مەسعود عەبدولخالق ووتی: "مەترسیی ڕاستەقینە بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی کوردییە، کە هەڵە دەکات و بیانو دەداتە دەست ووڵاتانی داگیرکەر بۆ هێرش کردنە سەر هەرێمی کوردستان".
مەسعود عەبدولخالق نووسەر، ڕووناكبیر، چاودێری سیاسی و بەرپرس و ڕاوێژکاری دەزگای ستاندەر بۆ توێژینەوە و ڕاگەیاندن، کە ناوەندێکی تایبەتە بە ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر پرسە سیاسییەکان لە کوردستان و ناوچەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.
گۆڕانکاریی زۆر گەورە بەڕێوەیە، بەتایبەتی پرسی تورکیا لە ٢٠٢٣دا
سەبارەت بە داهاتووی عیراق و پرسی سەرۆک کۆمار مسعود عەبدولخالق چاودێری سیاسی و ڕاوێژکاری دەزگای ستاندەر بۆ توێژنەوە سیاسییەکان ووتی: " گۆڕانکاری زۆر گەورە بەڕێوەیە، بۆیە پێویستە سەرۆک کۆماری عیراق کەسێکی زۆر شارەزابێت، چونکە لە چوار ساڵی داهاتوو چەند پرسێک هەیە وەکو پرسی تورکیا لەسەر هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ساڵی ٢٠٢٣ ".
هەرێمی کوردستان زەرەرو زیانێکی زۆر گەورەی بەردەکەوێت
سەبارەت بە هاوپەیمانی و ڕێککەوتنەکەی پارتی لەگەڵ ڕەوتی سەدر و کاریگەری لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هۆشیاریدا و ووتیشی: "لەئیستادا پێگەی هەرێمی کوردستان زۆر لاوازە بەتایبەتی دوای ئەو ڕێککەوتنەی پارتی لەگەڵ ڕەوتی سەدر ئەنجامداوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە، ئەمانە هەموو پێمان دەڵێن، هەرێمی کوردستان زەرەر و زیانێکی زۆر گەورەی بەردەکەوێت".
گورزی گەورەتر بەر کوردستان دەکەوێت
سەبارەت بە پرسی ڕێککەوتنی ناردنی نەوت و غازی کوردستان بۆ تورکیا ئەوەشی ووت: "ئەردۆغان بە ئاشکرا دەڵێت 'چۆن ماڵەکانی تورکیام بە نەوت گەرم کردەوە بەگازیش گەرمی دەکەمەوە'، مەبەستی ئەردۆغان گازی هەرێمی کوردستانە. لە کاتێکدا، کە ماڵی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ساردو سڕە، ئەم ڕێککەوتنی گازە کاردانەوەی هەرێمی و لەسەر ئاستی ئاسیاشی لێکەوتەوە، کە بینیمان گورزی گەورە بەر هەرێمی کوردستان کەوت، ئەگەر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوە گورزی گەورەتر بەر کوردستان دەکەوێت" .
مەترسی ڕاستەقینە بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی کوردییە
لە کۆتایدا سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دژ بە فرۆشتنی گاز و نەوتی هەرێمی کوردستان بە سەربەخۆیی و هەوڵدان بۆ تەسک کردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێم بە یاسا لە ڕێگەی دادگای فدڕاڵیەوە، مەسعود عەبدولخالق ڕایگەیاند: " بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی سیاسین، بەڵام حکومەتی عیراقی مافی خۆیەتی بڕیارەکانی دادگای فدڕاڵی جێبەجێ بکات، ئەگەر دادگای فیدڕاڵی عێراق ڕێگری نەکردایە ئەوە پرسی گازی هەرێمی وەکو پرسی نەوت بە فیڕۆ دەدرا، بڕیارەکەی دادگای فدراڵی ڕێگربوو لە بەهەدەردان (بەفیڕۆچوونی) سامانی هەرێمی کوردستان، هەر یەکە لە عێراق و تورکیا و ئێران بەداگیرکەر و دوژمنی کورد ناودەنین، بەڵام ئەوەی مەترسیی ڕاستەقینە بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی کوردییە، کە هەڵە دەکات و بیانو دەداتە دەست ووڵاتانی داگیرکەر بۆ هێرش کردنە سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان" .
ژ.ت