کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە فورات (دەفەگە) لە بارەی شەهیدبوونی سەید ئەڤران ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی دەفەگە بەناونیشانی "یادی سەید ئەڤران لە تێکۆشانی ڕاگەیاندنی ئازاد دا بەزیندوویی دەمێنێتەوە"دا ھاتووە، بە پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی شەهیدبوونی ھەڤاڵی ڕۆژنامەوانمان، خەباتکاری ڕاگەیاندی ئازاد سەید ئەڤران-مان پێگەیشت، کە ڕۆژی ٢٢ی ئەیلول بەهۆی نەخۆشی دڵەوە کۆچی دوایی کردووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، سەید ئەڤران ژیانی خۆی لە پێناو تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد دا تەرخان کرد. بە پێنووس و کامێراکەی ئەو شتانەی لە سەرانسەی کوردستاندا روویدەدا، تۆمار دەکرد. سەید ئەڤران کە سەرەڕای هەموو دژواری و سەختییەکان گۆڕەپانەکانی شەڕی بەجێنەهێشت، لە ساڵانی نەوەدەکاندا ئەو ڕێپێوانە پیرۆزەی کە لەگەڵ غوربەتلی ئەرسوزەکان دەستی پێکرد، لە باکور، باشوور، ڕۆژهەڵات و دواجاریش لە ڕۆژئاوا درێژەی پێدا. لەسەر ھێڵی ڕاگەیاندنی ئازاد شەڕ، ژیانی گەریلاکانی کوردستان، ڕاستییەکانی تێکۆشان و بەرخۆدانی بۆ ڕای گشتی جیهان گواستەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، "سەید ئەڤران لەو تێکۆشانە پیرۆزەدا کە بە ھێز، جۆش و خرۆش و باوەڕی بە ڕێی کرد، چووە کاروانی شەهیدانی راگەیاندنی ئازادەوە. یادەوەری و میراتەکەی لە تێکۆشانی گەورەی گەلی کورددا بە زیندوویی دەمێنێتەوە".
ژ.ن