نوێنەرانی شەنگالییەکان لەگەل بەرپرسانی عێراق کۆبوونەوە

دوای ڕێپێوانی هەزاران کەسی خەلکی شەنگال، شاندێک لە مەجلسی شەنگال و ڕێکخراوە مەدەنیەکانی شەنگال لەگەل بەرپرسانی عێراقی کۆبوونەوە.

بە هەزاران کەس لە خەلکی شەنگال لە گوندەکانەوە بەرەو ناوەندی شەنگال بەرێکەوتن و بەشداری ڕێپێوانەکە بوون. سەرەرای رێگری هێزە عێراقییەکان لە چەندین شوێندا نەتوانرا پیش لە ڕێپێوانەکە بگیردرێت.

ڕیش سپیی، سیاسەتمەدار و بەڕێوەبەرە هەرێمییەکان لە ڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندانەکە بوون.

لە ڕێپێوانەکەدا ڕێکەوتنی هەولێر-بەغداد-ئەنکەرا دژبە شەنگال ئیدانەکرا.

لە دوایین کاریدا، حکومەتی ناوەندیی عێراق هەڕەشەی لە  هێزەکانی پاراستنی شەنگال کردبوو کە دەبێت  لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لە شارەکە بڕۆنە دەرەوە. ئەنجوومەنی خۆسەریی دیموکراتیکی شەنگال رۆژی چوارشەممە لە دوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی، ئەو داوا و دوا مۆڵەتەى حکومەتی عێراقی رەتکردەوە و داوای خۆپیشاندانی جەماوەری کرد.

لە خۆپێشاندانی خەڵکی شەنگال لە دژی ڕێکەوتنی پەدەکە و بەغدا لە ناوەندنی شەنگال کە بە درووشمی “بژی بەرخۆدانی شەنگال – بژی بەرخۆدانی دایکان”، دەستی پێکردبوو، حەسۆ ئیبراهیم جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەری دیموکراتی شەنگال، لە سەر ناوی خۆپێشاندەران قسەیکرد دووپاتیکردەوە، کە ئەوان ڕێگە بە فەرمانێکی دیکە بەسەر ئێزدییەکاندا نادەن کە دەیانەوێت لە ژێر ناوی یاسا بەسەریاندا بێنن.

حەسۆ وتیشی: خەڵکی شەنگال بۆ پشتیوانی لە خۆبەڕێوبەری خۆی و ئاسایشی خۆی لەوێن و ئەگەر ساڵی ٢٠١٤ ئاسایشی ئێزدخان هەبوایە ئەوا فەرمانیان بەسەردا نەدەهات و دایک و خۆشکانیان نەدەبوونە قوربانی.

لە کۆتایی قسەکانیدا حەسۆ ئیبراهیم ڕایگەیاند، کە ئەوان داوا دەکەن بە گوێرەی دەستووری عێراق، هەرێمێکی نەناوەندی لە شەنگالدا هەبێت و خەڵکی ئێزدی خۆبەڕێوبەریی و مافی خۆپاراستنیان هەبێت.

پاشان لە دوای ڕێپێوانەکە شاندێکی پێکهاتوو لە نوێنەرانی ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەری دیموکراتی شەنگال، تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی، پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدییان و ڕیش سپی و گەورەی ئایینی ئێزدییەکان لەگەڵ بەرپرسانی عێراقیدا کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکە هەتاکوو ئێستا بەردەوامە و خەڵکیش لە پێش ناوەندنی ئاسایشی ئێزدخان، کۆبوونەوتەوە.

ک-ش