میرخاسێکی باژێڕی خۆی وه‌ک فه‌رمانده‌یکی ئازا و ئازاد به‌ره‌نگاری داگیرکه‌رانی کرد

روبار کارکەر وه‌ک فه‌رمانده‌یەکی لێهاتوو، خاوه‌ن ئازموون، ژیر و به توانا له قەڵای شکەفتا بریندارا و دواتر لە شەڕی تیمه‌ گەرۆکەکان‌ وه‌ک روبارێک پێشی لە فاشیتەکان دەگڕت. بەردەوام له تونێلە‌کانی شەڕی شکەفتا بریندارا ره‌نج ده‌دات و خۆڕاگری ده‌کات.

روبار کارکه‌ر مروڤێک ساکار، دڵ نزم، دڵسۆز، روکه‌ن، بوێر و لێهاتوو. لاوێک له سالی ۱۹۹۳ له گوندی حاتجکەی سەر بە شاری خۆی چاوی به دونیا هه‌ڵهێنا.

" لە ناو شارێکی نیشتمان پەروەر و خەڵکێک، کە خاوەن بیری ئازادین، لاوێکی بوێر و مێرخاس سه‌رهه‌ڵده‌دات "

خۆی شارێکە لە پارێزگای وورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، مێژووی به سه‌رنه‌نەواندن و ئازایه‌تی نوسراوه. چیاکانی و سروشتی بووه به هێلانه‌یەک بۆ شۆڕشگێران و تێکۆشەڕانی ئه‌م نیشتمانه. کاریگەریی پارتە شۆڕشگێڕەکان لەسەر خەڵکی ئەم شارە جێگای ئاماژەیە. بە تایبەت لە نزیکەوە لەگەڵ راستیی داگیرکەران و شۆڕشی رزگاری نەتەوەکەمان ئاشنان. ئه‌مه‌ش له کاتی پیلانگێریی نێودەوڵەتی له سه‌ر رێبه‌ر ئاپۆ له سالی ۱۹۹۹دا خوی پیشان دا. شه‌قامه‌کانی خوی شاهیدی گیانفیدا کردنی گه‌لێک لاو و ژن و پیاو له پێناو خاوه‌نداریه‌تیکردن له رێبه‌ر ئاپۆ بوون. لە ناو شارێکی نیشتمان پەروەر و خەڵکێک، کە خاوەن بیری ئازادین، لاوێکی بوێر و مێرخاس سه‌رهه‌ڵده‌دات. میرخاسێک که له ناو جوانی چیاکانی کوردستان‌دا مه‌زن دەبێت، له ناو ئه‌سته‌میه‌کان به‌رپرسیاریه‌تی له ئه‌ستۆ ده‌گرێت و له کاته تاقەت شکێنەکان‌دا سه‌ردانانه‌وێنێت. موحەمەد دودکان میلان دەبێت بە شۆڕشگێڕ، دەبێت بە کەسێک، کە خاوەنداری لە خاک و نێشتمانەکەی دەکات. دەیەوێت ببێت بە فه‌رمانده‌یکی به هه‌یبه‌ت. فه‌رمانده‌یک، که به پێنوسی خوێناوی ئێش و ئه‌له‌می گه‌له‌که‌ی ده‌نوسیت، به تێلی سازێکی بریندار سه‌‌مفونیای ئازوەری (تامەزرۆیی و سەربەستی) و ئازادی دەژەنێت.

"له سالی ۲۰۱۰دا  که‌له‌پچه‌ی ده‌ستی هه‌ڵده‌پچڕێنێت و بەشداری رێزه‌کانی گه‌ریلا دەبێت"

موحه‌مه‌د دودکان میلان به هه‌ستی نیشتمان‌په‌روه‌ری مه‌زن دەبێت و کەلتووری ئاری و کۆردەواری پێوەری سەرەکیی ژیانیەتی. ئەو نایه‌وێت لە ژیر حوکمی خوداوه‌نده‌ بچکۆله‌کانی سه‌رزه‌وی بژیت. ئامێزی موحەمەد تێکەڵاوی عەتری باران و خاکە و بەدور لە بۆنی عه‌تره سه‌رخۆشه‌کانە. ئەو لاوێکی تێگەیشتوە و ئاگادارە بەرامبەر بە داگیرکاری لەسەر خاک و وڵاتەکەی. هەرچەندە زۆر بە باشی پارتی کرێکارانی کوردستان ناناسێت، بەڵام خەباتی شۆڕشگێڕانەی گەریلاکان بەلایەوە سەرنجڕاكێشە. هەوڵ دەدات لە نزیکترەوە ژیان و تێکۆشانی هێزەکانی گەریلا بناسێت و ببێت یەکێک لەم شۆڕشگێڕانە. بۆ ئەمەش به خۆ به‌رپرسیاری له به‌رامبه‌ر گه‌ل و نیشتمان له سالی ۲۰۱۰دا  که‌له‌پچه‌ی ده‌ستی هده‌پچڕێنێت و بەشداری رێزه‌کانی گه‌ریلا دەبێت.

"خواکورک قۆناخی ناسینی بیری ئازادی رێبەر ئاپۆ و چۆنیەتی ئاواکردنی کەسایەتییەکی ئاپۆیی"

هەرێمی خواکورک، کە وەکوو بەهەشتی کوردستان "کوری خوداوەند" پێناسە دەکرێت، لەوێ هەنگاوی یەکەم بەرەو شۆڕش هەڵدێنێت، چەک لە شان دەنێت و وانه‌ی سه‌ره‌تایی ده‌بینێت. بە هاتنی بۆ شاخەکانی کوردستان زۆر زوو لە ناو دڵی هەڤاڵانی‌دا جێگەی خوی دەکاتەوە. خواکورک دەبێت بە ئەزمونی یەکەمی گەریلایەتی و جێگەیەک بۆ باشتر ناسینی بیری ئازادیی رێبەر ئاپۆ و چۆنیەتیی ئاواکردنی کەسایەتییەکی ئاپۆیی. وه‌ک گه‌ریلاییەکی ئازا بەشداری خه‌باتی شۆڕشگێڕی دەبێت و ئه‌رکه‌کانی به سه‌رکه‌وتووانه راده‌په‌ڕێنێت.

" بۆ پاراستنی رۆژئاوای کوردستان خۆی ئەرکدار دەبینێت"

  بۆ پاراستنی گه‌له‌که‌ی له روژئاوای  وڵات و به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی داعش، روو لەو بەشەی وڵات ده‌کات. هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر گەلەکەی قبووڵ ناکات و خوی بۆ پاراستنی رۆژئاوای کوردستان ئەرکدار دەبینێت. تونیبوون و برسێتی رێگر نابێت له بوێری و ئیراده‌ی هه‌ڤال روبار. له زۆربەی شەڕەکان‌دا بەشداری دەکات و ڕۆلێکی مه‌زنی له تێکچونی داعش دا ‌گێڕا. لەم بەرخۆدانە شکۆمەندەی رۆژئاوای کوردستان دا ئەزمونێکی زۆر باشی شەڕ بە دەست دەهێنێت.

"بەردوام چاوی لە بەرزاییەکانە"

ئەو بەردوام چاوی لە بەرزاییەکانە و هەمیشە تاسەی گەڕانەوە بۆ چیاکانی کوردستان بووە. له دوای تێکشکاندنی داعش دیسانه‌وه روو له چیا سه‌رکێشه‌کانی نیشتمان ده‌کات و ئەمجارە لە هەرکات ئامادەتر تێپەری هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا وەک ئاڤاشین و زاپ دەبێت. ئەم هەر دوو ناوچەیە لە تێکۆشانی ئازادی لە بەرامبەر داگیرکاری دەولەتی تورکیا دا خاوەن پێگەیەکی مێژوویین. ئەویش بە ئەم مەبەستە و بە داواکاری خۆی لەم هەرێمانەدا دەمێنێتەوە. سەرەتا لە هەرێمی ئاڤاشین به گه‌لێک ئه‌رک و به‌رپرسیاره‌تی هه‌ڵده‌ستێت و وه‌ک گه‌ریلایەکی زانا و دانا بەشداریی خه‌بات ده‌بێت. دوای پێکهێنانی ئەرکەکانی له سالی ۲۰۲۱دا بەرەو زاپ دەڤەری بەرخۆدێری و جوانمێری بەرێ دەکەوێت.

"زاپ ده‌ڤه‌رێک که پاڵپشتی کوردانە و گۆرستانێک بۆ فاشیستانە "

زاپ هەوێنی به‌رخۆدان و سه‌رفیرازی، لانکەی سه‌ربه‌رزی و نه‌به‌زی. ده‌ڤه‌رێک، که پاڵپشتی کوردانە و گۆرستانێکە بۆ فاشیستەکان. زاپ ده‌ڤە‌رێکە، که جوانی، رازاوه‌یی، ئه‌سته‌می و هه‌وراز و نشێویی به خۆییەوە گرتووه. ده‌ڤه‌رێک، که ره‌سمێک له مێرخاسی، عه‌گیدی و سه‌رهه‌ڵدێری نه‌خشاندوه. ناوچەیەکە، کە مێژوویێکی پر ڵە شەڕ و خۆڕاگری هەیە. لە تەواوی هێرشە سەربازییەکانی دەولەتی تورکیا ئەم هەرێمە بۆتە رێگر لە بەرامبەر داگیرکاری و تێکشکانی ئەرتەشی تورک. بۆتە ترس لە دڵی داگیرکەران. میرخاسەکەی باژاڕی خۆی له ئه‌م ده‌ڤەرە وه‌ک فه‌رمانده‌یکی ئازا و ئازاد به‌ره‌نگاری داگیرکه‌ران ده‌بێت.

"ساڵی ٢٠٢٢ زاپ بوو به شاهیدی خۆڕاگریکی مه‌زن"

ساڵی ٢٠٢٢ زاپ بوو به شاهیدی خۆڕاگرییەکی مه‌زن. شه‌ڕ و تێکۆشانێک که هاوتای له مێژوودا نه‌بووه. ئه‌رته‌شی داگیرکه‌ری تورکیا به هه‌موو هێز و توانایی و ته‌کنیکه‌وه لە بەهاری ٢٠٢٢دا لە ١٤ی نیساندا ده‌ستی به هێرش و جموجوڵی داگیرکه‌ری له زاپ دا کرد. گه‌ریلاکان به ئیرادەوە، بە تاکتیکی سەردەمیانە و به هێز وەرگرتن لە رامانی رێبه‌ر ئاپۆ به‌ره‌نگاری نه‌یارانی نیشتمانی دایک بوونەوە. سەرەتای ئەم هێرشانە بەرخۆدانی گەریلاکان و رۆحی فیدایی و ئاپۆیی سەلماندی، کە جارێکی دیکە داگیرکاری ناچاری تێکشکانە. لە سەرتاسەری هەرێمی زاپ، هەر شوێنێک کە گەریلای لێبوو بوو بە شوێنی چالاکی و گۆرستان بۆ داگیرکەران.

"روبار و هاورێیانی زاپ ده‌کەنە دۆزه‌خێک بو گورگه چاو خوێناویه‌کانی عوسمانی"

هه‌ڤاڵ روبار وه‌ک فه‌رمانده‌یەکی لێهاتوو، خاوه‌ن ئەزموون، ژیر و به توانا ئه‌رک له ئه‌ستۆ ده‌گرێت و پێشەنگایەتی بۆ ئەم هەڵمەتانە دەکات. روبار کارکه‌ر وه‌ک روبارێک له قەڵای شکەفتا بریندارا و دواتر لە شەڕی تیمه‌ گەرۆکەکان‌دا پێش لە فاشیتەکان دەگرێت و گوڕزی کوشه‌نده له له‌شکه‌ره پێ خاوسه‌کانی تورک ده‌دەت. بەردەوام له تونێلە‌کانی شەڕی شکەفتا بریندارا ره‌نج ده‌دات و خۆڕاگری ده‌کات. روبار و هاورێیانی وه‌کو گه‌ریلای سه‌رده‌م و پسپۆڕ لە شەڕدا، به تاکتیک و رێبازی سه‌رده‌مییانه بست به بستی زاپ ده‌کەنە دۆزه‌خێک بو گورگه چاو خوێناویه‌کانی عوسمانی. داگیرکه‌ری تورکیا، که شاهیدی به‌رخۆدانی بی‌وێنه‌ی روبار و هاورێیانی لە ئەشکەوتی بریندارا دەبێت، روو له کرداری دژه‌ مرۆڤی ده‌کات و به چه‌کی کیمیایی و قه‌ده‌خه‌کراو هێرشی گه‌ریلاکانی ئازادی کوردستان ده‌کات. دیسانه‌وه‌ش گه‌ریلا بێوچان شەڕ دەکات و ده‌سته‌وه‌ستان نامێنێت. فیدایی بوون بۆ روبار و هاورێیانی ببو به وانه‌ی ژیان و ئازادی.

"له ئێواره‌یک که خۆر شەرمنانه خوی له پشت چیاکان ده‌شارده‌وه روبار کارکەر بەشداری کاروانی نه‌مرانی کوردستان دەبێت"

له ئه‌نجامی به کارهێنانی چه‌کی کیمیایی به شێوه‌یکی نامه‌ردانه له لایه‌ن دەوڵەتی داگیرکه‌ری تورکیا ؛ موحه‌ممه‌د دودکان میلان به نازناو روبار کارکه‌ر لەگەڵ هاورێیانی له ئێواره‌یەک، که خۆر شەرمنانه خوی له پشت چیاکان ده‌شارده‌وه بەشداری کاروانی نه‌مرانی کوردستان دەبێت. روبار کارکەر له دوای شه‌هید بوونی خه‌رمانێک له ئه‌زموون و سه‌رپێهاتی شۆڕشگێڕیی کوردستان به جێهێشت. روبار بوو به شۆڕشگێڕ و فه‌رمانده‌یەک، که یادی له یادی هاوڕێیانی و گەلەکەی له بیرناکرێت و رێبازی دەبێت به رێبازی سه‌رکه‌وتن و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان.

ژ.ت