری قبوڵ نەکەن، هەرکەس بە پێی توانای خۆی کە هەیەتی بە بایکۆتکردنی شمەک و میدیاکانی داگیرکەریش بێت بەشداربێت، نزای ئەوەش بکەن خودای گەورە کۆتایی بە داگیرکاری سەر کوردستان بهێنێت و ستەمکاران و داگیرکارانیش وا لێبکات بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و یان سەرشۆڕ و تێکشکاویان بکات."
هـ. ب