موعینی: کورد فاکتەرێکی گرنگی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەیە

هاوسەرۆکی پژاک رایگەیاند، کورد هەبوونی خۆی سەلماندووە و دەیەوێت خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکات، کورد ئەمڕۆ فاکتەرێکی دیاریکەرە لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و لەم کێبڕکێیەدا سەرکەوتوو دەبێت.

سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری ئاڵترناتیڤ، لەسەر چەند تەوەرێک، لەوانە؛ شەڕی سێیەمی جیهانی لە ناوچەکە، ڕۆڵی کورد لە گۆڕانکارییەکان، سیاسەت و سیستمی دەسەڵاتی ئێران و ئەرکی هێزە دیموکراتییەکان قسەیکردووە.

سیامەند موعینی بە ئاماژەدان بە شەڕی سێیەمی جیهانی کە بە ویکالەت لە ناوچەکە بەڕێوەدەچیت، وتی: کورد هەبوونی خۆی سەلماندووە و دەیەوێت خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکات، دۆخی ناوچەکە دەرفەتی داوە بە کورد تا بەرەو ئازادی و دیموکراسی هەنگاو بنێت، بە مەرجی ئەوەی خوێندنەوەیەکی ڕاستی بۆ قۆناغەکە هەبێت و لە کردەوەشدا ڕێگای ڕاست و دروست هەڵبژێرێت، قۆناغی لۆزان تێپەڕیوە و قۆناغی نوێ بژاردەیەکی نوێی لە پێش کوردەکان داناوە، تا بە خوێندنەوەیەکی نوێ ڕێگای ئازادیی خۆیان بدۆزنەوە، کورد ئەمڕۆ فاکتەرێکی دیاریکەرە لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هەر هێزێک کە هاوپەیمانی کوردەکان بێت، لەم کێبڕکێیەدا سەرکەوتوو دەبێت.

موعینی لە بەردەوامیدا، بە ئاماژەدان بە هاتنی بایدن و کاریگەریی لەسەر سیاسەتی ناوچەکە وتی: ئێران فشاریکی زۆری لەسەرە و بێ پشتیوان ماوەتەوە، ناچارە باج بە ئەمریکا بدات، ئەگەر لەگەڵ ئەمریکا ڕێکبکەوێت، سیاسەتی بە سەربازیکردنی کۆمەڵگا توندتر دەکاتەوە و دەسەڵاتەکەی یەکدەست دەکاتەوە، لە ئاستی دەرەوەش ناچارە بە نەرمی نواندن، بە تایبەت لە بەرامبەر ئەمریکا تا بتوانێت بەردەوامی بە دەسەڵاتەکەی بدات، دەسەڵاتدارانی ئێران پێچەوانەی ڕێڕەوی ڕووبار مەلە دەکەن و لە ئەنجامدا ناچارن کە وچانێک بدەن و بوەستن.

لە بەشیکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا موعینی بە ئاماژەدان بە سیاسەتەکانی ئێران و دەستێوەردانی لە وڵاتانی ناوچەکە، کە بووەتە جێی نارەزایەتی ئەو وڵاتانە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، دەڵێت: قەیرانی ئابوری و ناکارامەیی بەڕێوبەرایەتی باڵای وڵات، گەلانی ئێرانی بێزار کردووە و گەیاندوویانەتە سنووری تەقینەوە، دەسەڵاتی ئێران لەوە تێگەیشتووە کە دەمێکە ڕەوایەتییان نەماوە و تەنیا ڕێگەی مانەوەیان دروستکردنی کەشوهەوایەکی ترس و تۆقاندن و بە سەربازیکردن و تیرۆر لە ناوخۆیە، بۆیە پرۆژەی دەسەڵات یەکدەستکردنی سیستمە، واش پیلانیان داناوە کە کەسایەتییەکی سەربازی بکەن بە سەرۆک کۆماری داهاتوو، تا لە ئەگەری نەمان و مردنی خامنەیی کۆنترۆڵی وڵاتیان لە دەست نەچێت و دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن، دەسەڵاتی دیکتاتۆر و مافیایی ئێران تەنیا شتێک کە بیری لێناکاتەوە دیموکراسی و ئازادییە، چونکە پێچەوانەی خوێندنەوەی ئەوانە.

سیامەند موعینی لەسەر کاریگەری هاتنی بایدن لەسەر ئێران دەڵێت: هاتنی بایدن سیاسەتی گشتی ئەمریکا ناگۆڕێت، لەوانەیە گۆڕانکاریی تاکتیکی بێتە ئاراوە، بەڵام ئێران ناتوانێت لەم قەیرانە هەنووکەییە ڕزگاری بێت، چونکە سەرچاوەی ئەم قەیرانە لە بەڕێوبەرایەتی خراپ و گەندەڵییەکە کە لەناو ئەو سیستمەدا جێگیر بووە و قاچەکانی سیستمی سست کردووەتەوە، ناکۆکی لەناوخۆی سیستم بە ڕوونی دەبینرێت، کە ڕۆژبەڕۆژ قووڵتریش دەبێتەوە، گەلانی ئێران چیتر ئەم شێوازی دەسەڵاتە تەحەمول ناکەن و بە تەقینەوەی تووڕەیی توێژەکان، دەسەڵاتی مافیایی، دیکتاتۆری و لە گەل دابڕاوی ئێران لەناودەبات.

لەسەر ئەرکی هێزە دیموکراتییەکان لە بەرامبەر سیاسەتی نکۆڵی و سەرکوتکاریی دەسەڵات، هاوسەرۆکی پژاک دەڵێت: بە داخەوە ئەو هێزانەی باوەڕیان بە دیموکراسی هەیە، هێشتا نەیانتوانیوە لە سنووری بیرکردنەوەی سکتاریستی تێپەڕن، نابێت دیموکراسی وەک خەڵاتێک لەلایەن خۆیانەوە بۆ خەڵک ببینن، دیموکراسی پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی-ئابوری و زانستیانەیە، ئەگەر هێزە دیموکراتییەکان لە ڕاستیینەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی، کۆمەڵگا تێنەگەن، ناتوانن هێزەکانی دیکەی دژبەری ئێران قبوڵ بکەن، ئەمەش وادەکات کە دیکتاتۆریەتی کۆماری ئیسلامی بمێنێتەوە.

هەر لەو بارەوە وتی: بە ڕای من کۆنفدراڵیسمی دیموکراتی، بژاردەی گونجاو بۆ چارەسەری قۆناغی داهاتووی ئێرانە، تا هەر گەلێکی ئێران بە شێوازی خۆبەڕێوبەری کاروباری خۆی بەڕێوەببات و لە کاروباری گشتی وڵاتیش هاوبەش بێت، دەرەوەی ئەمە و بە تێڕووانینی شۆڤێنی، کێشە و گرفتە هەنووکەییەکان دەمێننەوە و ئێران ڕووی ئارامیی و ئاسایش نابینێت.

لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەیدا، سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پژاک دەڵیت:  ئەرکی هێزە دیموکراتییەکان لەم قۆناغەدا، نیشاندانی هاوسەنگی و تێگەیشتن و یەکڕێزی  و یەکێتی هێزەکان بۆ داهاتووی ئێرانە کە شتێکی ژیانی و گرنگە، دامەزراندنی بەرەیەکی یەکگرتووی هێزە دیموکراتییەکان، پێکهاتوو لە هەموو هێزەکان و باوەڕمەندان بە ئازادی، دەتوانێت بۆ بەڕێکخستن کردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە داهاتوو بە شێوەی میحوەری تێکۆشان کار بکات.

ف.ق