نوام چۆمسکی لە پەیامەکەیدا بۆ نەورۆز: تێکۆشانی گەلی کورد ئیلهامبەخشە

نوام چۆمسکیی فەیلەسوف پەیامێکی بۆ نەورۆزی شاری وانی باکووری نارد و وتی: "گەلی کورد قارەمانانە بۆ ئازادی و دادپەروەری تێکۆشاوە و تێکۆشانی گەلی کورد تێکۆشانێکی ئیلهامبەخشە".

نوام چۆمسکیی فەیلەسوف پەیامێکی بۆ نەورۆزی شاری وانی باکووری نارد و وتی: "گەلی کورد قارەمانانە بۆ ئازادی و دادپەروەری تێکۆشاوە و تێکۆشانی گەلی کورد تێکۆشانێکی ئیلهامبەخشە".

زمانناس، مێژووناس، فەیلەسووف و دۆستی گەلی کورد نوام چۆمسکی پەیامێکی ڤیدیۆیی بۆ نەورۆزی وان لە باکووری کوردستان نارد. چۆمسکی لە پەیامەکەیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە گەلی کورد قارەمانانە بۆ ئازادی و دادپەروەری تێکۆشاوە و ڕایگەیاند، تێکۆشانی گەلی کورد ئیلهامبەخشە.

پەیامەکەی چۆمسکی بۆ نەورۆزی وان:

"گەلی کورد بۆ ئازادی و دادپەروەری وەک پاڵەوانەکان و قارەمانانە تێکۆشاوە. تووشی گوشار، سەختی، زۆرداری و توندوتیژییەکی زۆر بووەتەوە، بەڵام سەرکەوتن. وەک تێکۆشانەکەیان سەرکەوتنەکەشیان لە دژی ئەو زۆرداری و سەختیانەش ئیلهامبەخشە. لەم خەباتەدا بۆ من شانازییە، کە تۆزێک بەشداری لەو هەوڵە نائاساییە شازەدا بکەم. من لەم نزیکانەدا لە زانکۆی ڕۆژئاوا وتەیەکم پێشکەشکرد. چەند ساڵێک لەمەوپێش، ئەوەی بە خەیاڵدا نەدەهات روویدا. ئەمە نیشانی داین، کە ڕۆحی مرۆڤ تەنیا خەون نابینێت، بەڵکو سەریش دەکەوێت. ئەم خەبات و سەرکەوتنەی گەلی کورد بۆ ئێمە ئیلهامێک و وانەیەکە. بە دڵنیاییەوە بەردەوام دەبێت و لەوە کەمتر نابێت. نەورۆز پیرۆز بێت!".

نوام چۆمسکی باسیشی لەسەر گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و وتی: "گۆشەگیرییەکی توند و قورس لەسەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان هەیە. ئەو گۆشەگیرییە کاریگەریی لەسەر گەلی کورد هەیە و پێویستە ئەو گۆشەگیرییە تێکبشکێنرێت".

ژ.ت