مستەفا بارزانیی؛ بەکرێگیراوی نێونەتەوەیی -١-

" بارزانی باوک و ئێستاش کوڕ و نەوەکانی هه‌میشه‌ گرێدراوی ده‌ره‌كی و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی وڵاتانی تر بوون‌، هه‌موو هێزی خۆیان له‌ وڵاتانی تر وه‌رگرتووه‌، هه‌ر به‌ فیتی ئه‌و ده‌زگا هه‌واڵگریانه‌یش دژی هه‌موو شۆڕشه‌ كوردییه‌كان وه‌ستانه‌ته‌وه‌".

مسته‌فا بارزانی "به‌كرێگیراوێكی دڵسۆزی ده‌زگای هه‌واڵگریی ڕووسیا" بوو، چه‌ندین به‌ڵگه‌نامه‌یش ماوه‌ و به‌رده‌ستن، بەڵگەکان باسی په‌یوه‌ندییه‌كانی مسته‌فا بارزانی و ده‌زگای هه‌واڵگری یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ده‌كه‌ن، كه‌ چۆن ئه‌ركداریان كردووه‌ و بە به‌كرێگیراوی خۆیان ناویان بردووه‌. توێژەرێک توێژینەوەیەکی لەم بارەوە نووسیوە و هەموو ئەو پرسیارانە سەرڕاست دەکاتەوە و وەڵام دەداتەوە، کە ئەمڕۆ ڕۆژنامەوان و کەسانی ئەکادیمی و نووسەران دەپرسن: ''ڕووسیای سەردەمی کۆماری مهاباد گەمەکەری سەرەکی ڕووخاندنی کۆماری کوردستان و لەسێدارەدانی قازی محەمەد بوو، کەواتە بۆچی مەلا مستەفا و دەست و پێوەندەکانی لە مهابادەوە هەڵهاتن بۆ ڕووسیا؟''

 توێژینەوەکەی د. کەمال قادر وەڵامی ئەم پرسیارانە دەداتەوە.

''مەلا مستەفا لەناو تۆڕی دەزگای هەواڵگری ڕووسییدا''

دكتۆر كه‌مال قادر؛ توێژینه‌وه‌یه‌كی به‌ زمانی عه‌ره‌بی نوسیوه‌ و زانكۆ ناسر ئه‌حمه‌د وه‌ریگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی، توێژینەوەکە به‌ ناوی (نهێنییه‌كانی مه‌لا مسته‌فا بارزانی له‌ دۆكۆمێنته‌كانی ده‌زگای هه‌واڵگری یه‌كێتی سۆڤییه‌ت) بڵاو کراوەتەوە. لەم توێژینەوەیەدا باسی ئه‌وه‌ی كردووه‌، بارزانی سه‌ركرده‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بووە، به‌ڵكوو سه‌ره‌تا وه‌ك به‌كرێگیراوێكی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ده‌ستی پێ كردووه‌ و ویستوویه‌تی وه‌ك به‌ كرێگیراوێكی چالاك سه‌ركه‌وتوو بێت. باسی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌یش ده‌كا‌ت وا ده‌یسه‌لمێنن مەسته‌فا بارزانی به‌كرێگیراوی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بووه‌ و بۆ چ شتێک به‌كاریان هێناوه‌.

''بارزانیی کەسێکی نیشتمانیی نەبوو''

دكتۆر كه‌مال قادر له‌ سه‌ره‌تای توێژینه‌وه‌كه‌یدا، باسی كه‌سێتی مسته‌فا بارزانی ده‌كات و به‌ كه‌سێكی به‌كرێگیراو و خۆفرۆش ناوی ده‌بات، كه‌ له‌ خزمه‌ت داگیركه‌ران و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كاندا بووه‌ و ده‌ڵێت: ''بارزانی سه‌ركر‌ده‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بوو، سه‌ره‌تا وه‌ك به‌كرێگیراوی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت ده‌ستی پێ كردووه‌، ویستوویه‌تی وه‌ك به‌كرێگیراوێكی چالاك سه‌ركه‌وتوو بێت، به‌ڵام نه‌یتوانی و سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، دواتر بوو به‌ به‌كرێگیراوی مۆسادی ئیسرائیل، مسته‌فا بارزانی هیچ كات سه‌ركرده‌یه‌كی نیشتمانی نه‌بووه‌، ته‌نها به‌كرێگیراوی ده‌زگای هه‌واڵگری یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بووه‌ و له‌ ده‌زگاكه‌یشدا ناوه‌ نهێنییه‌كه‌ی (سه‌رۆك) بووه‌. ئه‌وه‌ی كه‌ پێی ده‌وترێت شۆڕشی ئه‌یلولی ١٩٦١ شۆڕش نه‌بووه‌، به‌ڵكو یه‌كێك بووه‌ له‌ كاره‌ پێسپێدراوه‌كانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت به‌ بارزانی، ئامانجیش ئاڵۆزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ڕۆژئاوایە له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناویین. بڵاوكرده‌نه‌وه‌ی ئه‌م زانیارییانه‌ له‌ سه‌ر په‌یوه‌ندی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و ده‌زگای هه‌واڵگری (كەی، جی، بی)، پێشتر له‌ لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی بارزانییه‌وه‌ ڕه‌ت كراوه‌ته‌وه‌، به‌‌ڵام ئه‌مجاره‌یان زانیارییه‌كان له ‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی بارزانی، په‌یوه‌ندی به‌ باکگراوه‌ندی  به‌كرێگیراویی بنه‌ماڵه‌ی بارزانییه‌وه‌ هه‌یه‌، زانیارییه‌كان نه‌ هه‌ڵبه‌ستراون و نه‌ خه‌یاڵی نووسه‌رێكن‌، به‌ڵكوو ڕاستیه‌كی مێژوویین و له‌ ڕێگه‌ی ئاشكرابوونی هه‌ندێ به‌ڵگه ‌و دۆكۆمێنتی ده‌زگای هه‌واڵگری (كە، جی، بی)، له‌ مۆسكۆ و واشنتن و له‌نده‌نەوە پرسیار و دڕدۆنگییەکان لەمەڕ ژیانی مەلا مستەفا لە ڕووسیا و پەیوەندیی و ئەرکدارێتییەکەی سەرڕاست و ڕۆشن دەکەنەوە.

 به‌ڵگه‌نامه‌كان چۆن ئاشكرا بوون؟       

دكتور كه‌مال قادر باسی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ ده‌كات وا‌ باسی په‌یوه‌ندییه‌ مێژوویه‌كانی ده‌زگای هه‌واڵگری یه‌كێتی سۆڤییه‌ت و بارزانییه‌كان دەکەن، هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌یش ده‌كات چۆن به‌ڵگه‌نامه‌كان ئاشكرا كراون و ده‌ڵێت: ''به‌شێك له‌و به‌ڵگانه‌ حكومه‌تی ڕووسیا ئاشكرای كردوون، ئێستا له‌ ئه‌رشیفی لیژنه‌ی مه‌ركه‌زی حزبی شوعی یه‌كێتی سۆڤیه‌ته‌ و گشتین و بۆ هەمووان بەردەستن. به‌شێكی تری به‌ڵگه‌نامه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌ره‌كانی یه‌كێتی سۆڤێته‌وه‌ دزراون و دزه‌یان پێ كراوه‌ بۆ ڕۆژئاوا، هه‌ندێكیان بڵاو كراونه‌ته‌وه‌ و هه‌ندێكی تریشی چاوه‌ڕوانی بڵاوكردنه‌وه‌ن. له‌ سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می به‌ڵگه‌نامه‌كاندا باسی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت و مسته‌فا بارزانی ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌ڵگه‌نامانه‌یشدا ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌ی هه‌ندێك ئه‌فسه‌ری (كەی، جی بی)، یه‌كێك له‌و ئه‌فسه‌رانه‌یش جه‌نه‌راڵ (بافیل سودوبلاتوف)ـە، ئەم کەسە ئه‌فسه‌ری به‌رپرسیار بووه‌ له‌ مسته‌فا بارزانی له‌ ماوه‌كانی نێوان (١٩٤٦- ١٩٥٨). له‌گه‌ڵ هه‌ندێك به‌ڵگه‌نامه‌ی تر، كه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه. ئەویش‌ له‌مەڕ نهێنییه‌كانی شۆڕشی ئه‌یلوول و په‌یوه‌ندییه‌كانیان به‌ یه‌كێتی سۆڤییه‌تەوە.

په‌یوه‌ندیی بارزانییه‌كان و یه‌كێتی سۆڤییه‌ت:

بارزانی باوک و ئێستاش کوڕ و نەوەکانی هه‌میشه‌ گرێدراوی ده‌ره‌كی و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی وڵاتانی تر بوونه‌، هه‌موو هێزی خۆیان له‌ وڵاتانی تر وه‌رگرتووه‌، هه‌ر به‌ فیتی ئه‌و ده‌زگا هه‌واڵگریانه‌یش دژی هه‌موو شۆڕشه‌ كوردییه‌كان و كه‌سایه‌تییه‌ نیشتمانپه‌روه‌ره‌كان وه‌ستانه‌ته‌وه‌ و له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ ئه‌ركدار كراون، به‌پێی نووسەری ئەم توێژینه‌وه‌یە ئەم پەیوەندییە لەگەڵ ڕووسیا پێشینەی هەیە و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می عه‌بدولسه‌لام بارزانی، كه‌ سه‌ردانی ڕوسیای كردووه بۆ گفتوگۆكردن پێش جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م. بەڵام مستەفا بارزانی سوودی لەم پێشینەیە وەرگرت بۆ ئەرکداربوونی وەک بەکرێگیراوێک.

 دكتۆر كه‌مال له‌ توێژینه‌وه‌كه‌یدا باسی بیروه‌رییه‌كانی جه‌نه‌راڵ (بافیل سودوبلاتوف) ده‌كات، كه‌ ئه‌و جه‌نه‌راڵه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ چه‌ندین جار مسته‌فا بارزانی بینیوه‌ و ئه‌رك و ڕاسپارده‌كانی یه‌كێتی سۆڤییه‌تی پێ سپاردووه‌ و باسی دانیشتنێكی ئه‌و جه‌نه‌راڵه‌ و بارزانی ده‌كات و وتوویه‌تی: ''جارێكیان مسته‌فا بارزانی پێی وتم مێژووی په‌یوه‌ندیی بارزانییه‌كان و ڕووسیا، بۆ سه‌د ساڵ به‌ر له‌ ئێستا ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ و بنه‌ماڵه‌كه‌یان زیاتر له‌ ٦٠ جار پاره‌ و چه‌كیان له‌ ڕووسیا وه‌رگرتووه.''

په‌یوه‌ندی مسته‌فا بارزانی و ده‌زگای هه‌واڵگری (كەی، جی، بی)

 به‌پێی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی ده‌ست كه‌وتوون، باسی په‌یوه‌ندیی مێژوویی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و ڕووسیا ده‌كات، دوور نییه‌ موسته‌فا بارزانی به‌ ڕاسپارده‌ی ڕووسیا چووبێت بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و بۆ ئاگادار بوون له‌ كۆماری مهاباد و گواستنه‌وه‌ی زانیاری بۆ ڕووسیا. ئه‌مه‌یش گومانه‌كانی قازی محەمەد پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ سه‌ر مسته‌فا بارزانی. مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا باسی ئه‌وه‌ ده‌كات، كاتێك مسته‌فا بارزانی له‌ باشوور هه‌ڵهاتووه‌ و چووه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، قازی محەمەد و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی متمانه‌یان پێیان نه‌بووه‌ و پێشوازییان لێ نه‌كردوون، چونكه‌ گومانیان هه‌بووه‌ بۆ تێكدان هاتبێتن، تا ئه‌وكاته‌ ئێمه‌ به‌ نامه‌یه‌ك داوامان لێ كردن هاوكارییان بكه‌ن. ئه‌وه‌بوو قازی محەمەد پێشوازی لێ كردن. به‌ڵام پاش ڕووخاندنی كۆماری كوردستان به‌ هاوكاری یه‌كێتی سۆڤییه‌ت، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی مسته‌فا بارزانی هه‌ڵوێستی به‌رانبه‌ر یه‌كێتی سۆڤیه‌ت هه‌بێت. كه‌ هۆكاری ڕووخانی كۆماری كوردستان بوو، کەچی به‌ هاوكاری سیخووڕێكی ڕووسی چوو بۆ ڕووسیا و له‌وێ له‌ ده‌زگای هه‌واڵگری ڕوسیا مه‌شق و ڕاهێنانی پێ كرا.

''لە ڕووسیا مستەفا بارزانی خوێندکاری کێ بووە؟''

دكتۆر كه‌مال قادر باسی سودبلاتوف ده‌كات، ئەم کەسە جه‌نه‌راڵ و سیخووڕێكی به‌توانا و متمانه‌پێكراوی ستالین بووه‌، مه‌شقی سه‌ربازیی به‌ مسته‌فا بارزانی كردووه‌ و پله‌ی سه‌ربازی پێ داوه‌ و له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: ''یاده‌وه‌رییه‌كانی سودبلاتوف تا ئێستا یه‌كه‌م سه‌رچاوه‌یه‌، باسی په‌یوه‌ندییه‌كانی مسته‌فا بارزانی و یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بكات له‌ ساڵانی ١٩٤٦- ١٩٥٨. كاتێك سودبلاتوف باسی بارزانی ده‌كات، وه‌ك به‌ كرێگیراوێك باسی ده‌كات، كه‌ ده‌زگای هه‌واڵگری مه‌شق و ڕاهێنانی پێ كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی دژی سیاسه‌ته‌كانی ڕۆژئاوا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین كاری پێ بكه‌ن. بیره‌وه‌رییه‌كانی سودبلاتوف پێشه‌كییه‌كی گرنگه‌ بۆ زانینی په‌یوه‌ندی مسته‌فا بارزانی و یه‌كێتی سۆڤییه‌ت، به‌ڵام نهێنییه‌ گه‌و‌رەكه‌ له‌و دۆكۆمێنتانه‌یه‌ وا له‌ ئه‌رشیفی میتروخین و لیژنه‌ی مه‌ركه‌زیی حزبی شیوعی باسی لێوه‌ كراوه.''

هـ . ب