ناڕەزایەتیەکان لە دژی کۆمەڵکوژیەکەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەردەوامن
ناڕەزایەتی لە دژی کۆمەڵکوژی رۆژنامەنووسان لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە بەردەوامن و رێکخراو و دامودەزگا و کەسایەتیەکان لە رێگەی پەیامەکانیانەوە دەوڵەتی تورکی داگیرکەریان شەرمەزار کرد.
ناڕەزایەتی لە دژی کۆمەڵکوژی رۆژنامەنووسان لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە بەردەوامن و رێکخراو و دامودەزگا و کەسایەتیەکان لە رێگەی پەیامەکانیانەوە دەوڵەتی تورکی داگیرکەریان شەرمەزار کرد.
دەوڵەتی تورکی داگیرکەر رۆژی هەینی لە ناوچەی سەیدسادقی سلێمانی باشوری کوردستان ئۆتۆمبێلێکی رۆژنامەوانانی کوردی بۆردومان کرد. لە هێرشەکەدا گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین شەهیدبوون و شەش رۆژنامەوان کە یەکێکیان رێبین بەکر بەپرسی سۆسیال میدیای کۆمپانیای چەترە برینداربوون.
ئەو کۆمەڵکوژیە لەسەر رێکخراو و حزب و کەسایەتیەکان کاردانەیوەی زۆری لێکەوتەوە، بەشێک لەم کاردانەوانە بەم جۆرەن:
پەیامنێرانی بێسنوور: دەبێت لێپێچینەوە لە دەوڵەتی تورکیا بکرێت
ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور وێڕای ئیدانەکردنی ئەو کردەیە، داوا دەکات، لێپرسینەوە لە دەسەڵاتدارانی تورکیا بکرێت و دەسەڵاتدارانی هەرێمیش ڕوونکردنەوەی تەواو لەبارەی ئەو تاوانەوە بدەن کە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانی کورد کراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی پەیامنێرانی بێسنووردا هاتووە، دوای کەمتر لە دوو ڕۆژ لە بڵاوکردنەوەی هۆشدارییەکەی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور دەربارەی زیادبوونی توندوتیژییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لە هەرێم، لە هێرشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەواندا، دوو ڕۆژنامەنووسی دیکە کوژران و یەکێکی دیکەش بە سەختی برینداربوو، کە هەر سێکییان کارمەندی کەناڵی ستێرک تیڤی سەر بە کۆمپانیای بەرهەمهێنانی میدیای کوردی چەترن.
ئاماژە بەوە کراوە، کوژرانی سێ ڕۆژنامەنووس لە ماوەی دوو مانگدا، هەرێمی کوردستان دەکاتە یەکێک لە ناوچە هەرە مەترسیدارەکانی جیهان بۆ ڕۆژنامەنووسان.
لەگەڵ ئیدانەکردنی بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و شەهیدکردنی هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکات، ڕوونکردنەوەی تەواو لەبارەی ئەو تاوانەوە بدەن و ڕاستییەکان دەربخەن.
پەیامنێرانی بێسنوور جەختدەکاتەوە لەوەی دەبێت دەسەڵاتدارانی تورکیا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و پێویستە ڕۆژنامەنووسانی کورد پارێزراو بن.
هاوکات داوای بەدیهێنانی دادپەروەریی بۆ مافى هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا دەکات.
هاوپەیمانی ژنانی رۆژنامەنووس: گوڵستان و هێرۆ لە پێناو بەرگریی لە راستییەکان ژیانیان لەدەستداوە
هاوپەیمانی ژنانی ڕاگەیاندنکار”CFWIJ”، لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە بڵاوکردەوە.
لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەکەدا هاوپەیمانی ژنانی ڕاگەیاندنکار”CFWIJ”، نیگەرانی خۆی بۆ لەدەستدانی هەردوو ژنە ڕاگەیاندنکار هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا دەربڕی و جەختی کردووەتەوە، ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە کوژراون، چونکە بەرگری لە ڕاستییەکان دەکەن.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: “ئەو هێرشە کردەوەیەکی ترسنۆکانە و توندوتیژییە. ئێمە لە CFWIJ پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و هاوکارانی ڕۆژنامەنووسە کوژراوەکان دەکەین. پێویستە سووپای تورکیا واز لە بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان بهێنێت. داوا دەکەین بەزووترین کات دادپەروەریی بەدیبێت هەموو ئەوانەی بەرپرسیارن لە هێرشەکە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
کۆنگرەی ستار: هیچ شتێک ناتوانێت لەمپەر لەبەردەم تێکۆشانمان ساز بکات
ئەنجومەنی کۆنگرەی ستار لە رێگەی بەیاننامەیەکەوە هێرشەکەی شەرمەزار کردووە و رایگەیاندوە، "ئێمە ئەم هێرشەی دەوڵەتی تورکی فاشیست و پەدەکەی هاوکاری شەرمەزار دەکەین. لە کەسایەتی شەهید گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادیندا سەرجەم شەهیدانی کوردستان بە بیردەهێنینەوە و هیوای زووچاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین".
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هیچ شتێک ناتوانێت لەمپەر لەبەردەم تێکۆشانمان ساز بکات، بێدەنگی رێگە لەبەردەم کۆمەڵکوژی دیکە دەکاتەوە، هەربۆیە دەبێت زیاتر لە هەموو کات گوڕ بە تێکۆشان بدەین".
یەنەکە: ژیانی کەسانی مەدەنی دەکرێتە ئامانج؛ بێدەنگی مایەی قەبوڵکردن نییە
فراکسیۆنی یەنەکە لە پەرلەمانی عێراق وێڕای ئیدانەکردنی هێرشەکە رایگەیاند، هێرشی بەو جۆرە ناڕەوان و لە دژی یاسا و رێسا نێونەتەوەییەکانن، هەروەها پێشێلکردنی سەروەری خاک و ئاسمانی عێراقە.
بۆیە داوا لە حکومەتی فیدڕاڵ دەکەین لە بەرامبەر پێشێلکردنی رۆژانەی خاک و ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان بێدەنگی بشکێنن، چونکە مەترسییەکی گەورە لە سەر ژیانی مەدەنیەکان هەیە".
بەرەی گەل: بەهاوکاری دەستی ناوخۆیی دەکرێت!
بەرەی گەل رایگەیاندووە: "بەرپرسیارێتی پاراستنی ژیان و سەلامەتی و سەروەری خاکی عێراق و هاوڵاتییەکانی لە ئەستۆی دەوڵەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی هەريمی کوردستانە، بەداخەوە هەردوولایان لەلوتکەی بێباکی و بێخەمی دان بەرامبەر ژیان و سەلامەتی و خوێنی هاوڵاتیانی کوردستان".
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ئەوەی ڕوودەدات و هەر ڕۆژە و درۆنێک مرۆڤێکی سڤیل و بێ گوناهی ئێمە دەکاتە ئامانج بە هاوکاری دەستی ناوخۆییە و ئەجێندای سیاسییە، دووبارەبوونەوەی بەردەوامی ئەو خەرق و پێشێلکارییە ئەمنییانە شکستیی حکومڕانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە و وای کردووە هیچ تاکێک هەست بە سەلامەتی و ئاسایشی ژیانی خۆی نەکات.
ئەجێندا دەرەکییەکان، کلکایەتی و دابەشبونە حزبی و شەخسیەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم هەموو سنورێکی بەزاندوە و دەبێت ئەو بێ باکیی و ئەجێندا مەترسیدارانە بەرامبەر ژیانی هاوڵاتیانمان کۆتایی پێبهێنرێت".
بەرەی گەل سەرەخۆشی لە کەسوکاری ڕۆژنامەنووسە شەهیدەکان دەکات و راشیدەگەیەنێت: "ژیان و سەلامەتی هاوڵاتیان هێڵی سورە و دەبێ ئەو بە ئامانجگرتن و تیرۆر و تۆقاندنە سنوری بۆ دابنرێ نەک هاوئاوازی لەگەڵدا بکرێت".
کەنەکە: لە دژی فاشیزم و داگیرکەری تێکۆشانی حەقیقەت بەردەوامە
کەنەکە رایگەیاند: "دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کە بەردەوام لە دژی خەڵکی کوردستان و شۆڕش و دەستکەوتەکانی هەموو شێوازەکانی شەڕ و سەرکوتکردنی بەکارهێناوە، بەڵام نەیتوانیوە ورەی خەڵک و بەرخۆدانی قارەمانانەی گەلی کوردستان بشکێنێت. پیلان و هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی پووچەڵ کرانەوە و بە ئەنجام نەگەیشتوون. ئەم هێرشەش بۆ سەر رۆژنامەوانان و دەنگی ئازادی خەڵکی کوردستان ئەگەرچی قوربانی گەورەی لێکەوتۆتەوە بەڵام دیسان بێئەنجام ئەمێنێتەوە. رۆژنامەوانانی بوێر و راستگۆ هەمیشە دەنگی راستەقینەی خەلك و مافە رەواکانیان بوون. هەمیشە راستییەکانی داگیرکاری و سەرکوتکردن و ناڕەوایەتییان ئاشکرا کردووە، هەربۆیە شتێکی سەیر نییە کە دەوڵەتێکی داگیرکار و دیکتاتۆرێکی سەردەم لە قەڵەم و کامێرای رۆژنامەان بترسێت".
کەنەکە سەرەخۆشی لە کەسوکار و هاوخەباتەکانی شەهیدان دەکات و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێت، دەڵێت: "بە توندی ئەو تاوانە ترسنۆکانەی دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی ئەردۆغان-باخچەلی شەرمەزار و ریسوا دەکەین. بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە ناهێڵین چرای دەستی ئەو رۆژنامەوانانە بکوژێتەوە. درێژە بە تێکۆشانیان لە پێناو ئاشکراکردنی راستینەی فاشیزم و داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا دەدەین."
ئەدهەم بارزانی: شەهیدکردنی دوو ژنە رۆژنامەنووس تاوانێکی نێونەتەوەییە
ئەدهەم بارزانى کەسایەتى سیاسی باشووری کوردستان لەسەر هێرشەکەى دوێنێی سنووری شارۆچکەی سەیدسادق کە دوو ژنە ڕۆژنامەنووس کرانە ئامانج و رۆژنامەنووسێکی دیکەش بریندار بوو ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەدهەم بارزانى دەڵێت: لە کاتێدا ڕۆژانە دەبینین وڵاتمان بە بەردەوامی بۆردوومان دەکرێت و خاکمان داگیردەکرێت، بەوەشەوە نەوەستان ڕۆڵەی بێ چەک و قەڵەم بەدەستی نیشتیمان بە شێوەیەکی دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی شەهید دەکەن.
وتیشی: شەھید کردنی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە دەبێتە تاوانێکی نێودەوڵەتی پاساو هەڵنەگر، دژی هەموو جۆرە یاسا و نەریتێکی نێودەوڵەتی و پێشێلکردنی مافی هاوڵاتییان و ڕۆژنامەنووسان لە باشووری کوردستان.
"دەوڵەتی تورک مەترسی و هەڕەشەیەکی گەورەیە"
ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەنەکە لە سەر هەژماری خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ناڕەزایەتی بەرامبەر بە کۆمەڵکوژی و تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسان نیشاندا و رایگەیاند: دەوڵەتی تورک هەڕەشە و مەترسیەکی گەورەیە لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان".
"دژە تیرۆری پەدەکە خراوەتە خزمەت دەوڵەتی تورکەوە"
ڕۆژنامەنوس نیاز عەبدوڵا، لە بارەى شەهیدکردنى دوو ڕۆژنامەنووس لەلایەن دەوڵەتى داگیرکەرى تورک لە سنوورى سەیدساق لە فەیسبوکى نوسیویەتی: "تیرۆركردنی هەردوو رۆژنامەنووس گوڵستان تارا هێرۆ بەهائەدین لەلایەن دەوڵەتی توركیا لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان، شكست و ئاستی بێ توانایی ئەنجوومونی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و دەزگا ئەمنییەكان دەردەخات لە پاراستنی رۆژنامەنووسان و خەڵكی هەرێمی كوردستان لە مەترسی و دەستتێوەردان و داگیركاری توركیا.
دەشڵیت، هێرشەکە ئاستی مەترسی بەهێزی دەوڵەتی توركیا لەناو دەزگای دژە تیرۆری كوردستان دەردەخات، كە چۆن ئەو دەزگایە خراوەتە خزمەت دەوڵەتی توركیا و لەبری پاراستن و بەرگریكردن لە هاوڵاتییەكانی پاساو بۆ تیرۆركردنی دوو ژنە رۆژنامەنووس دەهێنێتەوە، لە كاتێكدا ئەو رۆژنامەنووسانە لە جێبەجێكردنی ئەركی كاری رۆژنامەوانیاندابوون.