میتینگی ژن لە سلۆپی: ئێمە ناترسین و داوای لێپێچینەوە دەکەین
هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز، چیدەم کلچگون ئوچار لە میتینگی ژن لە سلۆپی گوتی: «سیاسەتی ژن پەرە پێدەدەین لەبەرامبەر سیاسەتی نێرسالاری تاکەکەس، ئێمەی ژن ناترسین و داوای لێپێچینەوە دەکەین».
هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز، چیدەم کلچگون ئوچار لە میتینگی ژن لە سلۆپی گوتی: «سیاسەتی ژن پەرە پێدەدەین لەبەرامبەر سیاسەتی نێرسالاری تاکەکەس، ئێمەی ژن ناترسین و داوای لێپێچینەوە دەکەین».
هەریەک لە تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) و مەجلیسی ژنانی پارتی چەپی سەوز لە شارۆچکەی سلۆپی لە شەرناخ میتینگی ژنانیان ڕێکخست، هەریەک لە هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز، چیدەم کلچگون ئوچار، هاووتەبێژی مەجلیسی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)، عائیشە ئەچار باشاران بەشداربوون، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی هەڵبژاردن لە گۆڕەپانی نەورۆز، بە درووشمی «دیسان ژن، دیسان ژیان».
هەروەها پەرلەمانتاری هەدەپە لە شەرناخ نوران ئیمیر، پارتی مرۆڤ و ئازادی، مەجلیسی دایکانی ئاشتی، MEBYA-DER، کۆمەڵەی زمان و کەلتووری بیرچا بەلەک، سەدان کەسی تر بەشداری میتینگەکە بوون. هاوکات گرووپی Jin ma و کاراداش تورکولەر بەشداربوون.
گۆڕەپانەکە بە ئاڵای پارتی چەپی سەوز ڕازێنرایەوە، لەگەڵ هەڵواسینی درووشمەکانی «دایکانی بۆتان بە هەلهەلە ستەمکاران دەڕوخێنن» و «بە گیانی سێڤی و پاکیزە و فاتیمە، ڕژێمی حوکم دەگۆڕین».
ژنان بە جلوبەرگی میللیی و درووشمی «ژن، ژیان، ئازادی»، پاش تێپەڕینی بەربەستەکانی پۆلیس گەیشتنە گۆرەپانەکە. ژنان چەندین جار درووشمی «بژی سەرۆک ئاپۆ» و «بژی بەرخۆدانی زیندان» و «شەهید نامرن» و «ئەردۆگان دەستهەڵگرە» دووبارە کردەوە. ئامادەبوونی کچانی لاو لە میتینگەکە جێی سەرنج بوو.
سەرەتا کاندیدانی پارتی چەپی سەوز قسەیان کرد، نەورۆز ئۆسال ڕوونی کردەوە، ژنان تا بەدیهاتنی ئازادی دەستبەرداری تێکۆشان نابن، هەروەها گوتی: «ئەمڕۆ بە گیانی سێڤی و پاکیزە و فاتیمە کۆدەبینەوە. بەرخۆدانیان زیندووە. وەک بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان گوتی، ئەگەر ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگە ئازاد نابێت. بۆ ڕزگارکردنی ژنان، لە هەڵبژاردن دەنگ بە خۆتان بدەن».
وەک زریان دێینە گۆڕەپان
عائیشە گوڵ دۆگان ڕوونی کردەوە، ڕۆژی ١٤ ی ئایار تەنها ڕۆژی هەڵبژاردن نییە، گوتی:«مێژوو و بەها و شکۆمان یەکە. ئێمەی ژنانی بۆتان، پێویستە وەک تۆفان ڕووبکەینە هەڵبژاردن و خاوەندارێتی لە سندوقەکان بکەین. تا بەندکراوەکان ئازاد بکەین، ئاوارەکردنی زۆرەملێ هەڵوەشێنینەوە، خاوەندارێتی لە شوناس و بوونی خۆمان بکەین، وەک تۆفان ڕوودەکەینە سندوقەکانی دەنگدان».
پەرلەمانتاری هەدەپە لە شەرناخ نوران ئیمیر جەختی کردەوە لەوەی داواکاری ئەم هەڵبژاردنە بریتییە لە لێپێچینەوە، داوای کرد هەمووان خاوەندارێتی لە دەنگەکانیان بکەن.
یەکێتی
ڕۆمیسا گوڵمەز لە پارتی مرۆڤ و ئازادی باسی لە ڕێککەوتنی گەلان کرد و گوتی: «ساڵانێکی زۆرە گەلی کورد ڕووبەڕووی ستەم دەبێتەوە. دەبێت ئێمەی کورد دژی ستەم یەکبگرین و باوەڕ و جیاوازییەکانمان وەلابنێین و بە یەکێتی سەربکەوین».
عائیشە ئەچار باشاران جەختی کردەوە لە گرنگی پاراستنی دەسکەوتەکان و گوتی: «ژنان بەردەوام بەئامانج دەگیرێن. سیستەمی هاوسەرۆکایەتی بەئامانج گیرا. هەڤاڵە سیاسییەکانمانیان بەئامانج گرت. لە سلۆپی هەریەک لە سێڤی و پاکیزە و فاتیمەیان کردە ئامانج و کوشتارێکی دڕندانەیان ئەنجامدا. تەرمی دایە تایبەت بۆ چەندین ڕۆژ لە شەقام مایەوە. سەدان ژنە سیاسەتمەداریان بەندکرد. هەموو ئەمانە، چونکە ویستیان ئازادی ژنان و کۆمەڵگە لە سیستەمی نێرسالار بپارێزن. سڵاو لە هەموو ژنە سیاسەتمەدارەکان دەکەین. ئەوان لە ٢٠١٥ ەوە دەسکەوتەکانمان دەکەنە ئامانج. سیاسەتێکی قێزەون دژی بۆتان بەڕێوە دەبەن، بەڵام گەلی بۆتان بەرامبەریان وەستان. لەم هەڵبژاردنە دەسکەوتەکانمان دەپارێزین و دووبارە ڕێککەوتنی ئەستەنبوڵ زیندوو دەکەینەوە».
سیاسەتی ژنان
لەکۆتاییدا چیدەم کلچگون ئوچار قسەی کرد و جەختی کردەوە لە بایەخی پاراستنی دەسکەوتەکان و گوتی: «بە سیاسەتەکەمان بەرامبەر سیاسەتی تاکەکەس سەردەکەوین. ئەو هاوسەرۆکایەتییەی بە تێکۆشانێکی مەزن دەسکەوت، هێشتا دەکرێتە ئامانج. ئێمە دەنگمان بەرزکردەوە بەرامبەر فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە، ئێمە خاوەندارێتیمان لە تێکۆشانی ژن کرد. ژنان بە دەنگ و ڕەنگی خۆیان گۆڕەپانەکان پڕدەکەن. لەم گۆڕەپانانە درووشمی «ئێمە ژن ناترسین و داوای لێپێچینەوە دەکەین» بەرزدەکەنەوە. ژنان بەرامبەر یاساکانی چەوساندنەوەی مناڵ و هەڵوەشانەوەی ڕێککەوتنی ئەستەنبوڵ دەوەستنەوە».
گۆشەگیریی هەڵدەوەشێنینەوە
ئوچار ئاماژەی کرد بە گۆشەگیریی توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی: «لە کەسێتی ئیمراڵییدا گۆشەگیرییەک سەپێنراوە بەسەر هەموو لایەنە جڤاکییەکان. ئەگەر ئەم گۆشەگیرییە هەڵنەگیرێت، چارەسەرێک نییە و ئاشتی لە وڵاتەکە نایەتە دی. ژنان ئەم گۆشەگیرییە هەڵدەوەشێننەوە کە ڕێگرە لەپێش ئاشتی و دیموکراسی».
وەزارەتی ژنان
لەکۆتایی قسەکانی ئوچار گوتی: «وەزارەتێک بۆ ژنان دادەمەزرێنین بۆ بەگژاچوونەوەی کوشتنی ژنان و توندوتیژی و بەڕێوەبردنی دەسکەوتەکانمان. دادگای ژنان دادەمەزرێنین بۆ تۆڵەکردنەوە لە دادی نێرسالارانە و هەڵاتن لە سزا. ڕۆژی ٨ ی ئادار دەکەینە پشووی فەرمی.
ئامانجی هاوشێوەمان زۆرە بۆ بەدیهاتن و سەردەکەوین».
پاش گوتەکان، گرووپی jin ma و کارداش تورکولەر گۆرانیان پێشکەش کرد.
ف.ق