مەسرور بارزانی بۆ رزگارکردنی حکومەتەکەی لە ئەمریکا دەپاڕێتەوە

سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری هەرێم لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی ئەمریکا باس لەوەدەکات حکومەتەکەی لە رووی ئابووری و سیاسیەوە ئیفلیج بووە و داوای هاوکاری لە واشنتۆن دەکات.

ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆر نامەیەکی دزە پێکراوی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان بڵاو دەکاتەوە، کە بۆ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا نووسراوە و داوای بەپەلە دەستێوەردان دەکات لە قوڵنەبوونەوەی کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم .

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نامەیەکدا داوا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو فشارانەی لەسەر حکومەتی هەرێمن، قەوارەی هەرێمیان بەرەو لێواری هەرەسهێنان بردووە و لەو رووەشەوە داوا دەکات کۆشکی سپی بێتە سەر هێڵ.

لە نامەکەدا نوسیوویەتی، "ئێستا ئەو نامەیەت بۆ دەنووسم دیسان لە ساتەوەختێکی چارەنووسسازی مێژووماندا، دۆخێک کە دەترسم لەوانەیە زەحمەتیمان هەبێ بۆ ئەوەی بەسەریدا زاڵ ببین، ئێمە لە ڕووی ئابوورییەوە وا خوێنمان لێ دەتکێت، لە ڕووی سیاسیشەوە خوێن لە جەستەماندا وا کۆتایی دێت، بۆ یەکەمجار لەوەتەی من سەرۆک وەزیرانم، نیگەرانییەکی قووڵ دایگرتووم کە ئەو هەڵمەتە ناشەرافەتمەندانەیەی لە دژمان بەڕێوە دەچێت، لەوانەیە ببێتە هۆکاری ڕوخانی ئەو مۆدێلە فیدراڵییەی عێراق کە ئەمریکا لە ٢٠٠٣ پشتیوانی کرد و لەو کاتەوە لە پشتیەوە وەستاوە".

هەر لە نامەکەیدا مەسرور بارزانی ئەوەشی خستووەتەڕوو کە حکومەتەکە لە رووی ئابووری و سیاسیەوە لە دۆخی ئیفلیجبووندایە.

ئەم نامەیە لە کاتێکدایە بارزانی لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژی دووشەممەدا لە هەولێر لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئەلینا ڕۆمانۆڤسکی، داوای بەشدارییکردنی زیاتری ئەمەریکای کرد بۆ یارمەتیتدان لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.

ئەلمۆنیتەر ئەوەشی ئاشکرا کردووە، "وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئامادە نییە وەڵامی نامەکەی مەسرور بارزانی بداتەوە و هێشتا کۆشکی سپی بەبێ وڵام نامەکەی لای خۆی هێشتووەتەوە".

بڵاوبوونەوەی ناوەرۆکی ئەو نامەیە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و چالاکوانان و رۆژنامەنووسانی هەرێم باس لەوە دەکەن، کە لە کاتێکدا مەسرور بارزانی کە رێگەی میدیاکانیەوە پڕۆپاگەندەی ئەوەی بۆ خۆی دەکرد کە "سەرۆکوەزیرانی خۆڕاگرە" بەڵام ئێستا لە پێناو رزگارکردنی حکومەتەکەی، لە ئەمریکا دەپاڕێتەوە.

لەوبارەوە کەمال چۆمانی نوسەر و رۆژنامەنووس نوسیویەتی: " چەند ڕۆژێک پێش ئێستا مەسرور بارزانی لەسەر حیسابی بودجەی گشتیی دۆکیومێنتارییەکی بۆ خۆی درووستکرد بە ناوی (سەرۆکوەزیرانی خۆڕاگر)، لە یەکەم ڕۆژیشەوە باسی (کوردستانێکی بەهێزتر) دەکات، ئەم نامەیە ڕێک پێچەوانەکەی نیشان دەدات.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "هیوادارم ئێستا مەسرور بارزانی تێگەییشتبێ دژایەتیکردنی ئازادیی و دیموکراسیی باجەکەی ئەوەیە لە بەردەم گەلەکەی خۆی و دونیا سەرشۆڕی دەکات و دەبێ بچەمێتەوە، گوتاری فوتێکراو و تاکڕەوانە و پۆپۆلیستانە، کە حیساب بۆ پەرلەمان، دیموکراسی، قانوون و فشاری ناوخۆیی و ناودەوڵەتیی ناکات، تووشی ئەو ئیحراجییەی دەکات".

هـ . ب