ناسنامەی سێ شەهیدەکەی پێنجوێن، پەتی درۆی پەدەکەی پساندەوە

لەگەڵ هەموو هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر پەدەکە بە دەزگا هەواڵگری و میدیاکانیەوە، بەر لە میت و بەئامانجی رەوایەتیدان بەو هێرشانە، کەسە بەئامانجگیراوەکان وەک ئەندام و بەرپرسی پەکەکە رادەگەیەنن.

لە نوێترین پەلاماری فرۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە نزیک پێنجوێن ئۆتۆمبێلێک بە سێ سەرنشینەوە کرایە ئامانج، وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی دەزگای بە ناو "دژەتیرۆر"ی پەدەکە پێش میت و میدیاکانی شەڕی تایبەتی دەوڵەتی تورک کەوت و سەرنشینەکانی وەک ئەندام و بەرپرسی پەکەکە ناساند و بەدوایدا میدیا فەرمی و سێبەرەکانی پەدەکە هەواڵەکەیان بڵاوکردەوە.

ئەمرۆ و کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر دوای ئەو پەلامارەی دەوڵەتی تورک دەرکەوت کە سەرنشینەکانی ئۆتۆمبێلەکە سێ هاووڵاتی مەدەنی خەڵکی موسڵن کە دانیشتووی دهۆک بوون.

ناسنامەی ئەو سێ شەهیدە بەم جۆرەیە:

حەسەن ئەحمەد كەشمولە، کارمەندی ئاسیاسێڵ

زیاد مستەفا خدر

ریام زیاد مستەفا، لە دایکبووی ٢٠٠٦

بەپێی زانیارییەکان کچێکی حەسەن ئەحمەد کەشمولە خوێنکاری بەشی پزیشکی بووە لە زانکۆی سنە و بۆیە لە گەڵ هاوڕێکەی بەناوی زیاد و کچی هاوڕێکەی بەمەبەستی هێنانەوەی کچەکەی لە دەروازەی باشماخ سەردانی ئەو ناوچەیان کردبوو.

هەوڵە بەردەوامەکانی دامودەزگا هەواڵگری و میدیاییەکانی پەدەکە بە ئامانجی شاردنەوەی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک و رەوایەتیدان بەو تاوان و دەستدرێژیانە، ئەمجارەیان لە ماوەیەکی کورتدا بەئاشکرابوونی درۆکەی بووە مایەی ئابڕوچوونێکی دیکە بۆ ئەو حزبە و دەرکەوتنی رووخساری راستەقینەی.

سەرەڕای ئاشکرابوونی ناسنامەی شەهیدەکانی ئەو هێرشەی دەوڵەتی تورک، تائێستا وەک هەموو هێرشەکانی دیکەی ئەو دەوڵەتە کە تیایدا هاووڵاتیانی مەدەنی هەرێم کراونەتە ئامانج، دامودەزگا فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان بێدەنگ و بێ هەڵوێستن و هیچ کاردانەوە و ناڕەزایەتیەکیان دەرنەبڕیوە.

 هـ . ب