نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان بەبێ ڕەچاوکردنی پرۆتۆکۆل کۆبونەوە

دوای سەردانێکی لە ناکاوی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و بڵاوکردنەوەی وێنەی کۆبونەوەکە سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم راگه‌یه‌ندراوێكی‌ له‌بارەی كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ نێچیرڤان بارزانی و ئه‌ردۆغان بڵاوكرده‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی بە سەردانیکی پێشتر ڕانەگەیەندراو گەیشتە تورکیا و لە کۆشکی بێشتەپە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورک بەبێ ڕەچاوکردنی پڕۆتۆکۆل و دانانی هیچ ئاڵایەکی هەرێمی کوردستان و عێراق کۆبونەوە.

دوای ئەوەی کۆشکی ئەردۆغان لە تۆری کۆمەڵایەتی تویتەر وێنەی کۆبونەوەکەی بڵاوکردەوە سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویکردەوە “په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا، دۆخی ‏سیاسیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی دوای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی ‏نوێی حكومه‌تی فیدراڵیی عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆی ‏چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان و ده‌رفه‌ته‌كانی هاریكاریی عێراق و هه‌رێمی ‏كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا له‌ بواری وزه‌دا، تاوتوێ كران”.‏

سەرۆکایەتی هەرێم بەبێ ئەوەی باس لە وردەکاریەکانی کۆبونەوەکە بکات وتویەتی: هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ خواستی دوولایه‌نه‌ بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی ‏كوردستان و توركیا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرده‌وه.

ئاماژەی بەوەشکردووە باسیان لەوەکردووە: بە سوودوه‌رگرتن له‌و‌ ده‌رفه‌تانه‌ی بۆ فراوانكردنی هاریكاریی هاوبه‌شی ‏عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا له‌ بواری وزه‌دا هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌ كه‌ ‏ده‌كرێت ڕۆڵی كارای هه‌بێت له‌ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشایی و پێویستییه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ ‏جیهان و به‌تایبه‌تی له‌ ئه‌ورووپا له‌ بواری وزه‌ و غازی سروشتیدا دروست بووه.